لوئەی فازڵ(لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٢، شاری بەغدا) هونەرمەندێکی فیلمسازیە لە شاری بەغداد. دوای خوێندنی وەک ئەندازیاری بیناکاری، فازل کۆرسێکی لەبارەی فیلم سازیەوە وەرگرت لە ئەکادیمیای نیۆیۆرک بۆ فیلم لە ئەبوزەبی. لەوساوە تاوەکو ئێستا ئەم هونەرمەندە حەوت کورتە فیلمی بەڕێوەبردوە. لێو سور(٢٠١٢)،ئەم کورتە فیلمە باس لە وانەی پەروەردەی سێکسی دەکات لە قوتابخانەکانی قۆناخی ئامادەیی کوڕانی شاری بەغداد ، کورتە فیلمەکە خەڵاتی زێرینی بە دەست هێنا لە فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتی دیو فیلم بۆ فیلمی ڕۆژهەڵاتی لە شاری جنێف لە ساڵی ٢٠١٤. دواهەمین کاری هونەرمەند کورتە فیلمێکە بە ناوی “کەتان”(٢٠١٣). کورتە فیلمێکە باس لە کچێکی گەنج دەکات کە لە لادێیەکی دەرەوەی شاری نەجەفدا دەژێت، کە یەکێکە لە شارە پیرۆزەکانی موسوڵمانە شیعیەکان، ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەر و باشترین سیناریۆی کورتە فیلمی لە فیستیڤاڵی فیلمی کەنداوی ساڵی ٢٠١٤ ی بەدەست هێنا. هونەرمەند لوئەی فازل داوایلێکراوە، کە بۆ پێشانگای “کۆنینە” لە بەشی ولاتی عێراق لە بیناڵی پەنجاوحەوتەمی شاری ڤینیسیادا، هەڵبستێت بە بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری نوێ. کورتە فیلەمەکە ل بارەی (عەرزوحاڵچی یان عەریزەنووس)ەوەیە یان ئەم نووسەرانەی کە تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێ لە شارە عێراقیەکاند ماون،ئەوانەی کە لە دەرەوەی باڵەخانەگشتیەکاندا داواکاری و بەلگە نامەی فەرمی دەنووسن و ڕێکیان دەخەن.

ئێوە دەڵێن کە ناتانەوێت کورتە فیلم لە بارەی شەری نێو عێراقەوە دروست بکەن. بۆچی ناتانەوێت؟

لە عێراقدا گەلێک فیلم لە بارەی شەڕەوە هەن. من دەمەوێت باس لە چیڕۆکیکی جیاواز بکەم، دەمەوێت چارەسەری ئەم کێشانەبکەم کە پەیوەندیان بەجەماوەرەوە هەیە لە سەرانسەری جیهان. لەماەوی کۆرسەکەمدا لە ئەکادیمیای فیلمی نیۆیۆرک لە ئەبوزەبی، دەرفەتێکمان بۆ گونجا و گفتوگۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەری فیلمی هۆلیۆد “جەیمس کامیرۆن” کرد، کە هەریەک لە فیلمەکانی بلۆک بەستەر تێرمینەیتۆر (١٩٨٤)، تایتانیک(١٩٩٧)، و ئاڤاتار(٢٠٠٩)ی بەڕێوەبرد. کاتێک پێمان وت ئێمەخەڵکی عێراقین، ئەو لە وەڵامدا وتی:’ ئەگەر من فیلمێک لەبارەی عێراقەوە دروست بکەم، ئەوا فیلمەکەم لە بارەی خۆشەویستیەوە دەبێت. وجەنگیش بەشێک دەبێت لە تێکستە لاوەکیەکە’. هەر لەو کاتەوە من بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوومە کە فیلم لە بارەی بابەتە جیهانیەکانەوە دروست بکەم ئەم بابەتانەی کە ئەم جەنگە بەردەوامە بەشێک لە پاشخانەکەی پێکدەهێنن. من دەمەوێت کە جەخت بکەمە سەر ئاماژە بینراوەکان و ئەو زمانەی کە لە هەموو جیهاندا شیاوی تێگەیشتن بێت. هەر ئەمەشە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لە فیلمەکانی مندا هیچ جۆرە قسە و گفتوگۆیەک نەبێت.

بەڵام ئەو کورتە فیلمانەی کە تاکوئێستا ئێوە دروستتان کردوون چیڕۆکی خۆشەویستی نین بە ستایلی هۆڵیوود، بەڵکو زۆربەیان چارەسەری کۆمەڵێک شتی قەدەغەکراوی نزیک لە بابەتە سێکسیەکان و کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتی تایبەت بەعێراق دەکەن؟

بەڵی، بەڵام هەروەها منیش کاریگەر نیم بە هۆڵیودەوە، بەڵکو زیاتر لە ژێر کاریگەری فیلم بەڕێوەبەرە ئێرانیەکانی وەک عەبباس کیارۆستەمی، ئەشقەر فەرهادی و مەجید مەجیدی و فیلم بەڕیوەبەری سڕبی وەک ئیمیر کوستوریکا دام. من حەزم لە سروشت و واقیعیەتی ئەم فیلم بەڕێوەبەرانەیە. هونەرمەند کیاڕۆستەمی لەجیاتی ئەکتەری راهێندراو، خەڵکی واقیعی لە فیلمەکانیدا بەکاردەهێنێت، بۆنموونە وەک فیلمی تامی گێلاس(١٩٩٧)، منیش لە فیلمەکانی خۆمدا ئەم تەکنیکەم بەکارهێناوە.

لەو کاتەوەی کە ئێوە دەستتان بەکاری هونەری کردوە، مەیدانی هونەر لە عێراقدا چۆن پێشکەوتوە؟

لە سەردەمی دەستەڵاتی سەددام حسێندا، تەنها شێوازێکی فیلم کەبەرهەم دەهێندران بریتی بوون لە فیلمە پڕوپاگەندەییەکان. دوای ساڵی ٢٠٠٣،فلیمسازەکان توانیان هەڵستن بە بەرهەمهێنانی فیلم بەبێ ئەوەی سانسۆری حیزبی بەعسیان لەسەر بێت. ئەمەش سەری کێشا بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێ لە سینەمای عێراقیدا، عودەی ڕەشید و محمد ئەلدەڕاجی یەکەمینی ئەم هونەرمەندانە بوون کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە دەستیان کرد بەهەوڵ و کٶشش بۆ دروستکردنی فیلمی نوێ، و ئەوان بوون بە ئیلهام بەخشی کۆمەڵێک هونەرمەندی تریش. فیلمسازە عێراقیەکان دەستیان کرد بە بەشداریکردن لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی، و بەدەستهێنانی خەڵاتەکان بۆ نموونە هونەرمەند نەجوان عەلی لە فیستیڤاڵی سینەمایی تریبیکا بۆ (باڵندەکانی نەسیما)ی ساڵی ٢٠١٣دا خەڵاتی بەدەستهێنا. بەڵام لەم سێ ساڵەی دواییدا کولتورەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. فیلمی کەمتر دروست دەکرێت، و زۆربەی فیلمەکانیش تایبەتدەکرێن بە شەڕکردن لە دژی داعش، و پیاهەڵدان بە سوپای عێراقی.

دوان لە کورتە فیلمەکانی ئێوە، یەک لە دوای یەک باس لە تەمەنی پێگەیشتن دەکەن لە نێو کوڕان و کچاندا، ئایا ئەم بابەتە بۆچی لای ئێوە هێندە گرینگە؟
لە نێو قوتابخانە عێراقیەکاندا هیچ جۆرە پەروەردەکردنێکی سێکسی بوونی نیە.ئەمەش کاردەکاتە سەر کوڕەکان لە نێو پۆلی لێو سوردا، هەروەها لەسەر کچەکەی نێو کێڵگە لە کورتە فیلمی کەتاندا. نەبوونی پەروەردەی سێکسی لە وڵاتی عێراقدا بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی گەلێک کێشەی سێکسی بەتایبەتیش بۆ ژنان، ئەو ژنانەی کە هیج جۆرە زانیاریەکیان نیە لە سەر قۆناخەتەمەنیاکان و ئەم گۆڕانکاریانەش کە بەسەریاندا دێت بەهۆیانەوە. من کۆمەڵێک ترسی زۆر گەورەترم هەیە سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەیی عێراق. قوتابخانەکانمان شێوازێکی هەڕەمی و توندوتیژیان لە پەروەردەو فێرکردندا هەیە. کورتەفیلمی لێوسوریش بەندە لە سەر ئەزموونی خودی من لەقوتابخانەدا. ئەم کوڕانەی نێو فیلمەکە تەنها دەیانەوێت یاری بکەن. ئەوان زۆر حەز پێڵاوی نایک دەکەن، وەک ئەوەی من حەزم لێی بوو لە سەردەمی منداڵێمدا هەروەها مامۆستاکەیان هەراسان دەکەن. لە قۆناخەکانی گەشەسەندن و پێگەییشتنی مرۆڤدا هەرزەکاری مەترسیدار ترین قۆناخی تەمەنە. لەم چەند ساڵە ناسک و لەرزۆکەدایە کە ئەخلاق و پیرو ڕاکانی مرۆڤ گەڵاڵە دەبن. هەموو ئەم میلیشیاو تیرۆریستانەی کە ئەمڕۆ لە وڵاتی عێراقدا هەمانن لە سەردەم و قۆناخی هەرزەکاریدا کێشکراون.

30847592553_335760ef2d_o

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی لێو سورەوە(٢٠١٢)، بەمۆڵەتی هونەرمەند.

31511379182_3c4bffc930_o

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی لێو سورەوە(٢٠١٢)، بەمۆڵەتی هونەرمەند.

تۆ لێو سورت فرێدایە پۆلێکی هەقیقیەوە. ئایا زەحمەتی و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی ئەم کارە چیبوون لە وێدا؟

من بۆماوەی چوار ڕۆژ لە قوتابخانەیەکی لۆکاڵیدا کارم کرد لە ناوچەی ساڵحیەدا. قوتابیەکان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە قوتابخانەدا نەدەمانەوە، بۆیە ئێمە ڕووبەرووی زەحمەتی هێشتنەوەی بەردەوامێتی بووینەوە لە مەیدانەکەدا. بچوکترین پاڵەوانی کورتە فیلمەکە، وەفیق هیشام بوو کە لە هەتیوخانەوە هاتبوو، ئەو نەیدەتوانی نەبنوسێت و نەبخوێنێتەوە، لەبەر ئەوە پێویست بوو لە سەرمان هەر مەشهەدێک بەخێرایی ئامادە بکەین. بێبەختی، کورەکە گەڕایەوە بۆ ناو کۆڵانەکان و ئێمەش هەموو جۆرە پەیوەندیەکمان لەگەڵ ئەو کوڕە لەدەستدا.

بەپێچەوانەوە، کورتە فیلمی کەتان چیڕٶکی کچێکە لە خێزانێکی فەللاحی دەرەوەی شاری نەجەفەوە کە لە یەکەمین فەترەی تەمەنی پێگەییندا بوو، چ شتێک ئیلهامبەخشی ئەم فیلمەبوو؟

کورتەفیلمی کەتان ئیلهامی لە کورتە چیڕۆکێکەوە وەرگرت کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لەلایەن ئیبڕاهیم ئەحمەدەوە نووسرابوو، ئەو نووسەرێکی عێراقیە و لە ئێستادا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە. کاتێک کە زانیم ئیبراهیم ئەحمەد هێشتاش هەر لەژیاندایە، بەڵام لە هەندەراندا ژیان بەسەر دەبات، من پەیوەندیم پێیەوەکرد و زۆر بەچڕی لەبارەی بەکارهێنانی چیرۆکەکەیەوە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەمان کرد. من فیلمەکەم لە دەرەوەی شاری بەغداد دا بەرهەم هێنا، و کارێکتەرەکانی نێو فیلمەکەش کە لەنێو پاسەکەدا بوون ، ئەوان سەرنیشینی واقیعی نێو پاسەکەبوون، کە بە ئارەزووی خۆیان رەزامەندیان دا ببنە بەشێک لە فیلمەکە. لە ڕووی بینینەوە ویستم کە باس لە چیڕۆکێکی ئاڵۆز بکەم بەبێ ئەوەی ووشە بەکاربهێنم. هەروەها ویستم فیلمێک لە بارەی ئافرەتەوە دروستبکەم. ئافرەتان ئەسڵی زەوین، ئەوان ئێمە دەهێننە نێو ژیانەوە.

30847592293_5bb5b9c2bb_o

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی کەتانەوە(٢٠١٣)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

31511378972_185b285930_o

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی کەتانەوە(٢٠١٣)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

ئایا ئێوە پەیوەندیەک لەنێوان کورتەفیلمەکە و عەشتاڕدا دروستدەکەن کە لە سەردەمی بابلیەکاندا بەخودای پیت و بەرەکەت ناسرابوو؟
نەخێر بە دڵنیاییەوە، بەڵام ئەم پەوەندیەم زۆر بەدڵە.

کورتەفیلمی کەتان ئاماژە بۆ کۆمەڵێک بابەت و کێشە دەکات کە ژنان لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، وەک تەمەنی پێگەیین و ژیانی سێکسی و بابەتی هاوسەرگیری،ئایا فیلمێکی ئاوا نابێت ژنێک بەرهەمی هێنابێت؟

بەڵی، منیش لەگەل ئەوەدام، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتی میسڕ و لوبنانەوە لە عێراقدا کێشەی ئەوەمان هەیە کە ژمارەیەکی زۆر کەم فیلم دەرهێنەری ژنمان هەن. ئێمە لە رووی زۆری ئەکتەر و نووسەری ژنەوە ناوبانگمان دەرکردوە،بەڵام فیلم دەرهێنەری ژنمان نیە. کۆمەڵگای عێراقی زیاتر لایەنگیری پیاو دەکات، بۆیە زۆر زەحمەتە لە عێراقدا ژن بتوانێت ڕۆڵێکی سەرکردەییانە وەربگرێت.

32418261575_1ea42f0965_b

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی عەریزە نووسەوە(٢٠١٧)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

کورتە فیلمەکەت عەریزەنووس (٢٠١٧) داواکراوە بۆ نماییشکردن لە بەشی وڵاتی عێراق وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ناوو نیشانی پێشانگای “کۆنینە”. ئایا چۆن مامەڵەتان لە گەڵ ئەم بابەتەدا کردوە؟

لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری کارە کاغەزیەکانی ئێمەدەتواندرێت لە سەر کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا یان لە سەر تەلەفۆندا ئەنجام بدرێن. کەچی تاکوئێستاشی لەگەڵدابێت خەڵکی ئێمە لە عێراق هەر نووسەر و عەریزەنووسەکان بەکار دەهێنن لە کارە یاساییەکانیاندا. نەریتەکە زۆر کۆنە و ڕەنگە لەم زوانەدا بەرەو مردن و نەمان بچێت.

ئایا ئەزموونی لەوەو پێشتان لەگەڵ عەریزەنووسدا چی بووە لە عێراق؟

لە عێراقدا هەموو کەسێک رقی لە عەریزەنووس و لەگەڵیشیاندا لەو دادوەر و پارێزەرانە دەبێتەوە کە فەرماندەدەن لە سەر دروستکردنی بەڵگەکاندا. عەریزەنووسەکان بەوە ناسراون کە یاساو رێنمایی زۆر زیادە دەکەن لە پێناوی زیادکردنی ئەو پارەیەی کە لەبری خزمەتگوزاریەکانیاندا وەریدەگرن. کاتی خۆی عەریزەنووسێک لە لەبەردەم ماڵی ئێمەدا هەبوو کە نزیک بوو لە بنکەیەکی پۆلیسەوە. من وەک مناڵێک وام بەبیردادەهات کە ئەم عەریزە نووسە هاوکاری تاوانباران دەکات. لەتەمەنی پێگەییشتوییشمدا، لە زۆر بارودۆخی نالەباردا ناچار بوومە کە عەریزەنووس بەکار بهێنم.

31575242384_4232d75dfc_o

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی عەریزە نووسەوە(٢٠١٧)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

32267526722_844f4822e2_k

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی عەریزە نووسەوە(٢٠١٧)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

چۆن چۆنی لە ڕۆڵ و کاری عەریزەنووسانت کۆڵیەوە؟

من بۆ ماوەی چوارمانگ لەگەڵ عەریزە نووسەکاندا دادەنیشتم و ڕۆژەکەم بەدەم سەیرکردن و سەرنجدانیانەوە بەڕێدەکرد، هەندێک جار رۆژێک و هەندێکجاریش هەفتەی چەند جارێک، من سەیرم دەکردن کاتێک موشتەریەکانیان دەهاتن قسەیان دەکرد و ئەوانیش تێبینیان دەنووسی. بۆم دەرکەوت کە هیچ کەسێک بەڕاحەتی و ئارامیەوە قسە بۆ عەریزەنووس ناکات. ئێمە چیڕۆکە زۆرتایبەت و شەخسیەکانی خۆمان بۆ عەریزەنووسەکان دەگێڕینەوە لە بارەی خێزانەکانمان و کەسەخۆشەویستەکانمانەوە.

ئێوە دەبێ چیڕۆکێکی زۆرتان لە سەر توندوتیژی و ژیانی خێزانی لە وڵاتی عێراق گوێ لێ بووبێت، کاتێک کە لەگەڵ عەریزەنووسەکاندا دادەنیشتن، کەواتە بۆچی لە کورتە فیلمەکەتاندا جەخت دەکەنە سەر چیڕۆکی کەپڵێکی لێک مارەکراو؟

ئەویش بەهەمان شێوە فیلمێکی شەخسیە لەسەر ماوەی پرسەداری(تازیەداری)، لە نێو فیلمەکەدا، عەریزە نووسەکە دەزانێت کە موشتەریەکەی بەهۆی لەدەستدان و بێبەش بوونەوە شێت بووە، بەڵام هیچ شتێک ناکات بۆئەوەی یارمەتی بدات. ئەو بەردەوامە لە نووسینی عەریزەکانی خۆی و وەرگرتنی پارەکەی. ئەو هیچ هەستێکی مرۆڤدۆستانەی نیە. هەموو ڕۆژێک کارێکتەری سەرەکی سەردانی دەکات بۆ ئەوەی ئەو وەک چارەسەرکەرێک مامەڵە لەگەڵ خەم و پەژارەکەیدا بکات. ئەو دەیەوێت بڕوا بەوە بهێنێت کە ژنەکەی هێشتاش هەر زیندوە، لەبەر ئەوەی ئەو ژنەکەی خۆی خۆش دەوێت. ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ عەریزەنووسەکەدا رۆح بەبەر ژنەکەیدا بکاتەوە.

ئایا دوای ئەوەی ماوەیەکت لەگەڵ عەریزەنووسەکاندا بەسەر برد، بیروڕات سەبارەت بەم عەریزە نووسانە گۆرا؟
نەخێر، من ئێستایشی لەگەڵ دابێت عەریزەنووسەکانم خۆش ناوێت و بڕوام پێیان نیە.

فیلمەکە چیمان سەبارەت بەبەغداد وەکو شارێک پێدەڵێت؟
من لەسەرەتادا وێنەگرتنی فیلمەکەم لە دەرەوەی دادگایەکی کۆن لە ‌شەقامی روبارەکەوە دەست پێکرد لەکاتێکدا کە شەقامەکە چۆڵ بوو. دواتر وێنەگرتنی فیلەمەکەمان لەدەرەوەی دادگایەکی ترەوە لە نزیک (دەرگای ڕۆژهەڵات – باب الشر‌ق) ەوە لە ڕۆژێکی زۆر قەرەباڵغدا دەست پێکردەوە. شوێنەکان دوو ناوچەی زۆر گرینگ و مێژویی شاری بەغدا بوون. من لە تەمەنی منداڵیمدا لەگەڵ باوکم زۆر دەچوینە ناوچەی دەرگای ڕۆژهەڵات بۆ بازارکردن یاخود بۆ وێنەگرتن. قەرەباڵغیەکەی دەوروبەری عەریزەنووسەکە بەبەردەوامی دیمەنی فیلمەکەی دەبڕی. من هیچ حەز بەم جەنجاڵیەناکەم لە نێو فیلمدا، بەڵام ئەوە شاری بەغدایە. پەیامی فیلمەکە کەمترین وردەکاری لەبارەی جەنگەوە تێدایە. ئەم دوو هاوسەرە بریاردەدەن کە منداڵیان نەبێت ، لەبەرئەوەی ئەوان وابیر دەکەنەوە کە تاوانێکی گەورەیە منداڵ بنێیتەوە بۆئەوەی لە عێراقدا گەورە ببێت. لە بەر ئەوەی منیش منداڵێکم هەیە، بۆیە هەمیشە بەم شێوەیە بیردەکەمەوە. و حەزدەکەم عێراق بەجێبهێلم.

31575242834_c51b510e6a_k

هونەرمەند لوئەی فازڵ، لە فیلمی عەریزە نووسەوە(٢٠١٧)، بەمۆڵەتی هونەرمەند

دەتەوێت عێراق بەجێبهێلیت؟

بەڵێ، بەڵام ژیانی من لێرەیە، کوڕەکەم، خێزانەکەم و کارەکەم هەموویان لە نێو شاری بەغدان. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کورەکەم عێراق بەجێبهێڵێت ئەوا منیش بەداویدەکەوم.

ئایا لە کورتە فیلمەکەتدا عەریزە نووسی حەقیقیت بەکارهێناوە؟

تۆ فیلمەکەت بینیوە … تۆ چۆن بیرتکردەوە؟