ڕەباب غەزول هونەرمەندێکی بواری کاری هونەری بینراوە هەروەها کار لە سەر ڕەگەزەکانی تری هونەری وەک بەشداریکردن و ئەداکردنیش دەکات، ئەو لە شاری کاردیف لە وێلز ژیان بەسەر دەبات. کارەهونەریەکانی رەباب زیاتر باس لە هۆکار و کاریگەریەکانی هەیکەلە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەکەن هەروەها باس لەوەش دەکەن کە خەڵکی ئاسایی چۆن مامەڵە لەگەڵ سیاسەت دەکەن. کارە هونەریەکانی خاتو ڕەباب گەلێک فۆڕم و شێوازی جیاواز لەخۆ دەگرن وەک: ڤیدیۆ، تێهەڵكێش، تێکست، نواندن، یان دەستوەردان و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ بواری گشتیدا. سەرجەمی کارەکانی ئەم خاتوونە هونەرمەندە بەندن لە سەر دیالۆگ و زۆریش بەچڕی پشت بە تێکست دەبەستێت جا چ دۆزیبیێتەوە، یان نووسراوبێت، یان لە سەرچاوەیەکەوە وەریگرتبێت یان داوای کردبێت. لە بەشی وڵاتی عێراقدا خاتونی هونەرمەند ڕەباب غەزول هەڵدەستێت بە نماییشکردنی بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتری هونەری کە مەسەلەی لێژنەی لێکۆڵینەوەی تشیلکۆت دەکاتە خاڵی دەستپێکی خۆی. ڕەباب غەزول کۆمەڵێک پێشانگای تاکەکەسیشی هەبووە لە هەریەک لە گەلەری گ٣٩ ناوەندی تشاپتێر بۆ هونەر لە شاری کاردیف هەروەها بەشداریشی کردوە لە ژمارەیەکی زۆر لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەکۆمەڵدا.
تۆ بەشێکی زۆری ژیانی خۆت لە وڵاتی بەریتانیا ژیاویت، بۆ تۆ کوێ نیشتیمانە؟
دواهەمین جار کە لە عێراق بووم تەمەنم ٩ ساڵان بوو. باوکم دەستی بە دەرس وتنەوەکرد لە شاری مانچستەر، بۆیە ئێمە بەشێوەیەکی کاتی عێراقمان بەجێهێشت. دواتر شەڕی ئێران و عێڕاق دەستی پێکرد و بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژەی کێشا. ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام لە وڵاتی بەریتانیا گیرساینەوە. لەئێستادا نیشتیمانی من کاردیفە لە وێڵز، ئەو شوێنەی کە تیایدا خوێندومە و بۆ ماوەی ٢١ ساڵ تێیدا ژیاوم.هەندێک شوێنی بچوکی وەک وێلز دەتوانن ببنە شوێنگەلی بەهێز و زۆربەی جاریش بەشێوەیەکی زۆر کاریگەرتر گۆڕانکاری دروست دەکەن لە کاتێکدا شوێنە گەورەکان لە شوێنی خۆیان پێکۆڵ دەکەن. وێلز نەریتێکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەیەو کۆمەڵگایەکی یکگرتووشە. ئەمەش بەشێوەیەکی زۆر قوڵ کاریگەری خۆی لەسەر من داناوە.
چ یادەوەریەکت لە عێراقدا هەیە؟
یادەوەریەکانم بریتین لە سەردەمی منداڵیم، ژیانی خێزانیم،قوتابخانە، گەورەبوون لە شاری موسڵ، پێکەوە کۆبوونەوەی بێکۆتایی خێزانەکان کە نزیکەی سێ تا چوار نەوەی دەگرتەخۆ، ئەم پێکەوە کۆبوونەوانەی کە من دواتر لە بەریتانیا هەستم پێکرد، کاتێک کە زانیم وهەستم کرد ئەم نەریتە لە وڵاتی بەریتانیادا باو نیە. هەروەها من یادەوەریم لە سەر شتی بچوکتریش هەیە وەک، کڕینی گێمەڕ لە دوکانی سەری کۆڵانەکە لە بەیانیاندا، دەنگی شێتانەو تیژی یاری تاوڵە کە لە هەموو ماڵەکەدا دەنگی دەدایەوە. من هەندێک شوێنی تریشم لە عێڕاق بەبیر دێنەوە. ساڵێکیان سەردانی خزمەکانمان کرد لە باشوری وڵاتدا، خێزانەکەمان گەشتێکیان بەنێو زۆنگاوەکاندا کرد. ئێمە بەدرێژایی ئەم ڕێگایانە دەرۆییشتین کە دەشتی زۆرگەورەیان لە زۆنگاوەکان دەبڕین. دەمان بینی کە مناڵەکانی ئەم شوێنە چۆ دەستی ئێمەیان دەگرت بەر لەوەی لە سەر پشتی بەلەمەکانەوە بکەوینە نێو ئاوی زۆنگاوەکانەوە. هەروەها بەسەر بردنی کاتی دوا نیوەڕۆیان لەو ماڵە عەرەبانەی کە ئێمەیان بۆ ماڵەکانی خۆیان بانگهێشت کردبوو، لەو ماڵانەی خۆیان کە لە سەر ئاو دروستیان کردبوون. هەمیشە یادەوەریەکانی مناڵی وەک خەونن و زۆر نموونەیین بەڵام من بەبیرم دێتەوە کە لەنێو ئەم جۆرە ڕێزو ئیحتیرامەدا گەورەبوومە.
وەک هونەرمەندێک، ڕۆژەکانی خۆت چۆن بەسەر دەبەیت؟
هەموو رۆژێکم جیاوازە، ڕەنگە وێنەبگرم، کاری مۆنتاژ بکەم، بنووسم یان پلان دابنێم یان کاری ڕێکخستن ئەنجام بدەم بۆ پڕۆژەکان، جا چ پڕۆژەی تایبەتی خۆم بن، چ پڕۆژەی هاوبەش بن لەگەل خەڵکانیتردا یان ڕێكخراوەکان و دەزگاودامەزراوەکان. زۆر بەی کارەکانی من لە دەرەوەی فەزای ستۆدیۆدا ڕوودەدەن. من بە چڕی بەشدارم لە کۆمەڵگا و چاڵاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا، لەگەڵ گروپ و کۆمەڵەکاندا وەک ئەنجوومەنی گەل، کە کۆمەڵەیەکە لە سەرانسەری وڵاتی بەریتانیادا هەیە و جوڵانەوەیەکە دژبە سیاسەتی سکهەڵگوشین و دژایەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتیە دەکەین کە هەمانە هەروەها دژایەتی بەکەرتی تایبەتکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانمان دەکەین. من بەشێوەیەکی زۆر تایبەت گرینگی بەوەدەدەم کە چۆن چوارچێوەی بەشداریکردنی گەل بەرفراوان بکەین لە نێو خەڵکانی ئاساییدا، ئەوانەی کە دەیانەوێت شتەکان بگۆڕن، بەڵام نازانن چۆن بیگۆڕن. من لە ئێستادا یارمەتی بەڕێوەبردنی گروپێکی هونەرمەندان دەدەم لە نێو ئەم کەمپەینە گەورەیەدا.
کارە هونەریەکانی تۆ بەزۆری کاری سیاسی و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتین. ئایا وەک هونەرمەندێک ڕۆڵی تۆ چیە؟
کاری من پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بەدەگمەن بەبێ بوونی ئەوان بەرێوە دەچێت.من زۆر هەوڵ دەدەم خەڵک بەشداری پێبکەم و کەشوهەوایەکی گفتوگۆئامێز بکەمەوە. کەتایبەتە بەگەڕان لەگەل ئەوانیتردا. کارەکە بریتیە لە ڕێگایەک بۆ درووستکردنی ئەم کەشوهەوا گفتوگۆییانە لە گەڵ ئەوانیتردا. من ئەمە ئەنجام دەدەم لە کارەهونەریەکانمدا بەڵام ئەمە ش بەهەمان شێوە لە چوارچێوەی کۆمەلگا و چاڵاکی کۆمەڵایەتیشدا. بۆ من هەمیشە هەمان پرسیار لەئارادایە- کێ دونیا ڕەنگ ڕێژدەکات ، و دەنگی کێش دەبیسرێت؟
دەتوانی کەمێک بۆم بدوێیت سەبارەت بە دواهەمین پڕۆژەت بۆ بیناڵێ شاری ڤینیسیا؟
کارەکەم بریتیە لە کارێکی ڤیدیۆیی کە بەندە لەسەر گەواهیدانەکەی تۆنی بلێر بۆ لێژنەی لێکۆڵینەوەی تشیلکۆت لە ساڵێ ٢٠١٠، کە لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوامە لە حکومەتی بەریتانی سەبارەت بە تێوەگلانی حکومەتی ئەم وڵاتە لە هێرشکردنە سەر و داگیرکردنی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣. ئەم لێژنەی لێکۆڵینەوەیە سەدان خەڵکی بانگهێشتکردوە و لەنێویشیاندا تۆنی بلێر بۆ ئەوەی وتەی خۆی پێشکەش بکات لەبەر دەم لێژنە گشتیەکەدا. من پێم وایە کە وەڵامەکانی تۆنی بلێر هەمان ‘قسەی خەڵکە’- نەک لەبەر ئەوەی تۆنیبلێر یەکێکە لە خەڵکە یانیش لەپێناوی خەڵک بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی وتەکانی تۆنی بلیر گرینگیەکی ژیانیان هەیە بۆ جەماوەر و خەڵک لە بەریتانیا. ئەم گەواهیە پاساوەکانی تۆنی بلێری تێدایە بۆ تێوەگلاندنی ئێمە لەوجەنگەوە، کۆمەڵەکردەیەکن کە تۆنی بلێر زۆر بەراشکاوی دانی بەوەدانا کە بەناوی ئێمەوە ئەنجام دراون، لە پێناوی پاراستنی ئەزمونە دیموکراسیەکەمان هەروەها لە پێناوی پاراستنی ئازادیمان. وەک هونەرمەندێک بۆ من زۆرگرینگە کە بگەرێینەوە ئەم چرکەساتانە، و ڤیدیۆکە دووبارەیبکەینەوە، و ڕایبگرین. لە نێو ڤیدیۆکەدا، ئێمە گوێمان لە خەڵکی ئاسایی دەبێت و هەمان ئەم وتانە دووبارەدەکەنەوە کە تۆن بلێر وتنی، وتەکان لێوانلێون لە پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کردانەی کە بەناوی ئەوانەوە ئەنجام دراون.
تۆ وەک شانۆکارێکی ئەزموونی لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا مەشق و ڕاهێنانت دەکرد. چ شتیک وایلێکردیت ڕوو بکەیتە هونەرە بینراوەکان؟
سەردەمی بیستەکانی تەمەنم سەردەمی خۆدۆزینەوەم بوون. من کۆمپانیایەکی هونەری نواندنم دانا لەگەل سێ کەسیتردا. هەروەک چۆن بە مومارەسەکارانی شانۆ سەرسام بووم ئاواش سەرسامی هونەرمەندان بووم. کارێکی هونەریم بەڕێوەبرد بەناوی جل وبەرگ، و بۆ ئەم کارە ئیلهامم لە کارێکی هونەرمەندی بواری هونەری تێهەڵکێش ڤالێری سێمیس وەرگرت بەناوی جلی سور(١٩٩٢). کاتێک کە دەستم کرد بە ئامادەکردنی کاری هونەری تاکەکەسی لە سەرەتای سیەکانی تەمەنمدا، وام هەستکرد کە ڕەنگە بە تەنها هونەری نواندن نەتوانێت پێداویستیەکان پڕبکاتەوە. لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت کە واخەریک بوو وەک هونەرمەندێکی بواری هونەری بینراو کارم دەکرد، چیتر کاری شانۆیی ئەنجام نادەم. لە کاتێکدا کە من لە ئێستادا بە شێوازی گەلێک جیاواز کاردەکەم، کەچی ڕەگەزەکانی هونەری نواندن لە نێو مومارەسە و کارە هونەریەکانی مندا هەر بەردەوام دەبن.
چ شتێک کاریگەری هەبووە لە سەر کاری هونەری ئەم دواییانەت’ بەئاستەمێک کات ماوە بۆ تۆمارکردنی ناو و ژمارەکانیان’ (٢٠١٤)؟
داوام لێکرا کە نیگارێک بکێشم بۆ نەخشەی شاری هونەر.من وێنەیەکی براکەمم هەڵبژارد، کە لەتەمەنی ٤بۆ٥ ساڵ دەبوو لەماڵی خۆمان لە شاری موسڵ لە ساڵی ١٩٧٢، کە سواری پاسکیلێکی شی تایە بووبوو، لە بەر هەر هۆکارێک بێت پەقرەجێک چووە سەریەوە. لەڕاستیدا زۆر سەرسام بووم بەم وێنە فۆتۆگرافیە. سەبارەت بە ناو و نیشانەکەش، لە پێشانگای ‘دۆکیۆمێنتا’دا ڤیدیۆییکم بینی کە تێکستێکی گێڕانەوەی تێدابوو ناوو نیشانەکەم لەم تێکستەی ناو ڤیدیۆکەوە بۆ هات. منیش دێرێکم نووسی ‘ کاتێکی زۆرکەم ماوە بۆ ئەوەی ناو و ژمارەکانیان تۆماربکەین’ کاتێک کە بۆ ناوو نیشانێک دەگەڕام بۆ ئەم وێنەیەی براکەم. یەکسەر ئەم دێرە کەوتە زەینمەوە. کێیە کە ناو و ژمارەی ئەم خەڵکە دەنوسێت کە لە ململانێکاندا دەمرن. بۆم دەرکەوت کە هەم وێنەکەو هەمیش ناوونیشانەکە پێکەوە گونجاون.
بۆچی گرینگە کە پشتیوانی هونەر بکرێت لە وڵاتی عێراقدا؟
ڕاگەیاندنەکانی ئێمە وێنەیەکی بەرتەسک و سنوردار بۆ ئێمە دەگرن .ئێمە زۆر پێوێستمان بەوە هەیە کە گێرانەوەکان لە خودی هونەرمەندەکانەوە ببیستین. گوزارشتێک بێت کە لەناوەوەی عێراقەوە بێت. لەرێگەی کۆمەڵێک رێکخراوی وەک رێکخراوی روئیاوە، من دەتوانم زانیاریم هەبێت سەبارەت بەو کارە هونەریانەی کە لە نێو عێراقدا ئەنجام دەدرێن، ڕۆژئاوا رۆڵێکی یەکجار گەورەی بینیوە لە وێرانکردنی بەشێکی گەورەی میراتی کولتووری عێراقی، هەروەها سەری ڕۆشەنبیریە زیندو و هاوچەرخەکەیشیان بڕیووە. ئەرکی سەر شانی ئێمەیە لە ڕۆژئاوادا کە پشتیوانی فەراهەمکردنی هەلی زیاتر بکەین لە پێناوی هونەرمەندانی عێراقدا.
چ ئامۆژگاریەکت بۆ ئەم هونەرمەندانە هەیە کە لە ئێستادا لە عێراق دەژین؟
هەوڵ بدە کە لەگەڵ خودی خۆتدا راستگۆبیت، هەوڵبدە ئەوەندەی پێت دەکرێت کاری هونەری تر کەشف بکە و بیکە بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ خۆت بەبێئەوەی بکەویتە ژێر کاریگەریەکەیەوە.