لەتیف ئەلعانی
لە ٤ی کانوونی یەکەم تاکو ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧
کردنەوەی تایبەتی پێشانگا: ٤ی کانوونی دووەم ٢٠١٧، لە کاتژمێر ٦ی نێوارە تاکو کاتژمێر ٨ شەو لە گەلەری کۆنینگس بای – Coningsby – لە شاری لەندەن

ڕێکخراوی روئیا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی کردنەوەی یەکەمین پێشانگای هونەرمەندی فۆتۆگرافی عێراقی لەتیف ئەلعانی (لە دایک بووی ساڵی ١٩٣٢) لە گەلەری – Coningsby – لە فیترۆڤیا لە شاری لەندەن. پێشانگای لەتیف ئەلعانی لە ڕۆژی ٤ کانوونی دووەمەوە دەکرێتەوە و بەردەوام دەبێت تاکو ١٦ کانوونی دووەمی ٢٠١٧. پێشانگاکە زیاتر لە ٥٠ کاری هونەری دەگرێتە خۆ و گەڕانێکە بە نێو بەرهەمی کارەهونەریەکانی هونەرمەند هەر لە ساڵی ١٩٥٠ وە بگرە تاکو ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.

ئەم هونەرمەندە بە باوکی دامەزرێنەری هونەری فۆتۆگرافی عێراقی لەقەڵەم دەدرێت، لەتیف ئەلعانی یەکێکە لەو هەنەرمەندانەی کە لە بەدۆکیۆمێنتکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی وڵاتەکەیدا لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ تاکو ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خاوەنی گەورەترین ڕێژەی بەرهەمی فۆتۆگرافیە. وێنە فۆتۆگرافیەکانی هونەرمەند تۆمارێکی ناوازەی ئەزموون و ژیانی عێراقی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەخاتەڕوو. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کارە هونەریەکانی هونەرمەند بەرەو کزی و ئاوابوون ڕۆیشتن، بەڵام لەم دواییانەدا هونەرمەند جارێکیتر لە لایەن جەماوەری نێودەوڵەتی هونەریەوە کەوتەوە بەردید. لە ساڵی ٢٠١٥ بەشێک لە کارە هونەریەکانی هونەرمەند لە بەشی وڵاتی عێراق لە پەنجاوشەشەمین بیناڵی ڤینیسیادا نماییشکران، و هەر ئەمساڵیش ماویەک بەر لە ئێستا دەزگای “هاتجز کانتز ‘ یەکەمین لێکۆڵینەوەی لە سەر کارە هونەریەکانی هونەرمەند بڵاوکردەوە، کە خەڵاتی کتێبی مێژوویی لە “لێس ڕیکۆنترێس دی ئەرلێش” ی ساڵی ٢٠١٧ ی بەدەست هێنا.

بەشی هەرە زۆری کارە هونەریەکانی هونەرمەند لەتیف ئەلعانی لە میانەی سێ دەیەدا بەرهەمهێندراون بەزۆریش دەگەرێنەوە بۆ ئەم سەردەمەی کە بۆ وڵاتی عێراق بە سەردەمی زێڕین لە قەڵەم دەدرێت، سەردەمێک کە تیایدا عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو و بەردەوام ڕووەو کرانەوەی زیاتری وڵات بەڕووی جیهاندا هەنگاوی دەنا، هەر لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨)، لەتیف ئەلعانی هەوڵیدا وێنای پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵات بکێشێت. کە پێکهاتەیەکی مۆدێرن و فرەکولتورە، و ڕەنگە وێنە فۆتۆگرافیەکان مایەی سەر سوڕمان بن بۆ جەماوەری ئەمرۆ، چونکە ئەم وێنە فۆتۆگرافیانە هەڵدەستن بە تێکشکاندنی شێوازی تێگەییشتنی ئەزموونی عێراق. لە ڕێگەی بەکارهێنانی فیلمی لە جۆری فیلمی رۆلیکس ٦ × ٦ بەقەبارەی ٣٦مم. هونەرمەند کۆمەڵێک وێنەی فۆتۆگرافی ڕەش و سپی بەرهەمهێناوە کە بەهۆیانەوە هەڵساوە بە تۆمارکردنی ژیانی ڕۆژانەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی ئەوسای عێراق. وێنەی شەمەندەفەرەکان، پردەکان، مزگەوتەکان هاوکات لەگەڵ وێنەکانی مناڵانی قوتابخانە، دوکاندارەکان، سەربازەکان و گەشتیارەکان. جگەلەمانەش، پێشانگاکە ژمارەیەک وێنەی کلاسیکی پاشماوە و شوێنەواری کۆن دەگرێتە خۆی ، کە ئاماژەیەکە بۆ ئاستی گرینگیدانی هونەرمەند بە شوێنەوارناسی و ژیانی مۆدێرن و هەروەها نیشاندانی ئەوەی کە هونەری بیناسازی لە وڵاتی عێراقدا چۆن توانیویەتی بەجۆرێک خزمەت بکات کە هەردوکیان پێکەوە کۆبکاتەوە.

هونەرمەند لەتیف ئەلعانی کۆمەڵێک گەشتی فۆتۆگرافی لە عێراقدا ئە نجامداون و یەکەمین هونەرمەندی فۆتۆگرافیش بووە لە عێراقدا کە توانیویەتی لە ئاسمانەوە وێنەی دیمەن و شار و مزگەوت وڵاتی عێراق بگرێت. پێشانگاکە کۆمەڵێک وێنەی ئاسمانی هەریەک لە گۆڕەپانی ئازادی (تحریر) و مزگەوتی مەرجان دەگرێتە خۆ، کە هەردووکیان لە شاری بەغدان هەروەها وێنەی پاشماوە شوێنەواریەکانی شاری قەتیسفۆن، کە پایتەختی کۆنی ئیمپڕاتۆریەتی پارثیان بووە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە کاتێکدا کە گرووپە سیاسیەکانی عێراق لە ململانێبیەکی توونددا بوون لە سەر گرتنە دەستی دەستەڵات لەو وڵاتەدا، لەتیف ئەلعانی خەریکی نماییشکردنی کارە هونەریەکانی خۆی بوو لە ئەمەریکا و ئەوروپا هەروەها لە تەواوی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەندێک لەو کارە فۆتۆگرافیانەی کە نماییش دەکرێن وێنەی ئەم سەفەرانەن کە هونەرمەند ئەنجامیداون بۆ بەرلین بەمەبەستی نماییشکردنی کارە هونەریەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٦٥دا. لە ساڵی ١٩٨٠ ی سەدەی رابردووەوەڕا بەهۆی سەرهەڵدانی کەش وهەوا و دۆخی دەستەڵاتخواز و دیکتاتۆری رژێمی سەددام حوسێنەوە وایلێهات کە زۆر زەحمەت بوو کاری فۆتۆگرافیانەی ئازاد بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەنجام بدرێت و سەرەنجام هونەرمەند لەتیف ئەلعانی لەکاری بەرهەمێنانی هونەری خۆی وەستا.

وەرچەرخانی دید وسەرنجە جیهانیەکان بۆ سەر کارە هونەریەکانی لەتیف ئەلعانی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە دەستی پێکرد، کاتێک کارە فۆتۆگرافیە هونەریەکانی هونەرمەد وەک بەشێک لە پێشانگای ‘جوانی شاراوە’ لە بەشی وڵاتی عێراق لە پەنجاو شەشەمین بیناڵی شاری ڤینیسیادا نماییش کران. لەم پێشانگایەدا کارە هونەریەکانی هونەرمەند خواست و سەدایەکی جیهانیان پەیاکرد، و دوابەدوای ئەمەشدا لەتیف ئەلعانی خەڵاتی ئەمیر کلاوسی بەدەست هێنا، لە ڕاگەیاندراوی لێژنەی ناوبژیوانی بەخشینی خەڵاتەکاندا هاتبوو کە لەبەر ئەوە هونەرمەند لەتیف ئەلعانی خەڵاتکرا، چونکە هەڵساوە بەدروستکردنی ئەڕشیفێکی فۆتۆگرافی و فرەڕەهەندی زۆر دەوڵەمەندی وێنەی مێژوویی و ناوازەی کۆمەڵگای عێراقی”. هونەرمەند لە تیف ئەلعانی ئەوکاتە زیاتر ناسرا کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا دەزگای هاتجی کانتز بەهەماهەنگی لە گەل رێکخراوی ڕوئیادا هەڵسا بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین لێکۆڵینەوە لە سەر کارە هونەریەکانی ئەم هونەرمەندە. ڕێکخراوی ڕوئیا لە ڕێگەی هێنانی پێشآنگای هونەرمەند لەتیف ئەلعانیەوە بۆ شاری لەندەن لە لایەکەوە هەوڵدەدات لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بڕەوێکی زیاتر بە کارە هونەریەکانی هونەرمەند بدات و لە لایەکیتریشەوە هەوڵدەدات کە بەشێکی لە بیرکراوی مێژووی وڵاتی عێراق لە ڕێگەی نماییشکردنەوە پێشکەشی سەردانیکەران بکات.
خاتو تامارا چەلەبی، سەرۆک و دامەزرێنەری بەشداری ڕێکخراوی ڕوئیا، کە هۆکاربووە لەوەی دوای چەندین ساڵ لە پشتگوێخستن و لە بیرچوونەوە کارە هونەریەکانی هونەرمەند بۆ جارێکیتر ڕووناکی ببیننەوە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دەڵێت:

” من زۆر خۆشحاڵم کە بتوانم جارێکیتر گرینگیدان بگێڕمەوە بۆ کارە هونەریەکانی هونەرمەند لەتیف ئەلعانی دوای ئەوەی کەساڵانێکی زۆر پشتگوێخرابوون. هەورەها زۆریش مایەی دڵخۆشیە کە کارە هونەریەکانی هونەرمەند بۆ یەکەمین جار بۆ جەماوەری هونەری شاری لەندەن نماییش دەکرێن.”