هونەرمەندی دانیشتووی بەسرە هاشم تایە قەیرانی ئاوی بەسرەی لە زنجیرە وێنەیەک دا نمایش دەکات. ئەو سەددانەی کە لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە لە سەر سەرچاوە ئاویەکانی دیجلە و فورات دروست کراون ئاستی ئاوی پاکی بۆ نێو عێراق کەم کردۆتەوە. لە ئەنجامدا، ئاوی دەریای کەنداوی فارس سوێری شط العرب و لقەکانی زیاد کردوە، وزەویەکانی باکوری عێراقی ووشک کردووە. لە سەرەتاکانی ئەم ساڵ، کێشە و ململانێی عەشایری لە باشوری عراق لە سەر کەمی ئاو سەریهەڵدا. هاشم تایە لە ناو قامیشەڵانی باشوری عێراق گەورە بووە، و زۆربەی کارەکانی خۆی بۆ ژیانی شاری بەسرە تەرخان کردوە، لەوەتی ساڵی ١٩٨٠. لە ساڵی ٢٠١٣ بەشدار بوو لە ‘Welcome to Iraq’ لە پەنجاو پێنجەمین پیشانگای ژوری عێراق بینالی فێنیسیا. هاشم دەربارەی ئەو زنجیرە نوێیە و قەیرانی ئاوی بەسرە بۆ رۆیا قسە دەکات.

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

لەرووی مێژوییەوە، بەندەری بەسرە دەروازەیەکی سەرەکی بووە بۆ هاتن و چوونە دەرەوەی عێراق. سیند باد، یەکێک لە باناوبانگترین ئەکتەرەکانی چیرۆکی هەزارویەکشەو، ئەو دەریاوان بوو. نزیکی لە کەنار روبار و دەریا ناسنامەی شارەکەی چۆن چۆنی رێکخستوە؟
جگە لەوەی بەندەری بەسرا رووبە دەریایە، بەسرە سەدان رووباری هەیە. ئاو رۆڵێکی دیاری لە ژیانی خەڵکی بەسرە دا هەیە، و بەشێک لە کەسایەتی خەڵکی پێکهێناوە. خەڵکی بەسرە ناسراون بۆ میهرەبانی، سادەیی و لەخۆبوردەیی، گونجان، ئارامی، و خۆڕاگری.هەڵسوکەوتیان وەکو ئاو ناسک و لەناکاو و بەخشندەیە. ئەوان لە نێو روبارەکان، ماسی و دریا کاری کشتوکاڵی دەکەن، گامێش و مانگا لە نێو قامیشەکان دەلەوەڕێنن، و بەلەم و کەشتی دروست دەکەن. هەموو وەرزێکی بەهار، خەڵکی بەسرە بە بۆنەی ‘رۆژی تەمەڵی’ ئاهەنگ دەگێڕن، لەو رۆژەدا خێزانەکان لەسەر بەلەم بە درێژایی شط ئاهەنگ دەگێڕن. دابونەریت و سەمای ئەو بۆنەیان بە زۆری لە دەوروبەری ئاو دایە. پێش ئەوەی مناڵەکان بخەون، دایکان چیرۆکی عبدالشط بۆ مناڵەکانیان دەڵێنەوە، ئەفسانەی دەریاوانێکی ترسناکە، هەروەها گۆرانی دەریاشمان هەیە، کە لە لایەن ماسیگر و دەریاوانەکانی کەنداوی فارس دوترێت. گۆرانیەکان لاسایی دەنگی شەپۆلە توند و بای توڕە دەکەنەوە، و هەمویان لە ناو بەلەم پێکەوە وەکو رێورەسمێکی ئایینی گۆرنیەکان دەڵێن. لە ساڵانی ٧٠ سەردانی گۆرانیبێژێکی لەو شێوەم کرد لە ماڵەکەیدا. ئەو شەڕابەی بۆمان هێنابوو خواردیەوە، ئامێرێکی سادەی هەڵگرت کە هاوشێوەی ربابەیە، و دواتر گۆرانیەکەی چڕی. هونەرمەند و دەرهێنەر و هۆزانوانەکانیش کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوی شار. گۆرانی هونەرمەند فواد سلیم ‘ یا ابو بلم عشاری’ ( پیاوی بەلەمەکەی عشاری)، شەیدایی پیاوێک وەسف دەکات بۆ خۆشەویستەکەی کە لە گوندی حەمدان لەسەر روبار دەژیت.

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

ئەو فۆلکلۆرە رەسەنە چۆن کاری کردۆتە سەر کارەکەی تۆ لەسەر قەیرانی ئاو؟
من هەموو ژیانم لەگەڵ روبارەکان ژیاوم. وەکو مناڵێک لە خانوێکی قامیشەڵان لە تەنیشت روبارێکی بچوک بە ناوی روباری شەو ژیاوم. پاڵنەری مناڵیم داپیرم بوو بەناوی حەدیبە، کە لە خۆڵی روبارەکان ئەسپی دروست دەکرد. مێژوی دەریایی بەسرە کاریگەری ناراستەوخۆی بەسەر کارەکەم هەبووە. لە سەرەتادا، دەمویست قەیرانی ئاو بەشێوەی پرسیارێکی وجودی، پرسیارێک لە نیوان مەرگ و ژیان بخەمەڕوو. ئەوە هەڕەشەیەکە بۆ مرۆڤ و گیا و ئاژەڵی دڕندە. وەکو هونەرمەندێک، وێنەم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەو راستیە ناخۆشەی هەیە بەیانی بکەم، و ئەو بیابانەی شاری روبارەکانی گرتۆتەوە.

پێشتر ووتت کە شوێنی دڵخوازی تۆ لە بەسرا کۆڕنیشی سەر شط العربە. قەیرانی ئاو چۆن کاری کردۆتە سەر شارەکە؟
ئاوهەوا و ژینگەی بەسرا بە شێوەیەکی کارەساتبار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، و بەردەوامیشە لە تێکشکان، و وێرانی و بە بیابان بوون و لە دەستدانی ناسنامەکەی. ئەوە هەڕەشەیە بۆ هەموو ژیانی بەسرا. کەشوهەوای بەسرا ژەهراویە: خۆڵ، ئاو، و هەواکەی پڕن لەو مادانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن. ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی مادەی پڕلە یۆرانیۆمە کە لە شەڕی نێوان ئێران – عێراق بەکارهاتووە، کە خەڵکێکی زۆری بەسرای تووشی سەرەتان کردووە. پسپۆرێکی ژینگە باس لەوە دەکات کە نیوەی دانیشتوانی ئەو شارە لە ساڵانی داهاتوو تووشی شێرپەنجە دەبن. سوێربوونی زیاتری روبارەکان بووەتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی پیێست کە لەنێو خەڵکی بەسرا دا زیادی کردووە. ژمارەیەکی زۆر ماسی، مانگا و گامێشی کوشتووە، تەنانەت چووەتە نێو بۆڕی ئاوی ماڵانیش، ژمارەیەکی زۆر داری خۆرمای لەناوبردووە و زیانی زۆر گەورەی بە زەویە کشتوکاڵیەکان گەیاندووە. جوتیارەکان باغ و زەویەکانیان بەجێهێشتووە، لە بڕی ئەوە زەویەکانیان دابەشکردووە و دەیفرۆشنە کۆمپانیاکانی بیناسازی و نیشتەجێبوون، یان کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت. خاوەن مەڕو مانگاکان ناوچە قامیشەڵانەکانیان جێهێشتووە و کۆچیان کردوە بەرەو شارەکان.

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

بە بۆچوونی تۆ کێ بەرپرسە لە کەمی ئاوی بەسرا؟
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق پشکی شیری بەرپرسیارێتیان بەردەکەوێت بۆ کەمی ئاوی بەسرا و عێراق. هەڵوێستی حکومەت هەمیشە هەنگاوی کورت خایەن ناوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کەموکوڕیە. ئەو پرسەیان پشتگوێ خستووە و هەنگاوی کرداریان نەناوە بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو، و بەکارهێنانی میتۆدی نوێی ئاودان، و رێگەگرتن لە بەهەدەردانی ئاو. لەگەڵ ئەوشدا، نەیانتوانیوە رێکەوتنامەی دابەشکردنی ئاو واژوو بکەن یان گوشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێ کە کۆنترۆڵی ئەو سەرچاوە ئاویانە دەکەن کە دەڕژێنە نێو عێراق. ئەو وڵاتانەش دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی. سەدەکانی تورکیا لەسەر دیجلە و فوڕات، و هاوکات سەددەی گەورەی ئیلسو کە بەو دواییە دروست کراوە، رێژەی ئاوی دیجلەی کەم کردووە. لەهامانکاتدا، ئیران، رێڕەوی سەرەکی روبارەکانی کارون و کەرخی گۆڕیوە، و سەددەیەکی لە سەرانسەری زاب دروست کردووە، کە ئەویش ئاوەکەی دەڕژێتە نێو دیجلە. کەمی ئاوی عێراق ژیانی سروشتی لە عێراق دژوار کردووە.

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

لە یەکێک لە وێنەکانی تۆدا، دەبینین کەسێک لەرێگەی قەسەبەوە لە کارتۆنێکی شەربەت دەخواتەوە. مۆدێرنە و ژیانی مۆدێرنی بەسرا چۆن چۆنی لە کارەکانی تۆدا دەردەکەوێت؟
ئەو کەسە لە رێگەی قەسەبێکی پلاستیکی ئاو دەخواتەوە، ئاوی هەورێک کە دەبێ وابێنینە بەرچاومان کە بە ئاوی باران پڕبووە. ئەوە نوکتەیەکی رەشە. ئەو چاوەڕواننەکراویە و کارە سەرنجراکێشە وەکو تەنزێکی لێکردوە: قەسەبی پلاستیکی ئاو لە هەورێکی گەڕۆک رادەکیشێت، من ئاو وەکو هێزێکی سروشتی پیشان دەدەم کە دەتوانێ بچێتەنێو مادە، یان هێزێکی سەرەکی کە بتوانێ ژیان ببەخشێت.

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

بێ ناونیشان، ٢٠١٨، لە سەر رێگەپێدانی هونەرمەند

هەروەها قەیرانی ئاو وەکو هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ووڵات دەبینرێت. پێت وایە هونەرمەندانی عێراق بەرپرسیارێتیان لە سەر شانە کە ئەو قەیرانە بخەنەڕوو؟
بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتە زۆر جێی نیگەرانیە: کە قەیرانی ئاو خراپتر بێت. پسپۆڕان پێشبینی ئەوە دەکەن کە روبارەکان ووشک دەبن و ووڵات بەرەو بیابان بوون دەچێت. ئەوە دەکرێ بەرەو ململانێیەکی ناوخۆیمان ببات. من وەکو هونەرمەند، ئاگاداری بەرپرسیارێتیەکانی خۆم سەبارەت بەو کێشە و هەڕەشانەی کە مانەوەی شارەکەم دەخاتە ژێر مەترسی هەم. هونەرمەندان دەتوانن قەیرانی ئاو لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای عێراق دەگرێتەوە بخەنەڕوو. دەتوانن هوشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسیەکانی ئەو پرسە بەرزبکەنەوە، و ئەو پرسانە لە رێگەی پیشانگا و وؤرکشۆپ و کۆنفرانس تێبگەیەنن و بیخەنە روو. هیوادارم کە هونەرەکەم بتوانێ لەو بوارەوە رؤڵی هەبێت و لەگەڵ سەرچاوەکانی تر گوشاری کۆمەڵایەتی دروست بکات بۆ دروست کردنی گۆرانکاری.