دااافیش یەکێکە لەو گروپانەی کە کۆمەڵێک چاڵاکوانی نادیاری عێراقی دروستیان کردوەو کۆمەڵێک کاریکاتێری کارتۆنی تەنزئامێزیان لە بارەی ئەوەی کە پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی (IS) ، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاو کردۆتەوە. هەر لە کاتی دەست بەکاربوونیەوە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ ەوە ژمارەیەکی یەکجار گەورەو بەرفراوانیان چ لە ناوەوەی وڵات و چ لەدەرەوەی وڵات لەدەوری خۆیاندا کۆکردوەتەوە. جەماوەری ئەم گروپەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی (IS)، بەردەوام هەوڵدەدەن بیرۆکەی نوێی وێنەی کارتۆنی تەنز ئامێز بگەیەننە دەستی ئەم گروپە، لەکاتێکدا لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسلامی (IS) نامەو پەیامی زۆرترسناک و هەرەشە ئامێزیان بۆ دەنێرن.

یەکێک لەئەندامانی گروپی دااافیش لەبارەی کارەکەیان و شەڕو ململانێیان لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و سۆشیاڵ میدیا لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بۆ دەزگای روئیا دەدوێت.

Daafish, 2015. Courtesy of the artists.

وەڵام دانەوەی گروپی دااافیش بۆ وێرانکردن و شوێن بزرکردنی پارچە و شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە. دااافیش، ٢٠١٥. بە مۆڵەتی هونەرمەندان.

پ/ بۆ چی ئێوە دەستتان بە دروستکردنی کاریکاتێری کارتۆنی کرد لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی داعش؟
– دەوڵەتی ئیسلامی زۆر کار لەسەر تۆراکۆمەڵایەتیەکان دەکات و ترس و تۆقاندن بەکاردەهێنێت بۆ ترساندنی خەڵک ئێمە نامانەوێت رێگەیان لێ بگرین، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت شەڕی پڕوپاگەندەکانی داعش بکەین.

پ/ ئێوە چۆن چۆنی بیرۆکەکانی ئەم کاریکاتیرانە وەدەست دەهێنن؟
– ئێمە بەدوای هەواڵەکانی ئەو ناوچانە دەگەرێین کە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کراون لە سەرانسەری عێراقدا. هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵکی موسڵیش لە هەوڵدان کە هەواڵەکانی ناو شاری موسڵ مان بۆ بنێرن.

پ/ ئێوە پێتان وایە کە پێکەنین چەکێکی بەهێزە لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، بۆچی وابیردەکەنەوە؟
لەراستیدا پێکەنین جەکێکی بە ‌هێزە. کاتێک ئێمە بە دەولەتی ئسلامی داعش پێدەکەنین دەتوانین بەسەر ترسەکانمان زاڵ بین بەرامبەر داعش. ئێمە دەمانەوێت بیری خەڵکی بهێنینەوە کە داعش نە گروپێکی پیرۆزە نە تا سەریش دەمێننەوە.

 

11952051_968975749832114_2910874500341339995_n

بێ ناوونیشان

پ/ ئایا ئەم خەڵکەی لە موسڵ دەژین چیتان پێ دەڵێن لە سەر بارودٶخی ئەم ناوچانەی کە لە ژێر دەستی داعشدان؟ چۆن ئەم هەواڵانەتان پێ دەگەن؟
لەراستیدا ئەوان بە شێوەیەکی نادیار و لە رێگەی چەند سەکۆیەکی جیاوازەوە هەواڵەکانمان بۆ دەنێرن. ئەوان سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانی داعش لە شارەکەدا قسەمان بۆ دەکەن، جا چ هەڵسوکەوتی باش بن یان خراپ. شتە خراپەکان زۆرن و پەیوەندیان بە زۆرشتەوە هەیە وەکو چەوساندنەوەی جەستەیی و دەروونی، گەندەڵی و بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی و مەبەستی تاکە کەسی. یاریکردن بە هەستی منداڵان، وەحشیەت وەک ئامێرێکی سیاسی…هتد. لەکاتێکدا هەڵسوکەوتە باشەکانیان بریتین لە چاڵاکیەکانی شارەاوانی وەک پاککردنەوەی جادەکان و پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە. ئەم کارانەش بەهەمان شێوە بە فەسادو گەندەلیەوە گیرۆدەن: بٶنموونە، دەوڵەتی ئیسلامی داعش زبڵ و خاشاک بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردن و دەستنیشانکردنی ئەم ماڵانەی کە ڕایانکردوە لە شارەکە و دواترێش دەستیان بەسەردا دەگرن و سەرەڕای ئەمەش داعش زۆربە تونایە لە بە پڕوپاگەندە کردنی ئەم هەڵسوکەوتە رۆتینانەی رۆژ. خەڵکیش دەیانبینێت و ڕقیان لە داعش دەبێتەوە. خەڵک لەم شارەدا بە بەردەوامی لەگەڵمان دان و بیرو بۆچونی خۆیانمان پی دەڵێن، هەر ئەمەشه هەلێک دەدات بە ئێمە بۆ ئەوەی ببین بە دەنگی ئەوان .

پ/ ئایا خەڵک بۆچونیان سەبارەت بە دااافیش چۆنە و چۆن پێشوازی لە دااافیش دەکەن؟
لە عێراقدا خەڵک لە بیستنی هەواڵ و بینینی وێنە و گرافیکەکان بێزار بووە. بۆیە زۆر حەزدەکەن سەیری شتێک بکەن کە بیانخاتە پێکەنینەوە، لەبەرئەوە خاڵکی عێراق دافیشیان خۆش دەوێت. ئێمە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک هەواداری زۆرمان هەیە و زۆربەشیان لە عێراقن بەڵام سەرەڕای عێراق ئێمە لە هەر یەک لە سوریا و ئوردن و لوبنانیش هەوادارمان هەیە. زیاتر لە ٧٠٠٠ حەوت هەزار کەس سەرسامی خٶیان بە وێنەیەکی کارتۆنی دەربڕیوە و وێنەی رووداوێک لە خۆدەگرێت کە تیایدا فرۆکەوانێکی لێنەهاتو هەڵدەستێت بە بەردانەوەی قومبەلەیەک بەسەر گەڕەکێکی زۆرقەڵەباڵغ. خێزانەکەم ئەم وێنایان لە ڕێگەی واتس ئەپەوە بۆ ناردووم، بێ ئەوەی بزانن کە من ئەندامم لە گروپی دااافیش.

پ/ ئەی چی سەبارەت بە کۆمێنتەکانی ئەندامانی داعش و لایەنگرانیان؟
ئەندامانی داعش هەمیشە بە هەڕەشە و ترساندن کۆمێنتەکانیان دەنوسن. ناتوانم سەد لە سەد دڵنیاتان بکەمەوە کە هەندێک لە مانەی کۆمێنتیان نووسیوە شەرکەرن لە رێزەکانی داعشدا. ئەوان دەڵێن ئێمە دژی ئیسلامین و لە کۆمێنتەکانیانەوە دیارە کە هیچ شتێک دەربارەی ئیسلام نازانن و دیارە کە کەسێک هەڵدەستتێت وێنەیەکی شێواوی ئیسلامیان فێردەکات. بەڵام ئێمە هەمیشە بە کۆمێنتەکانیان پێدەکەنین.

پ/ لەم ماوایەدا زنجیرەیەکی نوێی وێنەی کارتۆنیتان بڵاو کردەوە، کە پاڵەوانەکەی شۆفێرێکئ تاکسیە لە یەکێک لە شارەکانی عێراق، ئەم زنجیرەیە بە هیچ شێوەیەک باس لە داعش و سیاسەت و جەنگ ناکات ، هۆکار چیە؟
ئەم جارەیان ویستمان شتێکی نوێ تاقی بکەینەوە بۆ جەماوەر و هەواداراکانمان، ئێمە تەنها تەرکیز ناکەینە سەر داعش. بۆنموونە لە رەمەزاندا، ئێمە هەڵساین بە داهێنانی کۆمەڵێک وێنە کە بە شێوەی رۆژانە بڵاومان کردنەوە لە سەر شۆفێرەکە و ئەم کێشانەی کە لە ژیانی رۆژانەدا توشی دەهات لە شەقامەکاندا، لە ڕێگادا، لە خاڵەکانی پشکنین دا، ئێمە چیرۆکی زۆرمان هەیە لە سەر شۆفێری تەکسی. هەروەها لە عێراقدا شۆفێری تاكسی کەسایەتیەکی دیار و بەرچاوە.

11224776_936838793045810_2785641187040700678_n

کاریکاتێرە کارتۆنیەکانی دااافیش لە سەر شۆفێرێکی تاکسی عێراقی،٢٠١٥. بەمۆڵەتی هونەرمەندان.

11659222_944356995627323_8135176564849625120_n

هەڵەکانی فرۆکەوانێکی سەربازی عێراقی لە سەر دوگمەی سوور لە فرۆکە جەنگیەکەی بۆ هەوا خۆشکەر. دااافیش، ٢٠١٥. بەمۆڵەتی هونەرمندان.

پ/ ئێوە لە شاری جیاوازدا دەژین لە عێراق و تورکیا و پێشتریش یەکتریتان نەبینیوە ، چۆن پێکەوە کاردەکەن؟
هەر یەکێک لە ئێمە کۆمەڵێک رۆلی جیاوازمان هەیە: وێنەكێشان، ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتی، دروستکردنی ڤیدیۆ. لە سەر تۆری ئینتەر نێت پێکەوە گفتوگۆ دەکەین بە شێوەی سکایپ یانیش لە سەر فەیس بووک و موناقەشەی بیرۆکەکانی وێنەی نوێ دەکەین. من هەندێک جار لە یەکێک لە قاوەخانەکاندا چاوم بە دووکەس لە ئەندامانی گروپەکە دەکەوێت کە لە هەمان شارەکەی من دەژین بۆ قسەکردن لەسەر پڕۆژەکە. و هێلکاری وێنەکان لە سەر کاغەز یان لە سەر کۆمپیوتەر دەکەین بە شێوەی راستەوخۆ و جارێکیتر قسەیان لە سەر دەکەینەوە. و بەرنامەکانی وەک ” Wacom Digitizer ” و ” Adobe Photoshop and Adobe Flash ” بۆ وێنەکێشان بەکار دەهێنین. بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەکان کۆمەڵێک وەێنە دەخرێنە دەنگدانەوە و ئەم وێنانە بڵاو دەکرێنەوە کە رەزامەندی زۆرینە بە دەست دەهێنن.

پ/ ئێوە بٶ خۆتان بەشدار وئاشنان لەگەڵ زۆرێک لە تیانووس و کۆمێنت نووسەکان لە سەر تۆری ئینتەرنێت. بۆ چی ئەمانە بۆ ئێوە سەرچاوەی گرنگن؟
تیا نووس و ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەی رۆژنامە و تەلەفزیۆن، کۆمەڵێک کەناڵ و سەرچاوەن کە ئازادن و کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەری گوشارەوە. رۆژنامەوانی هاوڵاتی زۆرگرنگ و پربایەخە، بەتایبەتیش ئەگەر ویستمان کە خەڵک بجوڵێنین و هەڵوێست وەرگرین. ئێمە لە عێراقدا زۆر هەوڵ دەدەین و ئارەزومانە کە بە ئەندازەیەکی زۆر سوود لەم کەناڵە پەیوەندیانە وەربگرین لە بەر ئەوەی پەیوەندیکردنی راستەو خۆ زۆر ئەستەمە. هیچ شوێنێکی دڵنیاو ئاساییش نیە، و دۆخی ئەمنیش کاری چاوپێکەتنەکان زۆر زەحمەت دەکات.

پ/ لەم کاریکاتێرە کارتۆنیانەدا کە دااافیش ىڵاویکردونەتەوە، کام کاریکاتێرت زۆر بەدل بوو.
سەرەڕای بوونی شەڕی طائیفی، من دەمەوێت پەیامی ئاشتی و یەکریزی بنێرم. بۆیە وێنەی جێ سەرنجی من کە زۆر بەلامەوە تایبەتە برییتیە لەم وێنەیەی کە تیایدا دوو سەرباز دەردەکەون و پێکەوە شەر دەکەن و هەریەکەیان تفەنگێکی بەدەستەوەیە و سنگیان بەرووی یەکتردا دەرپەراندوە. بەڵام مناڵی هەردووک سەربازەکە دەستیان خستوەتە دەستی یەکترەوە.

Two children hold hands as a message of peace and unity in Iraq. Daafish, 2015. Courtesy of the artists.

دوو مناڵ دەستیان خستوەتە نا دەستی وەک پەیامێک بۆ ئاشتی و یەکپارچەیی عێراق. دااافیش، ٢٠١٥.بەمۆلەتی هونەرمەندان.

پ/ دااافیش بۆ قۆناخی داهاتو چ پلان و بەرنامەیەکی هەیە؟
ئێمە ئامانجمان ئەوەیە کە ژمارەیەکی زیاتری هونەرمەندانی گەنجی عێراق هانبدەین و هەوڵبدەین ئیلهامبەخشیان بین بۆ ئەوەی وایان لێ بکەین کە گوزارشت لە خودی خۆیان بکەن. لەراستیدا خەڵک چیرۆک و بیرۆکەکانی خۆیان بۆ ئێمە دەنێرن. ئێستاش ئێمە داوا لە هونەرمەندانی عێراق دەکەین کە کارەهونەریەکانی خۆیان بۆ ئێمە بنێرن بۆ ئەوەی بٶ یان بڵاو بکەینەوە. هیوادارین هەمو ئەوانەی کە وەکو ئێمەخەون بە عێراقێکی یەکپارچە وبەهێزەوە دەبینن لەگەڵماندا کۆببنەوە بۆ ئەوەی کۆشش بکەن لە پێناو داهاتویەکی باشتر بۆ هەموو عێراق.