هونەرمەند شێروان فاتیح (لەدایک بووی ساڵی ١٩٧٤، عێراق) لە شاری سلێمانی دەژیێت و هەرلەوێش کارە هونەریەکانی خۆی ئەنجام دەدات. ئەو یەکێکە لە نێو ئەم شەپۆلە نوێیەی هونەرمەندانی سلێمانی کە کار دەکات لە بوارەکانی کارکردنی هونەری تایبەت بە شوێن، هونەری تێهەلكێش و هونەری ڤیدیۆ سازی. ئەم هونەرمەندە بەشێوەیەکی سەرەکی جەخت دەکاتە سەرسیستەمی پەروەردەیی لە وڵاتی عێراقدا، و بۆ بەرهەمهێنانی کارەهونەریەکانی بەشێوەیەکی زۆر چڕ کار لەگەڵ قوتابخانە و مناڵانی قوتابخانەدا دەکات. شێروان بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەکاری هونەری مەساحە(٢٠٠٩)، هەڵسا بە کۆکردنەوەی پاشماوەی مەساحەکانی مناڵانی هەر شەش پۆلی قوتابخانەیەکی سەرەتایی نێو شاری سلێمانی. کارە هونەریەکە بریتی بوو لە وێناکردنی ململانێی نێوان سروشت و پەروەردەکردن، پڕۆسەی دووبارەکردنەوە و ڕاستکردنەوەی نێو سیستەمەکانی فێرکردن کە بۆمناڵان داڕێژراون. هونەرمەند لە بارەی ئەم بابەتە و کارەهونەریەکەی ئەم دواییانەی بۆ ڕێکخراوی ڕوئیا دەدوێت.

وەک هونەرمەندێک، چ شتێک ئێوەی کێشکرد بۆ بیرۆکەی کارکردن لە گەڵ قوتابخانە و مناڵانی قوتابخانەدا؟
قوتابخانە یەکێکە لە بوار و کایە گشتیەکان و بەشێکی سروشتی ئەوکۆمەڵگایەیە کە تیایدایە. من هەوڵدەدەم جەخت لە سەر پەروەردە و فیرکردن بکەمەوە بۆئەوەی بتوانم لە ڕێگەیانەوە قسە لەسەر کێشەی گەورەتر بکەم کە ئێمە هەم لە کوردوستان و هەمیش لە عێراقدا ڕووبەڕوویان دەبینەوە. لە میانەی پڕۆژەهونەریەکەی پێشوترم بەناوی مەساحە(٢٠٠٩)، سەرنجم خستۆتە سەر ئەوەی ئاخۆ چۆن چۆنی پەروەردە هەڵدەستێت بە گەڵاڵەکردنی ڕەفتارەکانمان وەک تاکەکەس و دواتریش چۆن نەریتە کۆمەڵایەتیەکانمان بۆ دروست دەکات. بۆ نموونە، هەمووکەسێک هەڵەدەکات، بەڵام خەڵک زۆر بەدەگمەن دان بەهەڵەکانیاندا دەنێن، بەتایبەت ئەوانەی کە پێگەو پایەی دەستەڵاتدارێتیان هەیە، وەک سیاسەتمەدارەکان و سەرکردەکان. لەکاتێکدا مناڵانی قوتابخانە دان بەهەڵەکانی خۆیاندا دەنێن.

پڕۆژەی هونەرمەند شێروان فاتیح بەناوی “مەساحە”(٢٠٠٩) بەدۆکیۆمێنتکراوە لە ژێر هەمان ناوونیشاندا. بەمۆڵەتی هونەرمەند

هونەرمەند شێروان فاتیح: وێنەیەک لە پڕۆژە و کاری هونەری تێهەڵکێشی “مەساحە”(٢٠٠٩

سەبارەت پڕۆژە کاری هونەری مەساحە، هەڵسام بەکۆکردنەوەی مەساحەکانی منداڵانی شەش پۆلی جیاوازی یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری سلێمانی. سەرنجمدا ئەم منداڵانەی گەورەتر بوون بەشێوەیەکی زۆر کەمتر مەساحە یان ڕەشکەرەوەکانی خۆیانیان بەکار هێنابوون. پرسیارەکەی من ئەوە بوو: ئایا گەورەکان لەکوێدا هەڵە دەکەن، بۆچی گەورەکان هەڵەکانی خۆیان دەشارنەوە؟ ئەم هەستکردن بەشەرمەزاریەی کاتی هەڵەکردن لە کوێوە دێت؟

وەک کەسێکی پێگەیشتو، تاچ ئەندازەیەک بەئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی مناڵی خۆت و قۆناخە سەرەتاییەکانی قوتابخانەی خۆت نیگاردەکێشیت؟
پڕۆسەی پەروەردە لە عێراقی ئەمڕۆدا وەک دیسپلینکردنکی سەربازیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم پڕۆسە پەروەردەییەی ئەمڕۆ لەئارادایە بەردەوامیدانە بە هەمان سیستمی پەروەردەیی کە لەسەردەمی رژێمی دیکتاتۆری سەددامدا لە ماوەی چەند دەیەیەکدا گەڵاڵە بوو. من ئەم پڕۆسە پەروەردەییەی قوتابخانەم لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئەزموون کرد. بەڵی کارە هونەریەکەم ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئەزموونی مناڵیمە، چونکە من وام هەست دەکرد لە کەمپێکی سەربازیدام وخەریکە لە چالێکی لێوانلێو لە پڕوپاگەندەدا نیغرۆ دەکرێم و هیچ کات وام هەستنەدەکرد کە مناڵێکم لە قوتابخانەدام. ئێمە هەموومان ئەو دۆخەمان ئەزموون کرد. من لەم بڕوایەدام کە ئەم توندوتیژیە شاراوەیەی لە نێوسیستەمی پەروەردەی ئەمڕۆدا بوونی هەیە، یەکێکە لەو میراتە خراپانەی کە لە رژێمی حیزبی بەعس بۆمان ماوەتەوە. هەمیشە سەرنجەکان لە سەر جەنگ بوون، تەنانەت کتێبەکانی بیرکاری قۆناغەکانی سەرەتاییش وێنەی دەبابە و فرۆکەیان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە فێری ژماردنمان بکەن. لە کاری هونەری نواندن و تێهەڵکێشەکەمدا بەناوی چاکەتەکەی باوکم (٢٠١٧)، هەوڵمداوە وێنای هەڵسوکەوتی کەسی پەروەردەکار(مامۆستا) بکەمەوە وەک کەسێکی بەهێزی باوکسالار، هەروەها هەوڵمداوە تیشک بخەمە سەر بەردەوامی کاریگەریەکانی ئەم پڕۆسە پەروەردەییە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکیتر بە درێژایی چەند دەیەیەک.

هونەرمەند شێروان فاتیح: تەپ و تۆزی فێربوون(٢٠١٦). بەمۆڵەتی هونەرمەند.

ئایا لە کارەهەنەریەکانی ئەم دواییانەتدا چۆن چۆنی پەرەت بەم چەمکانە داوە ؟
من سەیری ئەم مەیل و خواستە سەربازگەراییەی رێکخستنی کاتم دەکرد لە سیستەمە پەروەردەییەکانمادا. بەجۆرێک درێژبووەتەوە کە کۆمەڵگاکانی ئێمەی پێ ئیدارە دەدرێت لەم سەردەمی پۆست پیشەسازیەدا. لە کارێکی هونەری تێهەڵكێشی نوێی ئەم نزیکانەمدا بەناوی تەپ و تۆزی پەروەردە و فێرکردن(٢٠١٦)، هەڵساوم بەدروستکردنی خشتەیەکی کاتەکان لە سەر تەختە ڕەشێک، و زەنگی قوتابخانەکانم پێوە هەڵواسیوە بەجۆرێک کە لە میلی چرکە ژمێر و خولەک و سەعات ژمێر دەچن. ئەم کارە هونەریەم لە پێشانگایەکی بەكۆمەڵ لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانیدا بەناوەی “ژاوەژاو” نماییش کرد کە لە لایەن هونەرمەند شێرکۆ عەبباسەوە سەرپەرشتیکرا. ئەم پارچەکارە هونەریەم پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا لە ڕاستیدا دەتواندرێت پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی کاتەوە کۆنتڕۆل بکرێت؟ ئەوانەی کەدەیانەوێت فێر ببن بەهەر شێوەیەک بووبێت ئەمکارەی خۆیان هەر ئەنجام دەدەن، جا لە هەر کاتێکی ڕۆژدا بێت و لە زۆربەی جارەکانیشدا لە خۆمانەوە ئەم کارە دەکەین. بەبۆچوونی من، ئەم ڕیکخستنە سەربازیەی کات یەکێکە لە خاڵە هەرە لاوازەکانی سیستەمی پەروەردەیی ئێمە.

ئەم بابەتانەی کە ئێوە کاریان لە سەر دەکەن ، وەک دابەشکردنی کات، و ئەم کەرەستانەش کە ئێوە بەکاریان دەهێنن، وەکو تەباشیر و تەختە سڕ، دەکرێ لە هەر قوتابخانەیەکدا هەبن لە سەرانسەری جیهاندا. بۆچی ئێوە سەرنجتان لە سەر وڵاتی عێراقدا چڕدەکەنەوە؟
بەپێی ئەم توێژینەوانەی کە من خوێندونمەتەوە، سیستەمە پەروەردەییە تەندروست و سەرکەوتوەکان ئەم سیستەمانەن کە هانی تاکەکان دەدەن بۆ ئەوەی کۆشش بکەن بۆ بەئەنجام گەیاندنی بیرۆکەکانی خۆیان و هەڵەکانیاشیان بۆ ڕاست دەکەنەوە. ئەم تاکانەی کە بەمجۆرە پەروەردە دەکرێن لەتونایاندا هەیە گۆڕانکاری دروست بکەن و لەڕێگەیەوە بەشداری بکەن لە کۆمەڵگاکانیاندا. من لەم بڕوایەدام کە ئەم سیستەمە پەروەردەییەی ئێستامان هیچ کاریگەریەکی ئیجابی بە سەر کۆمەڵگای ئێمەدا نیە لە عێراقدا، و منیش وەک هونەرمەندێک دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەم کێشەیە.

تاکو هەشتاکانی سەدەی رابردو وڵاتی عێراق بە بەهێزی سیستمی پەروەردەکەیەوە بەناوبانگ بوو. بەڕای تۆ چ هۆکارێک ڕۆڵی هەبووە لە پاشەکشە و ئاوابوونی ئەم سیستەمە پەروەردەییە بەهێزەدا؟
ئەم سیستەمە پەروەردەییەی کە ئێستا لە عێراق لە ئارادایە تاڕاددەیەک سیستەمێکی نوێیە بەبەراورد لە گەڵ سیستەمە پەروەردەییەکانی ئەوروپا. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە مەلیک دەستەڵاتی گرتە دەست، یەکەمین قوتابخانەکان لە وڵاتی عێراق دامەزران. لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری بەغداد قوتابخانەی هاوپەیمانی کچان دامەزرا و دواتر لە ساڵی ١٩٣٢ دا مەسیحیە(یەسوعیەکان)ی ئەمەریکا کۆلێژی بەغدایان دامەزراند. سەرەڕائەوەی کە ئەم قوتابخانانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەزگاو قوتابخانەی مەزهەبی و تایەفی بوون، کەچی قوتابیانی سەربە زۆربەی ئایینەکانیان وەردەگرتن. بەرلەم قۆناغە، پەروەردەو فێرکردن لە وڵاتی عێراقدا لە دەزگاو دامەزراوە ئایینیەکاندا فەراهەم دەکرا. دەزگا و دامەزراوە پەروەردەییە مۆدێرنەکانی عێراق هەروەک بەر لەئێستاش ئاماژەم پێدا مەینەتی زۆریان بینی بەهۆی ئەو جەنگانەی بەرپابوون هەر لە سەرەتاکانی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووەوەڕا، هەروەها بەهۆی پڕوپاگەندەکانی رژێمی بەعسی ئەوسا. پڕوپاگەندەی حیزبی بەعس لە بری پەروەردەو فێرکردن بوو بە پاڵنەر و هێزی سەرەکی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە عێراقدا. لەماوەی سزا ئابووریەکانیشدا شتەکان زۆر بەرەو خراپتر چوون لەو کاتەوەڕا هەمووشتێک لە شوێنی خۆیدا ڕووی لە وەستان وداڕمان کرد. بۆماوەی زیاتر لە سی ساڵ هیچ گۆڕانکاریەک بەسەر سیستەمی پەروەردەیی و مەنهەجەی خوێندنەکانماندا نەهاتن، بەلایەنی کەمەوە ئەم سیستەمە پەروەردەییە بوو بە سیستەمێکی کۆنینە. دوای ئەمە چەند گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێک ئەنجامدراون، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم گۆڕانکاریانە زیاتر ڕەهەندە شکڵیەکەیان وەرگرتوە و هیچ مانایەکیان نەبووە و گۆڕانکاریەکان خۆیان لە قەری کێشە جەوهەری و ڕیشەییەکان نەداوە و من هیچ گۆڕانکاریەکی کردەییم نەبینیوە.

ئایا خۆتان وەک چاڵاکوانێکی نێو کۆمەڵگا لەقەڵەم دەدەن؟
وەک هونەرمەندێک، پێویستە لەسەرم کە لەگەڵ خەڵکدا کاربکەم، بەڵام من خۆم وەک چاڵاکوانێکی نێو کۆمەڵگا لە قەڵەم نادەم. من بەردەوام پرسیار دەوروژێنم وکێشە دەخەمە بەردید و دواجاریش ڕێگەچارەکانیان دەخەمەڕوو، جا چ لە دوتوێی کارەهونەریەکانمدا بێت و چ لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕۆژانەمەوە بێت. لە بەرامبەردا، ئەوانیش پرسیاریان بۆمن هەیە. ئەمەش بۆخۆی پڕۆسەیەکی هاوبەش و ئالوگۆڕکارانەیە.

ئێوە چ تێگەییشتنێکتان هەیە بۆ چەمکی مناڵ، وەک هونەرمەندێک بۆچی مناڵ لای ئێوە گرینگی خۆی هەیە ؟
مناڵان زۆر هەستیارن و هەروەک لە پڕۆژەکەشمدا دەردەکەوێت، مناڵان زۆربەئاسانی هەڵسوکەوت تێگەییشتنیان بۆ جیهان گەڵاڵە دەبێت و دەکرێت بەهەمان ئاسانیش یاری بەم هەڵسوکەوت و تێگەییشتنەی مناڵ بکرێت. ئەم ماوەیەی کە کارم لە سەر پرۆژەی مەساحە دەکرد ، هەوڵمدەدا کەش و هەوایەکی زۆر ئارام و لەباریان بۆ سازبکەم، لەگەل ئەوەشدا زۆر هانمدەدان بەشداری چاڵاکیەکە بکەن و پرسیار بکەن. من لەهەوڵی ئەوەدابووم زەمینەی ئەوەیان بۆ فەراهەم بکەم کە بەشێوازێکی ڕەخنەییانە بیربکەنەوە و لەگەڵ پڕۆژەکەمدا بە هزر و رۆح تێکەڵ ببن- بەپێچەوانەی ئەم شێوازی فێرکردنە سەربازیەی کە لە قوتابخانەدا فێری دەبوون. من دەمەویست ئەوە ڕوون بکەمەوە کە هیچ ڕێگە و شێوازێکی ڕاست یان هەڵە نیە بۆ بەشداریکردن. ئەگەر ئەوان هەڵەیان کرد ئەوا دەتوانن بەردەوام بن و نابێت شەرم لەوە بکەن دان بەهەڵەکانیاندا بنێن. ئەم کارەم وزە و هێزی خۆی لەم خۆشەویستی و سۆزەمەوە وەردەگرت کە هەمبوو بۆ ئەم یادەوری و جیهانە پاکەی لەمناڵیما بینیبووم.

هەنەرمەند شێراون فاتیح: چاکەتەکەی باوکم(٢٠١٧)، کاری هونەری نواندن و تێهڵکێش. بە مۆڵەتی هونەرمەند.

ئایا وەک هونەرمەندێکی بواری هونەری تێهەڵکێش کە لە شاری سلێمانیدا کار دەکەن ئەم بەربەستانە چێن کە ڕووبەڕووتان دەبنەوە؟
کارەکەم بەهایەکی ئەوتۆی نابێت ئەگەر ڕووبەڕووی هیچ بەربەست و زەحمەتیەک نەبمەوە. لە پڕۆژەی مەساحەکەدا، پێویست بوو مۆڵەت لە مامۆستایان وەربگرم بۆئەوەی بتوانم دەست بخەمە نیو پۆلەکان و لەگەڵ مناڵان کاربکەم. زۆربەی مامۆستایانی شاری سڵێمانی هیچ ئاشنایەتیەکیان نەبوو لەگەڵ مومارەسەکردنی هونەری هاوچەرخ و هونەری هاوچەرخیان بەلاوە نامۆبوو و لە سەرەتاشدا کێشەی تێگەییشتنیان هەبوو بۆ پڕۆژەکە. هەروەها کارکردن لەگەڵ مناڵاندا ئەویش بۆخۆی زەحمەتیەکیترە. دواجاریش زۆر زەحمەتە کە وەک هونەرمەندێکی کۆنسێپچواڵ لە شاری سلێماندا بتوانی بناسرێیت و سەنگ و سومعەیەک بۆخۆت دروست بکەیت. ئەمەش کاریگەری لەسەر سەرجەم هونەرمەندانی عێراق هەیە. لە ئێستادا من لە هەوڵی ئەوەدام کە بەسەر ئەم زەحمەتیانەدا سەرکەوم و ڕێگەش بۆ نەوەی نوێ خۆشبکەم .