زنجیرەی ”نامە لە بەغداوە” (٢٠٠٥-٢٠١٥)ی سەلام عەتا سەبری بووە هاندەرێک بۆ پڕۆژە بەردەوامەکەی لەگەڵ هونەرمەندی بەلجیکی ڕۆنی دێلڕو. نزیکەی دوو ساڵە، سەبری، لە بەغداوە، و دێلڕوی لە گێنتەوە، نامەی بینراو ئاڵوگۆڕ دەکەن کە تیایدا ژیانی ڕۆژانەیان لە شارەکانی خۆیان نیشان دەدات. پڕۆژەکەی نێوانیان دنیای دوو وێنەکێشمان نیشان دەدات کە تەمەن و ڕەگەز و پیشەیان هاوشێوەیە، بەڵام یەک دنیا دووری لە نێوانیان هەیە، لە عێڕاق و بەلجیکا دەژین.

دێلڕو نیگارکێشێکی بەلجیکیە و ناوبانگێکی جیهانی هەیە، کارەکانی زیاتر پرسیارە لە دیاردەی وێنەکێشان و دروستکردنی خودی وێنە. ئەو لە قوتابخانەی هونەری LUCA لە گێنت وانە بێژە و دکتۆرای لە بواری هونەر هەیە لە زانکۆی لوڤن. سەبری هونەری سیرامیکی لە زانکۆی بەغدا و زانکۆی کالیفۆرنیا گووتوەتەوە و هەروەها لە پەیمانگای فۆلکلۆریک ئارتس، لە بەغدا وانەبێژە. پاش ١٦ ساڵ لە ئەردەن، سەبری لە ساڵی ٢٠٠٥ گەڕایەوە بۆ بەغدا و بوو بە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانی هونەری مۆدێرن لە بەغدا (٢٠١٠- ٢٠١٥)

هەردوو هونەرمەندەکە بۆ ڕوئیا دووان سەبارەت بە هاریکاریە بەردەوامەکەیان.

سەلام عەتا سەبری

کاتێ سەردانی ڕۆنیم کرد لە بەلجیکا، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئامادەکاری بکەین بۆ کردنەوەی پیشناگایەک لە ٢٠١٨. یەکسەر دەستم بە پێکەنین کرد چونکە لە بەغدا تەنانەت ناتوانین پلان بۆ پێنج خولەکی داهاتوو دابنێین. ڕۆنی سەری سوڕما و پرسی ”ئەی ئێوە ڕۆژژمێر بە کار ناهێنن؟”

نیگارەکانم هەڵبژێردراون بۆ وێنە کێشانی: هێڵی کۆتایی (The Bottom Line)ی ٢٠١٥، کۆمەڵە پێشانگایەکانی S.M.A.K (مۆزەخانە بۆ هونەری سەردەم) لە گێنت. بەڕێوبەری مۆزەخانەکە فیلیپ ڤان کاوتەرن منی بە ڕۆنی ناساند، کە بانگهێشتی کردبووم بۆ ئەوەی لە ستۆدیۆکەی ئەودا کاربکەم. لە ڕۆژی یەکەمدا، تێبینی کرد کە من زۆر بە خێرایی وێنە دەکێشم و کاردەکەم. وتم ”هەر بەڕاستی ستۆدیۆکەی تۆم زۆر حەز لێیە”. بینایەکی کۆنە، خانوویەکی تەمەن ١٠٠ ساڵی ناو شارە، کە ڕۆنی خۆی نوێی کردۆتەوە. زۆر حەزم لە دیوارەکان و کەرپووچە ‌قوڕەکانی بوو— وەک کاری هونەری سەر دیوارەکانی نەخشاندبوو. تەنانەت وێنەی لەسەر پیلیکانەکانی نێوان هەر سێ نهۆمیش کێشابوو. ئەو چاییەمان خواردەوە کە لە وڵاتی چین کڕیبووی.

زۆر حەزم لە جەوی ناو ستۆدیۆکەی ڕۆنی بوو. من توانای ئەوەم نیە ستۆدیۆی خۆم لە بەغدا هەبێ، بە تایبەتی فرن بۆ کاری سیرامیک. هەرچەندە وێنەکانم زیاتر وێنەی شوێنی گشتی و مۆنیۆمێنت و پارکن، بەڵام من لە ماڵەوە لە سەر تەختەیەکی A4 کە لە سەر مێزی هۆڵی دانیشتن دانراوە وێنە دەکێشم. بارودۆخی ئەمنی شار وای کردووە کارکردن لە دەرەوە سەخت بێت، بەڵام حەزیش دەکەم کاتێ وێنە دەکێشم هەر خۆم بە تەنها بم. ئێمە لە نهۆمی ١٣ دەژین، لە باڵەخانەیەک کە دەڕوانێتە سەر ڕووباری دیجلە. لە بەلەکۆنەکەوە دەتوانم تەلارسازیە مێژوویەکانی بەغدای کۆن ببینم، لە سەرووی ئەمەشەوە پشێوی و شپرزەیی شاری بەغدای نوێ دەبینم. حەز دەکەم چالاکی کەلتووری زیاتر لەم شارەدا ببینم.
من نامەکانی ڕۆنیم کۆکردۆتەوە، تەنانەت پوولی نامەکانیشم هەڵگرتووە. بۆ من، ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەردەخات کە هیچ سنورێکی ڕاستەقینە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دا نیە.

ڕۆنی دێلڕو

کاتێ لە سەلامەوە پۆستی نامەم پێ دەگات، نامەکە بە دەستمەوە دەگرم و بیر لەوە دەکەمەوە کە چەند کاتی خایاندووە تا نامەکە لە بەغداوە گەیشتووەتە گێنت. لە ئێستادا زۆر بە ئاسانی دەتوانی لە ڕێگەی نامەی ئەلیکتڕۆنی، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتەوە پەیەوەندی بە یەکترەوە بکەین، بەڵام ئەم نامانە نزیکەی شەش هەفتەیان پێدەچێت تا دەگەن. وێنەکێشان تەنها کێشانی هێڵە لەسەر کاغەز، ڕێگەیەکی زۆر خێراتر و سادەترە و ڕوونترە لە کێشانی تابلۆیەک، بەڵام گەر وێنەکان لەسەر شێوەی نامە بەرهەم بهێنیت، کاتێکی زۆری دەوێت. واتە هونەر شتێکە پێویستی بە کاتە.
من بە دوای هاوبەشێک دەگەڕام وەک بەشێک لە پڕۆژەی توێژینەوەکەم ”وێنە کێشان بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەش جوڵەیە”. فیلیپ ڤان کاوتەرن یەکەم کەس پێشنیاری بۆ سەلام کرد و هێنایە ستۆدیۆکەم. هەر ئێستا نامەی ٦٥م تەواو کرد، سەلام پێی وتم کە پۆستەچیەکە هەمیشە پەیوەندی پێوە دەکات بۆ ئەوەی پێی بڵی کە لە گێنتەوە نامەی بۆ هاتووە. ئەوە فیلمی ”پۆستەچیەکە”ی ساڵی (١٩٤٤)ی مایکل ڕۆدفۆردم بیر دەخاتەوە، فیلمەکە دەربارەی پۆستەچیەک بوو کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی نامەکانی پابلۆ نێرودا خولیای شیعر دەبێت.

هەریەک لە نامەکان جیاوازن، بەڵام هیوادارم کاتێک هەموویان بەیەکەوە کۆدەکەمەوە تۆمارێکی مێژوویی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو دەستەبەر بکەن. ئێمە لە کاتێکی نائارام و شێواو دا دەژین. یەکێک لەو نامانەی لەم داواییەدا ناردم کۆلاژێکی دوو بەندکراو بوو لە تورکیا کە لەهەواڵەکان بینیبووم. کاتێک هێرشەکانی فڕۆکەخانەی بڕۆکسل ڕوویاندا، لەم کاتەدا بیرم لە سەلام و ژیانی ڕۆژانەی دەکردەوە لە بەغدا. ئەمەش وای لی کردم تێڕوانینی فراوانترم هەبێت بۆ ئەم ڕووداوانە.

ژیانی شەخسیشمان بەهەمان شێوە لە ناو نامەکاندان. من لە هاوینی ٢٠١٥ نەشتەرگەری قاچم بۆ ئەنجامدرا، لەو ماوەیەدا لە نامەکانمدا باسی چاک بوونەوە درێژخایەنەکەی قاچم بۆ سەلام دەکرد. لەم دواییەدا لە نیویۆڕک بووم، لە مێشکی خۆمدا نەخشەیەکی ئەو شوێنەم کێشا کە لێی دەمامەوە، شوێنەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سێنترال پارک. کاتێ لە کاتماندو بووم و هەروەها کاتێ لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەکەم لە ماڵتا بووین بەهەمان شێوە نامەم بۆ سەلام نارد.

سەلام وەک کەسایەتیەکی بەدیلی لێهاتووە، کاتێک بەیانیان هەواڵەکان دەخوێنمەوە بیر لەو دەکەمەوە، و هەروەها کاتێک سەردانی شوێنێکی نوێ دەکەم، یان شتێکی نوێ فێر دەبم و ئەزموونێکی نوێ پەیدا دەکەم بیر لەو دەکەمەوە. هەندێ جار نیگەران دەبم کاتێ نامە دەنوسم دەربارەی گەشتەکانم، چونکە سەلام وەک هاوڵاتیەکی عێڕاقی گەشتەکانی سنوردارە. بەڵام ئەم تەجوربانە هەموویان ڕاستەقینەن و پێویستە بیانخەمە سەر کاغەز.