ڕەشاد سەلیم هونەرمەند و دیزاینەرێکی عێراقی – ئەڵمانیە و لە شاری لەندەن نیشتەجێیە. ئەم هونەرمەندە لە پڕۆژەکەیدا “سەرلەنوێ وێناکردنەوەی کەشتیەکەی نوح” ئامانجیەتی کە هەڵبستێت بە دروستکردنی کەشتیەکی حەقیقی کە توانای دەریاوانی هەبێت و وێنای کەشتیەکەی نوحی تێدا بەرجەستەبکرێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکە کۆناکانی دروستکردنی کەشتی کە خەڵکی ئەو سەردەمی وڵات بەکاریان دەهێنا.هونەرمەند ڕەشاد سەلیم بەردەوام لەکارکردندا بووە لەگەڵ پیشەکارە خۆجێییەکانی ئەم بوارە لە سەرجەم ناوچەکانی باشوری عێراقدا. هونەرمەند لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٦ دا یارمەتیەکی دارایی لە دازگای روئیا وەرگرت بۆ تەواوکردنی کارە مەیدانیکەی لەعێراقدا. هونەرمەند ڕەشاد سەلیم کوڕی هونەرمەند و دیپلۆماتکار نزار سەلیم و برازای هونەرمەند جەواد سەلیمە، ئەو لە تەمەنی هەرزاکاریەوە رووی لە عێراق کرد و دیزاینکردنی هونەری گرافیکی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە بەغدا خوێند. لە ساڵی ١٩٧٦ دا بەشداریکرد لە گەشتی سەرکەشی ” ثۆر هایردال” ی نەرویجی لە روباری دیجلەدا، بە زەورەقێکەوە لە ناو زۆنگاوەکانی عێراقەوە گەشتێکی سەرکەشانەیان ئەنجامدا بۆ رۆژهەڵاتی ئەفریقیا. هونەرمەند لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ دەزگای روئیادا قسەدەکات سەبارەت بە پڕۆژەکەی خۆی و گرینگی پاراستنی کەلەپوری دروستکردنی بەلەم لە عێراق و پاراستنی هەردووک روبارەکەی.

13335875_10154893838590299_787109164524120132_n

زەورەقێک لە حەوزی مەشحوف. ئەم زەورەقە بە هاوکاری عەرەبی زۆنگاوەکانەوە بۆ پڕۆژەکە” سەرلەنوێ وێناکردنەوەی کەشتیەکەی نوح” دروستکراوە. حیللە،بابل، ئایاری٢٠١٦

ئەفسانەو مێژووە زارەکیەکان بریتی نین لەم ڕووداوە مێژووییانەی کە بتواندرێت پشتیان پێ ببەسترێت، لە بەر ئەوەی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەندە لەسەر خەیاڵ وهیچ کاتێک ناتواندرێت ڕاستی و دروستیەکەی بسەلمێندرێت. کەواتە بۆچی تاکو ئێستاش بۆعێراقیەکانی ئەمڕۆ گرینگە؟
لەعێراقدا، جگە لە ئەفسانەکانمان هیچیترمان بۆ نەماوەتەوە، ئەم ئەفسانانە پێمان دەڵێن کە ئێمە لە کوێوە هاتووین، شوناسەکەمان چیە، لەکاتێکدا لە هەناوی ئەم ئەفسانانەدا کۆمەڵێک شێواز هەیە رێگەمان نیشاندەدەن کە ئێمەبەرەو کوێ دەرۆین.ئەم ئەفسانانە هەم لە زانیاری ئێمەو هەمیش لە نێو هەناوی کۆمەڵێک ڕووداوی حەقیقی نێو شارەزایی و مێژووی مرۆڤایەتیەوە هەڵدەقوڵێن. بۆنموونە لێکۆڵینەوە جیۆلۆجیە مێژووییەکانی تایبەت بە چینەکانی زەوی لە عێڕاق و شوێنەکانیتر ئەوەمان نیشان دەدەن کە لە سەدەکانی بەر لەمێژوودا تۆفانێک لەم ناوچەیەدا هەستاوە، لەمرۆشدا ئێمە بۆ جارێکیتر لە ژێرهەڕەشەی فەوزا و ئاژاوەیەکیتری کەش وهەواداین.

ئێوە دەڵێن کە کەشتیە ئەسڵیەکەی سەردەمی شارستانیەتی نێوان دوو ڕووبارەکە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی شارەزایی دروستکردنی ئەم بەلەمانەوەبووە کە بەڕاستی لەسەردەمی ئەم لافاوو تۆفانەدا هەبوونە. ئایا ئەهەمیەتی ئەم تێڕوانینە جیاوازەی ئێوە چیە لە سەر گێڕانەوەکانی تایبەت بە کەشتیەکەی نوح؟

بەزۆری والێکدەدرێتەوە کە کەشتیەکەی نوح یەک کەشتی بووە.بەڵگەشم بۆ ئەم بۆچوونەی خۆم ئەوەیە کە خەڵکی ئەم سەردەمە کۆنە لە ئاستێکی مەعریفی هێندە بەرزدا نەبوونە کە ڕیسک یان سەرکەشی ئەوەیان تێدابێت کەشتیەکی هێندە گەورە و تێرو تەواو دروست بکەن کە ژیانی خۆیانی پێ ڕزگار بکەن. بەڵکو لەجیاتی ئەمە، لەتوانایاندا هەبووە کۆمەڵێک بەلەم بەکاربهێنن کە لەوکاتدا بەکاردەهێندران وەک بەلەمی کفة – بەلەمی داپۆشراو بە پێستە یان شەمع”، بەلەمی کەڵەک- جۆرەبەلەمێکە کە لە ئەنجامی لێکدانێکی تۆکمەی کۆمەڵەدارێک دروستبکرێت و دەریاوانی پێدەکرێت” هەروەها بەلەمی دروستکراو لە قامیش. ‌‌‌‌کۆکردنەوەی بەلەمە داپۆشراوەکان بە پێستە یان شەمع لە کەشتیەکی سەرەکیدا کە وا دێتە خەیاڵ بەلەمێکی شێوە بازنەیی بێت ئەمەش ئەم نوشتە(مۆری شینی چاوو زار) باوەی وڵاتی عێراقمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ناوی (حەوت چاو)ە، کە بازنەیەک لە ناوەراستەوەیە ودەوریشدراوە بە شەش بازنەی هاوقەبارەی وەک یەک هەن. ئەم جۆرە نوشتانەی دژ بە چاو و زار لە عێراقدا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەمنداڵانەوە دەکرێن.ئەم ڕێکخستن و شێوازە ئەندازەییە لە هونەرەکانی نێوان هەردوو ڕووبارەکەو هونەری ئیسلامیدا بە ڕوونی دیارە و رەگ و ڕیشەشی لە نێو ئەو شێوازانەدا هەیە کە دەتواندرێت لە نێوسروشت و فیزیادا بدۆزرێنەوە.بەم جۆرە پەیامی سەرەکی کەشتی نوح بریتیە لە پەیامی یکگرتن و کۆکردنەوە. لەبەرئەوەش کە عێراق لە ژێر هەڕەشەی لێکترازاندایە، بۆیەمن دەمەوێت ئەم چیڕۆکە جارێکیتر دەرخەمەوە. من دەمەوێت گفتوگۆیەکی داهێنەرانەو لۆژیکیانە لە بارەی مادیەتی بەدڕەوشتانەی نێو ڕۆشەنبیری ڕۆژئاوا دەستپێبکەم.ئەمەس پڕۆژەیەکی هونەری گشتی بەندە لەسەر هەماهەنگی و تێکهەڵکێشانی کۆمەڵگایی.

A model coracle or guffa is made with the help of Marsh Arabs at Beni Assad, Babylon, May 2016. Courtesy of the artist.

سەلیم لەگەڵ عەرەبەکانی زۆنگاوەکانی شاری حیللە و بابل کاردەکات لە پێناوی خوڵقاندنی کەش وهەوایەکی هزری تایبەت بە دروستکردنی کەشتی و بەلەمەکان. وێنە ڕەشاد سەلیم، ئایاری ٢٠١٦. بەمۆڵەتی هونەرمەند

چۆن ئەم کەشتیە دروست دەکەیت؟
من بە زۆربەی شوێنەکانی عێراقدا گەڕاوم و کارم لەگەڵ پیشەکارە ژن و پیاوەکاندا کردوە لە پێناوە لێکۆڵینەوە لە تەکنیکەجیاوازەکانی دروستکردنی کەشتی. لە شاری حیللە بەدیاریکراوی کارمان دەکرد لە سەر زیندوکردنەوەی دروستکردنی ( بەلەمی کفة – بەلەمی داپۆشراو بەپێستە یان شەمع) هەروەها لێکۆڵینەوەمان دەکرد لە سەر بەلەمەکان بەشێوەیەکی گشتی و بەلەمی دروستکراو لە داری خورما بە شێوەیەکی تایبەتی. هەروها لە ناوچەی عەین ئەلتەمر، زیاتر لە سێ کیلۆمەتر گوریسی بەدەست دروستکراومان بەرهەم هێناوە. ئێستاش سەرخانی (بنیة فوقیة) دروستکردنی کەشتیەکە لە ژێر لێکۆڵینەوە و دیراسەکردندایە هەروەها نموونەکانیش لە ژێر دروستکردندان بەهاوکاری لەگەڵ عەرەبە دەربەدەرکراوەکانی زۆنگاوەکان کە ئێستا لەسەر رووباری ئەلهاشمیە لە ناوچەی هەمزەی ڕۆژئاوادا دەژین. تاکو ئێستا لە دە ( بەلەمی کفة – بەلەمی داپۆشراو بە پێستە یان بە شەمع) شەش دانەمان دروست کردوون بەو قەبارەیەی کە ڕاوچیەکان بەکاری دەهێنن (بە پانتایی – تیرە- ١.٦م). لە ئێستاشدا گروپێک رادەهێنم بۆ ئەوەی بتوانن ١٣ “بەلەمی کفة- بەلەمی داپۆشراو بە پێستە یان بە شەمع”ی بارهەڵگر دروست بکەن (کە پانتاییەکەیان – تیرە- ٤بۆ ٥ مەتر بێت)، ئەم بەلەمانە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دیارنەمان، کاتێک کە لۆری و شاحینەکان هاتنە نێو عێراقەوە. لەم سەفەرەی دواییمدا بۆ عێراق نزیکەی پێنج بەرمیل قیری (چیدەم- tchidam ) مان دەرهێنا کە جۆرێکی زۆر تایبەتی قیری سروشتیە و بەکاردەهێندرێت بۆ باراستنی بەلەمی “کفة” لە ئاو. تەنها سەرچاوەی ئەم جۆرە قیرە لە شاری هیتە کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و لە ژێر دەستەڵاتی داگیرکاری داعشدا بوو و تاکو ئێستاش چوون بۆ نێو ئەم شارە کارێکی زەحمەتە. سەرەڕای تەکنیکە کۆنەکان، من پشت بە لێکۆڵینەوەو بیرکردنەوەی لۆژیکی دەبەستم بٶ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم بەلەمانە کاردەکەن لەسەربنەمای میراتی مێژوویی عێراقی بۆ دروستکردنی بەلەمەکان و پێوەرەکانی تایبەتیەت بە ژینگەو وڵاتی ئێمە دروستکراون. بەڵام لە ڕووی مەفهومی و وێناکردنەوە دیزاینی بەلەمەکانی هاوشیوەی” سەرلەنوێ وێناکردنەوەی کەشتی نوح” و پەیکەری کەشتی جێمەبەستی ئێمە لە نەزم و رێکخستنە سروشتیەکانی وەک “حەوت چاو”و “چەماوەکانی تاجی خورماوە سەریان هەڵداوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیەی کە لەسەر پیشە دەستیە جۆراوجۆرەکانەوە ئەنجامت داوە، تا چ ئەندازەیەک کاری کردۆتە سەر کارە هونەریەکانت لە ناو عێراقدا؟
من حەوت ساڵم لە مەغریب لە لێکۆڵینەوەی شێوازێکی برایەتی سۆفیانەدا بەناوی “گناوە” بەسەر بردوە هەروەها شەش ساڵیشم لە وڵاتی یەمەن بەسەر بردوە. لەم دوو وڵاتەدا، نەریتەکان بەشێکن لە ئابووری و ژیانی رۆژانەی خەڵک. لە وڵاتی مەغریبدا خەڵک لە هونەری هاوچەرخدا سەرکەوتون، لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئێستاش خەڵک گەشە بەهونەرە کۆن وتەقلیدیەکانیان دەدەن و پیادەی دەکەن و کۆمەڵێک هونەرمەندی میللی و خۆرسکیان هەن وەکو “الشعیبیة”. بەڵام لە وڵاتی یەمەندا، ئێمە ناتوانین جیاکاریەک لە نێوان هونەر و ژیانی رۆژانەدا ئەنجام بدەین، بەڵکو خەڵک بۆخۆیان لە ناو هونەردا دەژین و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، لە رێگەی بیناسازی و کەرەستە و کەل وپەلی ناوماڵ و جل وبەرگ. بەڵام لە عێراقدا ئێمە زۆربەخێرایی وازمان لە کارو پیشە دەستیەکانمان هێنا لە پێناوی تەکنەلۆجیای نوێ، لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بە گەشەپێدانی نەریتەکانی خۆمان هەیە تاکو دەگەن بە پلەی هونەر یاخود گەشەپێدانیان لە چوارچێوەی هونەردا. تاکە هونەرمەندی خۆڕسکی گرنگ لە مێژووی نوێی هونەری عێراقدا بریتیە لە “منعم فرات”، ئەم هونەرمەندە لە سەرەتادا شوان بووە دواتر بووە بە هونەرمەندی بواری داتاشین دوای ئەوەی پەیکەرە سۆمەریەکان لە مۆزەخانەی عێراقدا دەبینێت.

Sculptural works by Munem Furat. Courtesy online library: مكتبتي نافذتي على الحياة

“پەیکەرێکی هونەرمەند “منعم فرات”. بەمۆلەتی پێگەی ئەلیکترۆنی ” مكتبتي نافذتي على الحياة

 

بۆچی پێتان وایە کە نەریت و پێشە دەستیەکان لە عێراقی ئەمرۆدا بەرەو لاوازی و کاڵبوونەوە دەڕۆن؟
پیشەکان بەشێکی کۆن و داهێنەرانەن لە نێو کەلەپووری ڕۆشەنبیری ئێمەدا، بەڵام ئەمڕۆ لە عێراقدا هیچ کەسێک تەنانەت رێکخراوی یونسکۆش هەوڵ نادات کۆششێکی هەقیقی بەخارج بدات بۆ دەست پێوەگرتن و پاراستنیان. جەختەکە هەمووی لەسەر زانستی شوێنەوارناسی و دەوڵەتە کۆنەکانە. بەر لە هێرشکردنە سەر وڵاتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، دام و دازگا حکومیەکان هەروەها ژمارەیەکی زۆری هەواداران پاڵپشتی پیشە دەستیە کۆنەکانیان دەکرد لە ڕێگەی کۆمەڵێک دەستپێشخەری وەک “گۆڤاری کەلەپووری گەل” کە گۆڤارێکی تایبەتمەند بوو لە بواری زانستی ئەنثرۆپۆلۆگیای عێراقی. بەڵام دوای ٢٠٠٣ رٶڵی دام ودازگا حکومیەکانی عێراق پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی کرد لەم بوارەدا. بۆنموونە نابینین کە “پەیمانگای پێشەی دەستی و هونەرە میللیەکانی عێراق” هیچ هونەرمەندێکی میللی یان خاوەن پێشەیەکی دەستی میللی دابمەزرێنێت. ئەمانەش کە دەرس لە پەیمانگەکەدا دەڵێنەوە هەموویان قوتابی بەشی هونەرە جوانەکان بوون، ئەوانە نیگاری پیشە دەستیەکان و کەلەپوور و ڕۆشەنبیریەکەمان دەکێشن بەڵام ناتوانن دروستی بکەن. ئەوان نیگاری “شناشیل” ەکان دەکێشن، واتە پەنجەرە دارە دەرکەوتوەکان کە پێشیان دەوترێت “المشربیات” کە خانوە عێراقیە کۆنەکانی پێ جیادەکرانەوە، ئەمانە هەمووی دوچاری وێرانکاری بوونەتەوە. ئەو گەشەسەندنە تەکنۆلۆجیانەی کە لە پانجاکانی سەدەی رابردوودا گەیشتنە لوتکە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە لەناوبردنی میراتی پیشەی دەستی زیندو و ژیان لە عێراقدا، چیتر رووبارەکانمان بەکار نەهێنا بۆ سەفەرکردن وگواستنەوەی کەل وپەل، بەڵکو لەجیاتی ئەمە رێگاکانمان بەکارهێنان. هەروەها لەکاتی سزا ئابووریەکاندا عەرەبەکانی ناوچەی زۆنگاوەکان راگوێزران و ناچارکران کە واز لە شێوازی ژیانی کۆنی خۆیان بهێنن. لەگەڵ ئەمەشدا لە کاتی سزا ئابوریەکاندا هەندێک لە پیشە دەستیە کانی وەک کاری سیڕامیکی زیندوکرانەوە بەهۆی پێویست بوونیانەوە. هەروەها حەسیری (الایزار) لە باشوری عێراقدا کە تەنها(وێنەکەی لە سەرەوەیە) یەکێکە لەم شتە کەمانەی کە ژنەکان دەتوانن دروستی بکەن و بیفرۆشن و پارەیەک بۆخۆیان پەیدا بکەن. خەڵک هەڵدەستان بە بەتاڵان بردنی میراتەکەیان بۆ وڵاتانی سوریا و ئوردن کە هەر پارچەیەکی نوێ بە نرخێکی زۆرکەم دەفرۆشرا. بەبڕوای من بارودۆخی سیاسی دوای ٢٠٠٣ پیشەدەستیەکانی ئێمەی زیاتر بەرەو نەمان وێرانکاری برد. دۆخەکە وای لێهات کە زۆر بەئاسانی بەرهەمەکان بهێنیتە عێراق بەڵام زۆر بەزەحمەت دەتوانی بەرهەمەکان لە عێراقەوە بنێریتەدەرەوە. ئەم بەرهەمانەی کە کاتی خۆی تەنها سەرچاوەیان وڵاتی عێراق بوو ئێستا لە وڵاتی چین دروست دەکرێن.لەبەر ئەوەی بازرگانە خۆجێییەکانی عێراق ئەم کارەیان بەلاوە هەرزان وئاسانە و دەستکەوت و قازانجی خێراشی هەیە. تەنانەت ئەم پەیکەرە گشتیانەش کە هەندێک جار شارەوانیەکان دروستی دەکەن بە تەواوی لە وڵاتی چین دروست دەکرێن.

Salim has been working with a cooperative in Samawa which teaches women the Izar rug-making technique that is typical to Southern Iraq. Photo: Rashad Salim, 2016.

هونەرمەند رەشاد سەلیم کاریکردوە لەگەڵ کۆمەڵەیەکی هەماهەنگی لە پارێزگای سەماوە کەتیایدا ژنەکان فێری تەکنیکەکانی دروستکردنی حەسیری “ایزار” دەکات کە یەکێکبوو لە بەرهەمە بەناوباکگەکانی پیشەدەستیەکان لە باشوری عێراقدا.وێنە: ڕەشاد سەلیم،٢٠١٦

ئایا تاکو ئێستاش لە عێراقدا ئەم بەرهەمی پێشەدەستیانە سودیان هەیە بۆئەو کەسانەی کە دروستیان دەکەن؟
بەڵێ، لەهەموو شوێنێک.ئێمە هەموو نەریتەکانی خۆمان لەدەست نەداوە بەتەواوەتی. بەشێکی زۆریان بەرەو لاوازی جوون و بەشێکیشیان بۆ هەتاهەتیە لەناوچوون، بەڵام بەشێکیتریان هەن کە دەتواندرێت دوبارە بگەڕێندرێنەوە. ئێمە وا خەریکە ئەو ژینگەیە لە دەست دەدەین کە پەیوەندی لە نێوان ڕۆشەنبیری ئێمە و ئەو پیشە دەستیە کۆنانەدا دروست دەکەن. تاکو ئێستاش بەهەمان شێوەی حەسیر زەمبیلەو سەلەی دروستکراو لە گەڵای دارخورمامان هەن. بەڵام خەریکە پیشەی دروستکردنی گوریسی دەستی لە ناو دەچێت. بەشێکی زۆر لە کەسانی ئەکادیمی و بەڵگەسازەکان پێیان وایە کە بەلەمی “کفة” لە ساڵانی حەفتاکان بەدواوە چیتر دروست نەکراوە، بەڵام من لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئافرەتێکم لەشاری بابل دۆزیەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا دواهەمین دانەی لەم جۆرە بەلەمە دروستکردبوو بەمەبەستی راوکردن.

20160226_142657

دروستکردنی پەت لە شاری “عەین ئەلتەمر”، عێراق، وێنە: ڕەشاد سەلیم، عێراق

ئەگەر تەکنەلۆجیای نوێ وایکردبێت کە نەریتەکانی پیشەسازی بەلەمە کۆنەکان لەبیر بچنەوەو بکەونە ئەرشیفی مێژووەوە، کەواتە بۆچی هەوڵ دەدەین و وزەی خۆمان سەرف دەکەین بۆ ڕزگارکردنیان؟
توانای ئێمە بۆ دروستکردنی شتەکان زۆر کۆنترە لە توانامان بۆ بە دیکۆمێنت کردنیان. مێژوو دەریخستوە کە لە وڵاتی عێراقدا پیشەسازی هەندێک جۆر لەم بەلەمانە بەبێ پچڕان بەردەوام بووە لە سەدەکانی بەر لە مێژووەوە و توانیویشیەتی بەدرێژایی میرنیشین و رۆشەنبیری و گۆرانکاریەکانی دواتریش بمێنێتەوە. من ناڵێم دەبێ خەڵک بەلەمی “کفة” لە گەڵای دارخورما دروست بکەن ئەگەر هاتو لە توانایاندا هەبێت بەلەمی سوکتر و هەرزانتر لە مادەی ئاسن و کانزاکانیتر دروست بکەن. لەگەڵ ئەمەشدا،من وای دەبینم کە جۆرێک لە جوانی و بڕوابەخۆ بوون لەم جۆرەبەلەمانەدا هەیە کە لە بەلەمە ئاسن و کانزاییەکانیتردا نایان بینین. ئەم بەلەمانە بەهۆی زیرەکی و هۆشێکی داهێنەرانەو تێکئاڵانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژێنگەدا پەرەیان پێدراوە. کەواتە بۆنموونە دارخورمای عێراقی بەوێنەی گامێشی ئەمەریکی بۆ هیندیە سورەکان – کە هەموو بەشێکی بەکاردەهێنن. بۆخۆی فەرهەنگێکی تایبەتی هەیە بۆ هەموو جۆرەکانی. ئێمەش دەیان جۆرمان هەیە و هەریەکیان تایبەتمەندیەکی جیاوازی هەیە. بۆ نموونە چینی ناوەوەی گەڵای دارخورما کە پێی دەوترێت “کرب”، تاکو ئێستاش بەکار دەهێندرێت بۆ ئەوەی بەهۆیەوە منداڵان فێری مەلەوانی بکرێن چونکە بۆخۆی سەرئاو دەکەوێت.هەروەها ئەوەش دۆزراوەتەوە کە ئەم گەڵای دارخورمایە لە ڕابردووشدا وەک نەعل بۆ لەپێکردن بەکار هێندراوە.ئەمەش دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو کێشە ژینگەییانەی کە نەعلە پلاستیکیەکان دروستی دەکەن هەروەها لە وانەیە نوحیش بۆخۆی نەعلی لەوجۆرەی دروست کردبێت.

Palm Tree Orchards

زۆنگاوەکانی باشوری عێراق، ١٩٧٧. وێنە: رەشاد سەلیم

لە ساڵی ٢٠١٣ دا بەهۆی بەلەمێکی لە جۆری “کفة”ەوە سەفەرێکت لە باشوری رٶژهەڵاتی تورکیاوە دەست پێکرد بۆ زۆنگاوەکانی باشوری عێراق، ئایا عێراق تا چ ئەندازەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە بەبەراورد لە گەڵ هەمان سەفەرەت کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەنجامتدا؟
بەهۆی هۆکارە ئەمنیەکانەوە گەشتە کەمان بە چەند قۆناغێک تەواوکرد. ئێمە شاری موسڵ و چەند بەشێکمان لە شاری برغداد پشت گوێ خست. پێدەچێ هەندێک شت لە عێراقدا گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت: وەک هەڵسوکەوتی خەڵک، ڕێزومێوان دۆستیان، یەکگرتوییان – ئەم خەڵکانەی کە لە میانەی گەشتەکەماندا چاومان پێکەوتن کەسانی طائیفی و دەمارگیر نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو شوێنێکدا شوێنەوارەکانی جەنگی عێراق و ئێران ببینێت، یانیش شوێنەوارەکانی ماوەی سزا ئابووریەکان، یانیش ماوەی دوای داگیرکردنی عێراق. هەروەک چۆن ناوچە و شوێنەکانی عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە گۆڕاون ئاواش شێوازی ژیانی خەڵکی گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. تەنانەت روبارەکە خۆیشی زۆر پیستر بووە،بەرتەسکتر بووە هەروەها زۆر کەمتر و هێواشتر بووە. ئەمە بۆ جاری یەکەمە لە مێژووی عێراقدا کە ڕووباری فورات ناگاتە “شط العرب”، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ڕێچکەکەی گۆڕاوە بۆ ئەوەی لافاوەکەی خۆی بەسەر زۆنگاوەکاند پەرش و بڵاو بکاتەوە. کێشەی ئاو لە هەموو شوێنێکدا کێشەیەکی ڕوون و ئاشکرا بوو. لەکتێبی پیرۆزیشدا ، نەگەیشتنی رووبارەکانی دیجلەو فورات بە شەتولعەرەب بە نیشانەیەک دادەندرێن لە نیشانەکانی نزیک بوونەوەی کۆتایی جیهان یان رۆژی قیامەت.

1977

زۆنگاوەکانی باشوری عێراق، ١٩٧٧. وێنە: رەشاد سەلیم

هیوات وایە کە پڕۆژەکەت چ وەدی بهێنێت؟
من لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵدەدەم بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ لەوڵاتی عێراقدا لە پێناوی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی دەستەویەخەبوونی خەڵک لەگەل پیشەسازیە دەستیە کۆنەکانداهەروەها لەگەڵ ژینگەو ڕووبارەکانیدا. دەمەوێت هەلی بەکارهێنان و ئەزموونکردنی شتێک بدەمە ئەو جەماوەرەی کە سەردانی عێراقیان نەکردوە و لە نێویشیاندا ئەم عێراقیانەی کە بە دونیادا بڵاوبوونەتەوە، کە لە عێراقدا دروست کراوە، شتێکی بەرجەستەو تەواو عێراقی هەر لە ئەلفیەوە هەتا یای. ڕەنگە زیندوکردنەوەی ئەم پیشە دەستیانە هاوکاریمان بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بێکاری لە عێراقدا، هەروەها ڕەنگە بەشداریبکەن لە دروستکردنی هەلی گەشت و گوزار. تەنانەت دەتوانم وێنای ئەو چێشتخانە سەر ئاوانەی سەر رووبار بکەم لە شاری بەغدادا کە بەسەر بەلەماکانی جۆری “کفة” ەوەن… بەڕاستی شتێکی جوان و سەرنج ڕاکێش دەبێت.

پرۆژەی ” سەرلەنوێ وێناکردنەوەی کەشتی نوح” پرٶژەیەکە ئامانجی دەستخستنی قازانج نیە، لە ئێستادا لە لایەن هەریەک لە (زەین ئەلعابیدین ئەلتەمیمی و موسا ئەلموسەوی و دازگای ڕوئیادا) پاڵپشتی دەکرێت هەروەها ئەبو طیبە لە عێراقدا بەڕێوەی دەبات. سەرجەم بیروڕا هاتوەکانی نێو ئەم چاوپێکەوتنە تەنها گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی خودی هونەرمەند دەکەن.