هەموو شتێک لە گەڵ مۆزەخانەی ئەندریە ماڕالۆکسی خەیاڵیدا دەستی پێکرد کاتێک هونەرەندی فۆتۆگرافەر جیۆرجیا فیۆریۆ بۆ یەکەمجار وێنەی ڕوخساری وارکای بینی. ئەم ماسکە(رووبەند) سەرەتا لە ساڵێ ١٩٣٩ لە دەزگایەکی شوێنەوارناسی لە ناوچەی ئوروک لە باشووری عێراقدا دۆزرایەوە، ئەم پەیکەری کەلـلە سەرە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣١٠٠ساڵ بەر لە زایین.

خاتونی وارکا لە مۆزەخانەی عێراق. وێنە: ئەیمەن ئەڵئەمیری / ڕێکخراوی روئیا.

ئەوەی کە هونەرمەند جیۆرجیا فیۆریۆ لە هەموو شتێک زیاتر توشی سەرسوڕمان و حەپەسان دەکات ئەوەیە کە چۆن ئەم پەیکەرە هێندە لە پەیکەرێکی مۆدێرن دەچێت، “وەکو بڕانکۆسی!” ئەو سور بوو لە سەر ئەوەی تێبگات کە چۆندەکرێت و دەتواندرێت، شتێکی هێندە دێرین وکۆن ئاوا مۆدێرن دەرکەوێت، ” ئەم ماسکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەر لەوەی بۆ یەکەم جار بە چاوی خۆم لە مۆزەخانەی بەغداد بیبینم منی خستبووە داوی بیرکردنەوەوە.” ئەم دەم و چاوە بە خاتونی وارکاش ناسراوە، ئەمە بە کۆنترین وێنەی زانراو و دۆزراوەی روخساری مرۆڤە دادەندرێت و بەئەگەرێکی زۆریشەوە پێدەچێت بەرجەستەکردنێکی خواوەند ئینانا بێت، کە خواوەندی سەردەمی سۆمەریەکانە بۆ خۆشەویستی، جەنگ، جوانی، سێکس و پیت وبەرەکەت. کاتێک کە جیۆرجیا فیۆریۆ سەرکەوت لە سەردانکردنی ئەم روخسارە ژنانەیە لە مۆزەخانەی عێراق لە شاری بەغداد، لە ماوەی دوو ساڵدا هەزاران وێنەی ئەم ڕوخسارەی گرت. ئەم نماییشەی بەردەست، هەروەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، بەرهەمی ئەم کارەی و هەماهەنگیەتی لە گەڵ بەشی شوێنەوارناسی زانکۆی کا’فۆسکاری لە شاری ڤینیسیا و زانکۆی سانت ئاننا لە پیزا.

دەرنجامی لێکۆڵینەوەکەی هونەرمەند جیۆرجیا بریتیە لە خولیای پڕۆژەیەکی فرە پسپۆریانە، کە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتە لە مانای ئاڵۆزی ڕەسەنایەتی و ئەسڵی مرۆڤ، و ئەوەی کە جیۆرجیا فیۆریۆ پێی دەڵێت رەهەندە دەلالەتیەکان، یان شوێنەوارناسی مانا،

” کەلـلە سەری ئەم خاتونە یەکێکە لە هەندێ لەم کەلـلە سەرانەی کە من پێم وایە، نیشانەیەکە بۆ بنەڕەت و ئەسڵ هەروەها گرینگترین کەس. ئەسڵ بریتیە لەم شتەی کە ئێمە وێنای بۆ دەکەین، و بۆ خۆی شوێنێک لە ناو خەیاڵی ئێوەدا داگیر دەکات. بۆچی کەلـلە سەرە ئەسڵی و نموونەییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت؟ لە بەرئەوەی ئەوان لە ناو خەیاڵی بینەردا تەواو و کامڵ دەبن. ئەو ژیانی خۆێ لە ناو خەیاڵی تۆدا دەخاتەوە. بەگوێرەی پێناسەکەشیەوە دیارە کە کوالیتیەکی دووبارە بووەوەی هەیە. ئەو بێسنورە.”

هونەرمەندد جیۆرجیا فیۆریۆ باس لە کارە هونەریەکەی خۆی دەکات بۆ سەردانیکەران لە مۆزەخانەی عێراق. وێنە: ئەیمەن ئەلەمیری / رێکخراوی روئیا.

تێگەیشتنی فیۆریۆ بۆ خاتونی وارکا پەیوەندی هەیە لە گەڵ کاتی دەرکەوتنی، واتە ٥٢ سەدە بەر لە ئێستا، لە ناوچەی ئوروک لە چرکەساتی سەر هەڵدانی یەکەمین قۆناخی یەکەمین ئاماژە بۆ دەزگاو دامەزراوە لە جیهانی کۆندا – بەسیستەماتیک کردنی کار کە دەگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵێک چاڵاکی کردەیی کە کۆمەڵگای مرۆیی لە دەوری یەک ناوەنددا کۆدەکاتەوە. ئەمە ئەو کاتەیە کە تایە داهێندرا، یەکەمین شۆڕشی کشتوکاڵی سەری هەڵدا، یەکەمین بانگەشە بۆ زمان ونووسینی مسماری کرا.

ئەم کارە هونەریەی کە نماییشکراوە لە مۆزەخانەی عێراقی بریتیە لە چەند بەشێک. ٣٦ وێنەی فۆتۆمەتریک هەن کە هەڵبژێردراون لە ژمارەیەکی زۆر گەورەتری وێنەی هەڵبژێردراو کە ٣٥٠٠وێنەن و فیۆریۆ لە ٣٦٠ پلەدا گرتونیەتی، بەمجۆرە تەواوی ڕووی ڕووبەندەکە دادەڕێژێت. هەروێنەیەک، پلەیەکی زۆر کەم واوەتر گیراوەو کەلـلەسەرکی جیاواز، گۆشەنیگایەکی جیاواز، وشتێکی جیاواز نیشاندەدات. هیچ وێنەیەکی جێگێر نییە.

فیۆریۆ لە بەکارهێنانی ئەم وێنانەدا، پێشنیاری ئامێرێکی ئەزموونی دەکات بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ شتی نەبینراودا، سەرفەرێک بۆ غەیب کە تیایدا بوون و وجودی شێوەی نەبینراوی خاتونەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو خەیاڵ و وێنای کەسی بینەرەوە. فیۆریۆ دەڵێت: ” من وێنە فۆتۆگرافیە کان بەکاردەهێنم بۆ نیشاندانی ئەوەی کە نایبینین، نەک بۆ نیشاندانی شتەکە خۆی. ئەمەش وەک تە‌حەددایەکی زۆر گەورە وئەستەمە بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ نەبیندراودا. لە دەرەنجامی کۆتایی دا بۆمن ئامێری وێنەگرتن چیتر خۆی نیە، بەڵکو ئەم ئامێرە تەنها ڕاگوزەرێکە لە بینراوەوە بۆ نەبینراو.

جیۆرجیا فیۆریۆ، وردەکاری ” خاتوونی وارکا و شوێنەوارناسی ماناکان” (٢٠١٧)، پێشانگایەکی هونەری دامەزراندن لە مۆزەخانەی عێراق، وێنە: ئەیمەن ئەلئەمیری/ رێکخراوی ڕوئیا،

فیۆریۆ جگە لەم وێنانەی کە لە پێشانگاکە نماییشی کردوون لە ژێر ناوی ئیکۆنادا، دوو بەشیتریشی هەن لە پێشانگاکەدا کە نێوەندگیری نێوان بینراو و نەبینراو تەواودەکەن. لە گۆشەیەکی جیاوازدا، کەلـلە سەری خاتونی وارکا لە سەر کۆڵەگەیەک نمایشکراوە کە تازە لە لایەن کافۆسکاریەوە دیزاین کراوە، و کۆمەڵێک وێنەی روخساری خاتونی وارکاش لە بەرامبەریدا دانراون، کە بەهیچ جۆرێک ناتواندرێت لە هەمان چوارچێوەوە سەیر بکرێن. ئەم حاڵەتەش بینەر ناچاردەکات بە ڕامان و بیرکردنەوە لە پیکەرەکە بەچاوی عەقڵ، لە نێوان وێنە و واقیعدا. ئەمەش پێی دەگوترێت نموونە.

دواهەمین بەش زیاتر ئاوێتەبوونێکی فیزیکیە لەگەڵ پەیکەری کەلـلە سەرەکەدا، لە میانی وردەکاری وێنەکاندا کە لە لایەن پێدرۆ دیلا فرانسیسکا پێشکەش کراوە، بریتیە لە تێزێکی بیرکاریانەی ورد لە بارەی تێڕوانینەوە. لە گۆشەنیگای نیگارەوە( De prospectiva pingendi ). فیۆریۆ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەو ئەم نیگارانەی بۆ ئەوە ویستوە تاکو بتوانێت بەهۆیانەوە مامەڵە لە گەڵ سێ بابەتی تابەت بە هەقیقەت بکات لە نێو جەستەی خودی پیکەرە داتاشراوەکەدا هەروەها پێوانە ناوەکیەکانی رەهەندەکانی قەبارەکە، و ئەو هۆکارە لۆژیکیانەش کە نیگارە هاوتەریبیەکان بەدەستەوەی دەدەن – بەدەرن لە- کاری هونەری وئاستە فیزیکیەکان، و هێلە کۆنتۆریەکانی نیگار.

فیۆریۆ لە وەسفی ئەم پڕۆژەیەدا دەڵێت ئەمە خاڵی سەرەتایە لە سەفەرێکی دوورو درێژ کە دەستم پێکردوە. سەرەڕای بەشداریکردن لە گەڵ میراتی کولتوری عێراقیەکان، دەیەوێت خاڵێک بە وڵات ببخشێت کە پەیوەندیدارە بە هێز و ئیمکانیەتی میراتی کولتوریەوە و زۆر گەورەترە لە هێزی نەوت، ئەمەش لە کۆمەڵگایەکدا کە دووچاری پچڕانی پەیوەندی بووە لە گەڵ شوناسە کولتوریەکەیدا. فیۆریۆ دەڵێت ” ئەگەر هونەرمەندان بتوانن کار لەسەر ئەم بابەتانە بکەن، ئەوا دەریایەکی بێسنوور لە ئیلهامیان بۆ فەراهەم دەبێت، ئەمە سەچاوەیەکی بن نەهاتوە لە داهێنان و خەلـلاقیەت لە سەر هەردووک ئاستی زانستی و هونەریدا.” سەرەڕای ئەمەش ، فیۆریۆ ئاماژە بەوەش دەکات کە رۆڵی ئەو وەک هونەرمەندێک لەم بابەتەدا لە ڕۆڵی کەشتیەک دەچێت لە دروستکردنی پەیوەندی و هاوبەندبوون بە شێوەیەک کە شیاوی تێگەییشتن بێت.

“بۆ ئەوەی هونەرمەند بیت پێویستە مانایەک دروست بکەیت بۆ ئەم شتانەی کە ئێمە تێیان ناگەین، نەک وەڵامیان بدەیتەوە. بٶ چی ئێمە شتەکان بەشێوەیەکی جیاوازتر دەبینین؟ تەنها رۆلێک کە هونەرمەند هەیبێت ئەوەیە کە پرسیارەکان بۆ جیهان بوروژێنێت. خولیای هەبێت تا ئازایەتی ئەوە بەخۆێ بدات بۆ بەرزکردنەوە و وروژاندنی ئەم پرسیارانە.”

خاتوونی وارکا و شوێنەوارناسی مانا لە بەرواری ٦/١٢/٢٠١٧ تاکو ٦/٣/٢٠١٨ لە مۆزەخانەی عێراق لە شاری بەغداد نماییشدەکرێت.