شێرکۆ عەباس (لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٨، سلێمانی) یەکێکە لە هونەرمەندانی بواری مەڵتی میدیادا کە لە شاری سلێمانیدا دەژێت و هەر لەوێش کارەهونەریەکانی خۆی ئەنجام دەدات. شێرکۆ عەبباس کارەهونەریەکانی خۆی لەبواری ڤیدیۆ، نواندن و تێکست و شتە دۆزراوەژاندا ئەنجام دەدات. هونەرمەند شێرکۆ عەبباس لە ساڵی ٢٠١٣دا بەخششێکی خوێندنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدەست هێنا بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر لە زانکۆی گۆڵدسمیث لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا. کارە هونەریەکانی شێرکۆ عەبباس لە کۆمەڵێک نماییشی بەکۆمەڵ لەسەرئاستی نێودەوڵەتیدا نماییشکراون لەمانەش پێشانگای “غوربەت” لە هۆڵی نماییشی لەندەن (٢٠١٢)، و “تەنگەبەرێکی ترسناک” لە ستۆدیۆی(Import/Export) لە کاسێل لە ساڵی (٢٠١٢)، “ئازادی لە نێو بەربەستەکاندا؟” لە ڤاکسجۆ کۆنستال، سوێد (٢٠١٤) هەروەها لە ئەلتەرناتیڤا لە غانسک، پۆڵەندا لە ساڵی ٢٠١٥.

کاری هونەری مۆسیقاکەی سەردەمی بۆش (٢٠١٧) بریتیە لە کارێکی هونەری پێکهێنانی ڤیدیۆیی دووکەناڵی کە لە لایەن رێکخراوی روئیاوە داواکراوە بۆ پێشانگای “کۆنینە” لە بەشی وڵاتی عێراق لە بیناڵی پەنجاوحەوتەمینی شاری ڤینیسیا. ئەم کارە هونەریە پشت بەم گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەی سەفەرەکەی خوشکی هونەرمەند شێرکۆ عەبباس دەبەستێت بۆ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ دا. کاتێک کە ژەنیاری ئامێری مۆسیقی تشیلۆ بوو لە نێو گرووپی سەمفۆنیای نیشتیمانی عێراقیدا. ئەوسا ئۆرکسترای عێراقی داوەتکرابوو بۆ ژەنینی مۆسیقا لە هۆڵی ناوەندی جۆن.ف. کێنێدی لە شاری واشینگتۆن. دی. سی، بەهاوبەشی لەگەڵ ژەنیاری بەناوبانگی ئامێری تشیلی “یۆ یۆ ما” بۆ رێژەیەکی گەورەی جەماوەر و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا جۆرج دەبلیو بۆش و خێزانەکەی هەروەها وەرزیری ئەوسای دەرەوەی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا کۆڵن پاوڵ. لە رێگەی بەکارهێنانی ئەم گرتە ڤیدیۆییە کەسیانەی سەفەری خوشکەکەی و چەند شتێکی دۆزراوەی سەفەرەکەدا، هونەرمەند شێرکۆ عەبباس هەڵدەستێت بە لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی مۆسیقا و سیاسەت و ‌هێزی نەرم لە جەنگی عێراقدا هەروەها لە شەڕی عەقڵ و دڵەکاندا.

‘ئەوەی کە واملێدەکات هەست بە ناڕەحەتی بکەم لە سەبارەت بە دەرکەوتنی گروپی سەمفۆنیای عێراقی لە شاری واشینگتۆندا بریتیە لە سروشتی نیشاندانی هەوڵ و کۆششەکانی دانیال پایپیس’

16_Sherko Abbas, The Music of the Bush Era, 2017, video and objects

وێنەی یەکەم:شێرکۆ عەبباس، گرتەیەک لە مۆسیقاکەی سەردەمی بۆش،٢٠١٧، کاریکی هونەری ڤیدیۆیی پێکهێنانی دوو کەناڵی لەگەڵ کۆمەڵێک شتومەکدا.

چۆن بەنێو ئەم ئەرشیفەدا هاتنەوە؟
ماوەیەکی درێژبوو هیچ بیرۆکەیەکم دەربارەی ئەم سەفەرە نەبوو تاکو ساڵێک بەرلەئێستا کە لە دووتوێی گفتوگۆیەکدا کەوتەوە بیرم. کاتێک کە لە شاری سلێمانیدا گەڕامەوە، هەوڵمدا کاسێتە ڤیدیۆییەکانی خوشکەکەم لە ماڵەوە بدۆزمەوە. بەگشتی خۆشکەکەم چوار کاسێتی لەم سەفەرەدا تۆمارکردبوو، بەڵام دووانیان تێکچووبوون. هەروەها یەکێک لە مۆسیقارە هاوسەفەرو هاورێکانی خوشکەکەم هەندێک لە شتە بێکەڵکەکانی خۆیانیان پێدام.

چی بوون ئەم شتانەی کە بەلاتەوە جێی سەرنج بوون؟
ئەمە بۆیەکەمین جاربوو کە خوشکەکەم سواری فرۆکەببێت،هەروەها بۆ یەکەمین جاربوو کە وڵاتی عێراق بەجێبهێلێت. خوشکەکەم لەو کاتدا پاسپۆرتی نەبوو. جەیشی ئەمەریکی بەڵگەیەکی سەفەرکردنیان بۆ دروست کرد بۆ ئەنجامدانی سەفەرەکە. خوشکەکەم لە سەفەرەکەیدا هەمووشتێکی بە کامێرەی ڤێدیۆ تۆمارکردبوو: ڕۆیشتنی بەرەو فڕۆکەخانە، سەرەگرتن بۆ سواربوونی فڕۆکە. فڕینی فڕۆکەکە، گرتەی جانتاکان لەسەر کەمەربەندی گوێزەرەوە هەروەها مۆسیقاکە و ڕاهێنانەکانیش. خوشکەکەم لە شاری واشنتۆن. دی. سیدا چاوی کەوت بەیەکێک لە پاڵەوانەکانی خۆی لە بواری مۆسیقادا کە هونەرمەندی گەورەی جیهانی و ژەنیاری ئامێری تشیلۆ “یۆیۆما” بوو. لە نێو گرتە ڤیدیۆییەکاندا هیچ شتێکی تایبەت روونادات. وەک چاڵاکیەکی هونەریش کارەکە زۆر سادە و مرۆییە، و تەنانەت خوشکەکەم رەسمێکی زۆر شڕو شەپڕێوی دارێکی خورماشی لەسەر کاسێتەکاندا دروست کردبو.

باوکی تۆ هونەرمەندێکی فلیمساز بووە کە توانیویەتی رووماڵی کەمپینەکانی ئەنفال و ڕاپەرینی کوردەکانی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش بکات. ئێوە بۆچی بڕیارتان دا لەجیاتی کارەهونەریەکانی باوکتان جەخت بکەنەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ ی خوشکەکەتان؟
باوکم کامیرەمان و فلیمسازێکی زۆر لێهاتوو بوو. ئەرشیفە هونەریەکەی ئەو کە لە ئێستادا من سەرقاڵی بە دیجیتاڵکردنیمە، زۆرشت سەبارەت بە چیڕۆکی ژیانی کورد و ژیانی ڕۆژانەی شارە کوردیەکان باسدەکات. من نامەوێت کارەهونەریەکەم وەک چیڕۆکێکی خەبەری نماییش بکرێت. کاری هونەری پێویستە ئامێزان بە هەست و سۆز بێت و پێویستە کارێکی وابێت کە هەستی پێبکرێت. خوشکەکەی من هەڵساوە بە وێنەگرتنی ئەزموونە کەسایەتیەکەی خۆی لەسەر کامیرایەکی کوالیتی نزمی ٨ میلیمەتری، و خۆشکەکەم ئەو کامێرا سۆنیەی خۆی بەکارهێناوە کە باوکم بۆی کڕیبوو. جگەلەمەش خوشکەکەم زەختی لە فیلمەکە کردووە بە هۆی بەکارهێنانی فۆرماتی (Sp) کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا کوالیتی وێنە و ڤیدیۆکان کەم دەکاتەوە. گرتەکان لە کارێکی هونەری لێنەهاتوو دەچن و منیش حەزم لەمەیە.

ئایا هیچ کاتێک باوکت تۆ یان خوشکەکەتی فێری ئەوەکردوە کە چۆن کامێرا بەکاربهێنن؟
نەخێر، بەڵام ئێمە لە ئەرشیف وکەل وپەلەکەیمان کۆڵیەوە، ئەو کەسێک بوو کە زۆر حەزی بەهەبووبی کامیراکان دەکرد.

Screen Shot 2017-04-18 at 9.47.13 PM

وێنە: بێ ناوونیشان

گەڕان بەنێو ئەرشیفی باوکتدا، چیت پێدەلێت لە سەر عێراقی ئەوسا؟
گرتە ڤیدیۆییەکان هەندێک بابەتیان وروژاندوە کە من وەک هونەرمەندێکی عێراقی تاکو ئێستاس ئەزموونیان دەکەم. ئێمە لەڕووی کەلتوریەوە دابڕاوین و توانای سەفەرکردنیشمان بەهۆی پاسپۆرتەکانمانەوە سنوردار کراون. بۆ ئێمە تاکو ئێستاش زەحمەتە کەرەستە وکەل و پەلی تایبەت بەکارە هونەریەکانمان دەست بکەون. کامێرای ٨ ملیمی کە خوشکەکەم ئەوسا بەکاری هێناوە باشترین کەرەستەی ئەو بوارەبووە کە ئەوسا لە عێراق بەدەست دەکەوت. ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا تازە لەچنگی شەڕێکی ناوەخۆیی رزگارمان بووبوو، خەڵک ئەوسا لە ململانێیەکی سەختدابوون لەگەڵ هەژاری و دەراوێشتە خراپەکانی گەمارۆی ئابوریدا.

ڕێگەبدە بگەڕێینەوە نێو فیلمەکە. ئێوە چۆن باس لە چیڕۆکەکە دەکەن؟
من ئەم گرتە ڤیدیۆییەم هەڵبژاردوە کە پەیوەندی بە سەفەرەکە، گەڕان و جوڵانەوە هەیە. گروپێکی مۆسیقا ژەنەکان کاتێکی زۆر لە ئاسمان لەنێو فڕۆکە هەروەها لە فڕۆکەخانەدا بە سەردەبەن. ئەوان لەوساتانەدا سیمبولی جوڵە و شوێن گۆڕکێن. من ویستم تیشک بخەمەسەر ڕەهەندە سیاسیەکانی گواستنەوەی گروپی مۆسیقا ژەنانی عێراق. ئەوان هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی لە بەغداوە بچنە عەممان، لەگەڵ تیمێکی هێزی سەربازی ئەمەریکی بە فرۆکەیەکی جۆری “هەرقەل” دەفڕن کە ئێمە لە عێراقدا پێی دەڵێین فڕۆکەی “حەمودە”. دواتر بە گەشتێکی ئاسمانی بازرگانی دەگەنە فڕۆکەخانەی (JFK) لە شاری نیۆیۆرک، و دواتریش لەوێوە بە سواری پاسێکەوە بۆ شاری واشینگتۆن. دی. سی. لە شاری واشینگتۆن. دی. سیدا سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانیان کرد هەروەها سەردانی گەورەترین مزگەوتی ئەم شارە و کۆنترین کەنیسەی ئەم شارەشیان کرد. هەروەها من هەندێک کەلوپەلی سەفەرەکەشم بەکارهێنا وەک بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی سەفەری خوشکەکەم و مێداڵیای ناوەندی جۆن کێنێدی.

بۆچی تەنها جەختتان لەسەر کۆنسێرت و مۆسقاکەنەکردەوە؟
دووەمین کەناڵ هەڵدەستێت بە نیشاندانی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە نێو کۆنسێرتەکەدا. مەراسیم بۆ نەکە تایبەت نەبوون بە مۆسیقا، بەڵکو تایبەت بوون بە جۆرج بۆش و جەنگەکەی لە وڵاتی عێراقدا. گروپی سەمفۆنیای عێراقی لەساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوەوە هەیە. کەچی لەگەڵ ئەمەشدا لەنێو سێنتەری کێنێدیدا بەشێوازێکی بەئەنقەست و مەبەستدار وەک سیمبولێکی پێکەوەژیانی عێراقی بەکارهێندران. بەرلە کۆنسێرتەکە، گروپی سەمفۆنیای عێراقی هەڵسا بە هێنانی کۆمەڵێک ئەندامی گروپەکە لە کۆمەڵێک ئایین و گروپی نەتەوەیی جیاجیا کە لە بەشەجیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا لە باکوری عێراقدا دەژیان. هەروەها ئەم راگەیاندنەش کە روماڵی بۆنەکەیان دەکرد بەسیاسی کرابوون. لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لەلایەن ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێسەوە(AP) گیرا بووهونەرمەندی جیهانی , یۆ یۆ ما، یەکێکە لەو هونەرمەندە جیهانیانەی کە لەگەڵ گروپە عێراقیەکەدا مۆسیقا دەژەنێت، کەچی لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا ئەم هونەرمەندە دەرهێندراوە. لەم کارە هونەریەدا زیاتر تەرکیز خراوەوتە سەر گروپی سەمفۆنیای عێراقی. من گرتەیەکی بچوکم لە فیلمێکی ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێسدا لە کۆتاییدا فیلمەکەدا بەکارهێناوە، بەڵام بەبێ دەنگ بۆ ئەوەی سەرنجی بخەمە سەر.

ئایا چۆن دەتواندرێت مۆسیقا و کولتور وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێندرێن؟
فەیلە سوف”سلاڤۆج زێزێک” لە بارەی شەشەمین سەمفۆنیای بێتهۆڤنەوە نووسیویەتی، کە وەک سرودێکی نیشتیمانی نازیەکان ئامادەکرابوو، هەروەها لەبارەی گۆرانیە کۆمۆنیستیەکانی یەکیەتی سۆڤیەت و شۆڕشی ڕۆشەنبیری چین. گروپی سەمفۆنیای نیشتیمانی عێراق لە ناوەندی جۆن کێنێدیدا پارچە سەمفۆنیایەکی بیتهۆڤنیان ژەنی بەناوی “ئێگمۆنت ئۆپ.٤٨”. لامۆراڵی ئێگمۆنت یەکێک بووە لە پیاوە ئەشڕاف و خانەدانەکانی هۆڵەندا و سەر بڕینەکەی بووە هۆی دەرکردن و ڕیشەکێشکردنی حوکمی ئیسپانیا لە هۆڵەندا. ئەم پارچە مۆسیقایە پارچەمۆسیقایەکی شۆڕشگێڕی بوو کە بێتهۆڤن ئەفراندبووی وەک پشتگیریکردنێک بۆ کۆماری دیمۆکراتیک. مێژووی ئەم مۆسیقایە گەلێک شت دەربارەی عێراقی ئەوڕۆ دەوروژێنێت. بەڵام لە ناوەندی جۆن کێنێدیدا مۆسیقا بۆ کۆمەڵک مەبەست دەژەندرا: من نماییشەکەم وەک تۆمارێکی دەنگی بەکارهێناوە بۆ فلیمەکە.

بۆچی ئەم کارە پەیوەندی بەعێراقی ئەمڕۆوە هەیە، لە کاتێکدا خوشکەکەی ئێوە نزیکەی ١٥ ساڵ بەر لە ئێستا سەفەرەکەی خۆی ئەنجام داوە؟
وەک هونەرمە ندێک، من لە رابردوو دەکۆڵمەوە بۆ ئەوەی لە ئێستا تێبگەم. نەخشەی عێراقی ئەمڕۆ نەخشەیەکی لاوازە. بەم شێوازەی کە ئێستا هەیەتی ڕەنگە نەتواتێت بۆ ماوەیەکی دووروو درێژ بمێنێتەوە. من هەم وەک عێراقیەک و هەمیش وەک کوردێک هەمیشە ئەم پرسیارە لەخۆم دەکەم. ئێمە لە عێراقدا هەمیشە کۆمەڵێک کێشەی نوێمان هەن، وە پێویستە لەسەر هونەرمەندەکان کە وەڵامیان بدەنەوە و پێیان بزانن. تەنها هونەرمەندان دەتوانن بزانن کە ئێمە چۆن گەییشتووینەتە ئەم قۆناغەی کە لە ئێستادا تێیداین.

15_Sherko Abbas, The Music of the Bush Era, 2017, video and objects, courtesy the artist and Ruya Foundation, © Sherko Abbas

بۆچی تەنها هونەرمەندان؟
لە عێراقدا، ئێمە لە رووی سیاسیەوە دابەش بوینە، بەڵام کولتورەکەمان تاکو ئێستاش هەروەک خۆیەتی و هەموو ئەم کێشەو ئاریشانەش نەیانتوانیوە بەلای کولتورەکەماندا بچن. من کاتێک کە لە شاری کەرکوک خەریکی دروستکردنی فیلمێک بووم لەبارەی سینەما لەم شارەدا لە ساڵی ٢٠١٧ ، سەرەنجی ئەم حاڵەتەم دا. تاکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، کوردەکان،تورکمانەکان و عەرەبەکانیش شەڕ لەسەر ئەم شارە شەڕدەکەن. بەڵام کاتێ دەستیان بەقسەکردن لەسەر سینەماکەیان کرد سەرجەمی نیگەرانی ودڵەڕاوکێکانیان وەلانان. ئەوان پێکەوە دەستیان کرد بەقسەکردن و کۆمەڵێک نوکتەشیان لەسەر یەکتر وت. کولتور یەکێکە لە بوارە هەرە لەرزۆکەکانی نێو کۆمەڵگای عێراقی، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە هەمو بوارەکانیتر بە هێزترە.

ئێوە دەڵێن کە کۆنسیرتەکە لە بارەی مۆسیقاوە نەبوو، بەڵکو ناردنی نامەیەکی سیاسی بوو، ئایا ئێوە چۆن ئەمە لە کاری هونەری خۆتان جیا دەکەنەوە؟
ئەمە پرسیارێکی زەحمەتە، کارەکەی من کارێکی سیاسیە، بەڵام کارەکەم هیچ پەیامێکی ئایدیۆلۆژیانەی لەخۆدا هەڵنەگرتووە. بەلایەنی کەمەوە من نامەوێت کە ئەم پەیامە ئایدیۆلۆژیەم هەبێت. بۆ نموونە کارەکە پرسیار لەسەر لاوازی عێراقی ئەمڕۆ دەکات وەک نەتەوەیەک، بەڵام من ناڵێم کە ئێمە وەکو کورد دەبێت دەوڵەتێکی جیاوازمان هەبێت. من لێرەدا خەریکی توێژینەوە و ئاراستەکردنی پرسیارم.

ئێوە وابیردەکەنەوە کە کۆنسێرتەکە خوشکەکەتی لە هیچ روویەکەوە گۆڕیبێت؟
من هیچ کاتێک ئەم پرسیارەم ڕووبەرووی خوشکەکەم نەکردوەتەوە. من وابیرناکەمەوە کە کۆنسێرتەکە خوشکەکەمی لە ڕووی مۆسیقیەوە گۆڕیبێت، بەڵام بێگومان دەبێت ئەو کاریگەر بووبێت بە سەفەرەکەی بۆ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا. دوو ساڵ دواتر وەک پەنابەر ڕوویکردە سوید و ئێستاش ئەو یەکێکە لە ئاوازدانەرە پێشەنگەکان لە شاری بەرلین.