نەدیم کوفی (لە دایك بووە لە ساڵی ١٩٦٢ لە بەغداد) هونەرمەندی شێوەکار بوەو لەبواری هونەری چاپکردن و دیزاینەری گرافیك کاری کردووە. ئێستا لە شاری ئۆتریخت لە ووڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە. زۆر جار کارەکانی پشت دەبەستن بە وێنەی کۆن و کۆکراوەو مامەڵە دەکەن لەگەڵ بابەتەکانی وەکو لە دەستدان و یادگاری و دەربەدەری. هونەرمەند قسە بۆ رۆیا دەکات دەربارەی کاریگەری و پڕۆژەکانی داهاتووی و هەستە تێکەڵاوەکانی بەرامبەر بە ڕابردوو لە کارەکانیدا.
تۆ زۆر کار لەگەڵ وێنەی کۆن دەکەی، هەر لە وێنەی خێزانیەوە تا وێنەکانی رێکلامکردن. ئایا لەکارەکانتدا بە دوای چ بابەتێکدا دەگەڕێی؟
دەمەوێت دووبارە یادگاریەکان دروست بکەمەوە بەبەکارهێنانی وێنەی خێزانی، بەتایبەتی ئەو وێنانەی کەلە عێڕاق گیراون کاتێك کە خەڵکی عێڕاق دوور بووە لە کێشەی شەڕو ململانێ. ئەو پۆستەرە کۆنانەشی کە ڕیکلامیان دەکرد بۆ کۆکاکۆلا و ئۆتۆمبیل و دەرمان سەرنجی من ڕادەکێشن بۆ هەمان مەبەست. ئەو وێنانەی کۆمکردۆتەوە وەکو مۆزەخانەیەکی بچوك وایە. سود لە وێنە کۆنەکانم دەبینم بۆ پڕۆژە تازەکەم، ئەمەش وەکو ئەوە وایە کە وێنەکان ژیانێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
یەکەم کاری هونەری چی بوو کە تۆ پێی سەرسام بوویت؟
وێنەی نەهەنگێك بوو کە پێغەمبەر یونسی قووتدا، لەسەر مەزارگای شوێنی ناشتنەکەی لە کوفە { ئەوەی کە لە موسڵە تێکدرا}. من هەر گیز نەچومەتە ناو دەریاو سەرسام بوم بە قەبارەی نەهەنگەکە، کە ماسیەکی زەبەلاح بوو. پێمووتراوە کە پێغەمبەر کەسێکی پیرۆز بووە و تێنەدەگەیشتم کە بۆچی نەهەنگەکە دەیەوێت قوتی بدات. ئەو کاتە تەمەنم ٥ بۆ ٦ ساڵان بوو.
وەچۆن ئەمە کاری کردۆتە سەرکارەکانت؟
حەزم لە نیگارەکانی سەرگوزەشتەو ئەفسانەکانە، وەکو چیرۆکی پێغەمبەر یونس. بێ تاوانیەکەیان سەرنجی ڕاکێشام. لە کارەکانمدا، حەزدەکەم بگەڕێمەوە سەر نیگارە سادەکان و کاتی منداڵی و وا هەست بکەم کە هەرگیز نیگارم نەكێشاوە یان هەرگیز نەچوومەتە قوتابخانەی هونەری. بەم شێوەیە نیگارەکان ڕوونترو بیرۆکەکان سادەتر دەبن و مێشکێش ئازادتر دەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە ڕابردوو سەرنجم ڕادەکێشێت و دەمگێڕێتەوە بۆ کاتی بێ تاوانی و خۆشی. مێژوو ناشیرنە و سەیری هەر شوێنێك دەکەی پڕە لە کاری نەگریسی بێ مانا-ڤێتنام بێت یان عێڕاق- بەڵام رۆڵی هونەرمەندان و زانایان لەناو مێژوودا زۆر جوانە.
چ کەسێك و ئەزمونێك کاری کردۆتە سەر کارەکانت بە شێوەیەکی زۆر؟
رفیق ناصر کاری کردۆتە سەر کارەکانم. رفیق ناصر پرۆفیسۆری من بووەو دواتر بوە بە هاوڕێیەکی باشم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە بەغدا. رفیق ئەم ساڵ کۆچی دوایی کرد. لەکۆتای ساڵانی ٨٠ کان یەکترمان دیت، لەکاتێکی ناخۆشدا کە صەدام لەو پەڕی دەستەڵاتیدا بوو.رەفیق سەرۆکی بەشی گرافیك بوو، وە ئەو بەشەی لەسەر مۆدێلی قوتابخانەکانی هونەری رۆژئاوا رێکخستبوو. رێگەکانی وانە ووتنەوەی ئەو جیاواز بوو، بە هەمان شێوە رێگەکانی بەکارهێنانی ئامێرەکانی چاپکردنی جیاواز بوو.
ئەو لە ژێر باروودۆخی تایبەتدا لە ووڵاتی چین خوێندبووی، وە زانیاری وەرگرتبوو دەربارەی تەکنیک و ئامێرە رەسەنەکانی چاپکردنی ووڵاتی چین. زۆربەی کات دەبووە هاوڕێی باشی خوێندکارەکانی. کاتێك دەچوم بۆ بەشی هونەر هەستم دەکرد کە هەنگاوێك دووردەکەومەوە لە ڕیاڵیتی. حەزم لە کاری هەڵکۆڵین و هونەری چاپکردن دەکرد و تەواوی رۆژەکان لە ستۆدیۆ دەبووم. دەمویست کارەکانم ناوازەو ئۆریجناڵ بێت.
تۆ لەساڵی ١٩٩١ عێڕاقت بەجێ هێشت، ئایا تا چەند ئاسان بوو بۆ بەردەوام بوون لەسەر کارەکەت وەکو هونەرمەندێکی ئەو بوارە؟
لەساڵی ١٩٩١، خۆم و خێزانەکەم لە عێڕاق ڕامان کرد. هەموو کەسێك عێڕاقی بەجێ دەهێشت لەو کاتەدا. چوم بۆ عەمان و لەو کاتەدا رەفیق لەوێ بوو. بەیەکەوە ستۆدیۆیەکمان داناو خەریکی کارکردن بووین لەگەڵ رێکخراوە کەلتوریەکانی وەکو دارالفنون و دەزگای شیمان. ئێمە وانەکانی هەڵکۆڵینمان بەیەکەوە دەووتەوە.
ئایا چی تۆی بردە ووڵاتی هۆڵەندا؟
دوای ٤ ساڵ مانەوە لە عەمان، چوم بۆ ووڵاتی هۆڵەندا لەڕێگەی رێکخراوی UNESCO . ئەوە زۆر یارمەتیدام. من وەکو گرافیك دیزاینەر کارم دەکردو دواتر گرافیك دیزاینم دەخوێند لە HKU لە شاری ئۆتریخت. ئەمەش وای کرد کە ئاراستەی کارکردنم بگۆڕم لەگەڵ گرافیك دیزاین. کارەکەم زیاتر بووە بە کارێكی چەمکی، زیاتر وەکو هونەرە جوانەکانی لێهات.
زۆر جار کار لەگەڵ وێنەکانی کاتی منداڵی و وێنە خێزانیەکانت دەکەیت، ئایا زۆر بەی ئەو وێنانەت لەگەڵ خۆت برد
کاتێك عێڕاقت جێ هێشت؟
بەڵێ، نزیکەی ٢٠ وێنەم لایە کە لە وێنە خۆشەویستەکانمن . باوکم ئەو وێنانەی گرتووە. ئێستاش کامێرەکەی باوکم لایە.
ئایا هیچ ساتێکت لە بیرە کاتێك باوکت یەکێك لەو وێنانەی گرتووە؟
ئەوە پرسیارێکی سۆز وروژێنە! لە رۆژانی هەینیدا کە رۆژی پشووە لە عێڕاق، دایك و باوکم جلیان لەبەر من و خوشك و براکانم دەکردو ئێمەش دەچوین بۆ سەر بان بۆ وێنە گرتن. زۆربەی خێزانە عێڕاقیەکان هەموو هەینیەك وێنەیان دەگرت، وە ئەمەش جوان بوو بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا. باوکـم فیلمێکی ١٢ وێنەیی دەکڕی. کاتێك سەیری ئەو یادگاریانە دەکەمەوە، هەست دەکەم باوکم دیدگایەکی جوانی هەبووە بۆ وێنەکان و بەشێوەیەکی جوان لە گۆشەکانەوە وێنەکانی دەگرت. دەتوانی هەست بەبوونی باوکم لە ناو وێنەکاندا بکەیت، هەر چەندە لە وێنەکانیشدا نیە.
باوکت چی دەووت کاتێك ئەو وێنانەی دەگرت؟
دڵنیا نیم…. بەڵام دڵخۆش بوو، ئارام بوو. حەزی بە رۆژانی هەینی دەهات، دەچوو بۆ شتکڕین و بۆ لای سەرتاش و خۆی جوان دەکرد.
ئایا هەمان کارت لەگەڵ خێزانەکەی خۆت دا کردووە؟
نا، نەخێر. بەم دواییانە وێنەی ڤیدیۆیی کچەکەم گرتوەو لەوکاتەدا تەمەنی پێنچ بۆ شەش ساڵان بوەو باسی ئەوە دەکات کەئایا هەست دەکات کە کەسێکی هۆڵەندیە یان عێڕاقیە. ئەو لە هۆڵەندا لە دایك بوەو لە ڤیدیۆیەکەدا زمانی هۆڵەندی لەگەڵ زمانی عەرەبی عێڕاقیدا تێکەڵدەکات. شتێکی گاڵتەو سەرنج ڕاکێشە!
قسەم بۆ بکە دەربارەی پڕۆژەکەت بەناوی مەکینەی ژیری.
مەکینەی ژیری ماڵپەڕێکە کە کۆمەڵێك ووشەی بەیەکەوە بەستراو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەرهەم دەهێنێت. زیاتر لە ٢٠٠٠ ووشەمان کۆکردۆتەوە وەکو داتا بۆ بەرنامەکەمان. بزوتنەوەی هونەری دادای و ووشە هەڕەمەکیەکان کاریگەریان لەسەر من دروست کردووە. هەست بە بێ تاوانی دەکەی کاتێك ووشەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە مەکینەیەکەوە دێنە دەرەوە. کاتێك ئێمە ووشە بەکاردەهێنین، لۆجیکێک و تێگەیشتنێکی تایبەت لە پشت بەکارهێنانی ووشەکان هەیە، کە ئەمەش وەکو مەکینەیەك نیە ووشە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی فڕێداتە دەرەوە. پێموایە ئەوەش وامان لێدەکات کە شارەزای پرۆسەی بێ ئاگایی ببین. ئەوە پڕۆژەیەکی هاوبەش بوو لەگەڵ تەلال رفیت، کە وەکو بەرنامە ساز لە ئەڵمانیا کاردەکات. زمان و سەرچاوەکانم وەرگرت و ئەویش بەرنامە سازی بۆ کردو ئێمەش بەیەکەوە کارمان لەسەر کرد کاتژمێر بە کاتژمێر. ئەو کارەش لە پەیمانگای مۆندی عەرەبی لە پاریس بەزمانی فەرەنسی و عەرەبی پیشاندرا. چێژم بینی کاتێك سەیری بینەرانم دەکرد لەگەڵ مەکینەکە خەریك دەبوون و کاردانەوەیان هەبوو.
ئایا دەگەڕێیەوە بۆ عێڕاق؟
ئەو ساڵ چووم بۆ بەغدا و ماوەی دەڕۆژ مامەوە. دەمویست سەنتەرێکی دیزاین دابمەزرێنم، بەڵام کارەکە سەرکەوتوونەبوو لەکۆتایدا. بەغدا شێواوەو جیاوازە لەوەی کە بە بیرم دێتەوە.