هونەرمەند ئاکام شێخ هادی (لەدایك بووی ساڵی ١٩٨٥) یەکێکە لە هونەرمەندە فۆتۆگرافەرەکانی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. دەتواندرێت والێکبدرێتەوە کە کاری هونەری ئەم هونەرمەندە بریتیە لە هونەری فۆتۆگرافی شانۆیی، چونکە لەم بوارە دا هونەرمەند خاوەنی هەگبەیەکی دۆکیۆمێنتاری زۆربەهێزە. هونەرمەند ئاکام شێخ هادی کارێکی هونەری نوێی بۆ بەشی وڵاتی عێراق ئەنجامداوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەل داعش و چارەنووسی ئاوارەکانی عێڕاق و ئەو خەڵکەشدا دەکات کە لە ناوەخۆی عێراقدا ئاوارەو دەربەدەر بوونە. بۆ ئەم کارە هونەریەی، هونەرمەند ماوەیەکی زۆری تەرخانکرد بۆ وێنەگرتنی چوار کۆمەڵگەی جیاوازی ئاوارەکان لەسەرانسەری وڵاتی عێراقدا،ئەم کۆمەڵگائاوارەییانەش بریتی بوون لە: کۆمەڵگەی ئاوارە ئێزیدیەکان، ئاوارەکانی شاری کۆبانێ، ئاوارە مەسیحیەکان و کاکەییەکان. هونەرمەند ئاکام شێخ هادی بەشداری لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵدا کردوە لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەنێویشیاندا ڤیستفاڵی نێودەوڵەتی ‘چۆبی مێلا’ لە وڵاتی بەنگلادیش، لە ساڵی ٢٠١٣. هەروەها ئەم هونەرمەندە چەند خەڵاتێکی نیودەوڵەتی لە بواری کارەهونەریەکەی خۆێدا بەدەست هێناوە لە مانەش خەڵاتی (T.A.W Larsa) بۆ وێنەی فۆتۆفرافی دا‌هێنەرانە. ئەو هونەرمەندە لە بارەی کارە هونەریەکەیەوە بۆ رێکخراوی روئیا دەنووسێت.

Akam Shex Hadi, Untitled, 2014-15. B+W digital print on Innova-Baryth Smoothgloss paper. 30 x 45 cm. Courtesy the artist.

وێنە: ئاکام شێخ هادی، بێ ناوونیشان، ٢٠١٤-١٥. چاپێکی دیجیتاڵی لە سەر کاغەزێکی جۆری ئینۆڤا-بڕایث سمووث گلۆس. بە قەبارەی 30 × 45 سم. بەمۆڵەتی هونەرمەند.

لە وێنەکەی کیڤن کارتەر لە باشوری سودان لە ساڵی ١٩٩٣، مناڵێک لە تەک بازێکی گۆشتخۆردا چەماوەتەوە سەرخاك کە چاوەڕێی مردنی دەکات. ئەم وێنە فۆتۆگرافیە بووبە هۆکارێک بۆ زیادکردنی هاوکاریەمرۆییەکان بۆ وڵاتی سودان. لە کۆتاییدا فۆتۆگرافەرەکە خۆی کوشت.

هونەری فۆتۆگرافی بریتیە لە درووستکردنی پەیوەندی و ڕایەڵەیەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر لەگەڵ چاوەکانی مرۆڤایەتیدا. کەسی وێنەگری فۆتۆگرافی خۆی حوکم لەسەر شتەکان نادات، بەڵام وێنەکان بەکراوەیی بۆ جەماوەر بەجێدەهێلێت بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان شیکردنەوەو تەفسیری جیاجیای بۆ ئەنجامبدەن. کەسی وێنەگری فۆتۆگراف ڕێگای تایبەت و جیاواز بەکاردەهێنێت بۆئەوەی شتەکان بەتێڕوانین و ڕۆشناییەکی نوێوە بخاتە ڕوو، بەشێوازێک کە خەڵکانیتر شتەکان هەمیشە بەوجۆرە نابینن.

پڕۆژەی کاری هونەری پێشوم بریتی بوو لە کارێکی هونەری تێهەڵکێشی فۆتۆگرافی (Photo installation) سەبارەت بە هێرشە کیمیاویەکەی سەر شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لەلایەن دەستەڵاتی سەدام حوسێنی لەسەر کارلادراوەوە ئەنجامدرا. لەم هێرشەکیمیاییەدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شەهید بوون. بۆ ئەوەی بتوانم چیڕۆکی ئەو (١٥) کەسە بگێڕمەوە کە لە هێڕشەکیمیاویەکەدا ڕزگاریان بوو بوو، هەڵسام وێنەیەکم گرتن لەو بارودۆخەدا کە ڕووداوەکان ڕوویاندا، هەریەکەیان میزڵدانێکی خستبووە بەر ڕوخساریەوە. لە ڕووی پێشەوەی میزڵدانەکەوە هێمای ڕووخسارێکی خەندەئامێز هەبوو وەک هێمایەک بۆ ژیانەوەو زیندومانەوە. من لەم بڕوایەدام ئەم خەڵکانەی کە لە ململانێی شەڕو نەخۆشیەکاندا ماونەتەوە پێویست دەکات کە سەر لەنوێ دەست بەژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە: ئەوان نابێت دەستەوەستان بمێننەوە لە نێو ناخۆشیەکانیاندا، یان خۆیان لە ڕەوڕەوەی ژیان داببڕن یانیش ئازارێکی قووڵ لە نێودڵەکانیاندا بهێڵنەوە کەڕەنگە سەربكێشێت بۆ پەرچەکردار یان تۆڵەسەندنەوە. لە کۆتاییدا ئێمە هوومان لەسەر هەمان هەسارەدا دەژین و پێویست دەکات کە پێکەوە بەشێوەیەکی ئاشتیانە بژین. لەکاتێکدا کە تۆڵەسەندنەوە هەبێت، ئەوا چەمکی ئاشتی مانای خۆی لەدەست دەدات.

کاتێک کە خەڵک ناچاردەکرێن کە لە شوێنێکەوە کۆچ بکەن بۆ شوێنێکیتر، ئەوا ئەم خەڵکە هەست بەدڵەڕاوکێ و نائارامی دەکەن. ئەم هەستە ناخۆشە لای کەسی فۆتۆگرافەر زۆر بەهێزترە. سەرنجی منداڵێک بدە کە لە سەرمانا یاخود لەگەرمانا ناتوانێ بخەوی و دەبێت باجی ئەم ئازارانە بداتەوە کە لەناخی گەورەکاندا هەیە. من بەم دۆخە زۆرنیگەران بوومە، سەرەتا وەک مرۆڤێک. و دواتریش وەک فۆتۆگرافەرێک. سێ مانگ لەدوای گەییشتنی ئاوارەکان بۆ شاری هەولێر، و دوای سەردانیکردنیان لە نێو خیوەتگاکاندا و زانینی بارودۆخی ژیانیان، هەوڵمدا دەست بکەم بەپڕۆژەی کارێکی هونەری نوێ. بۆیە من چواربەشم لە ئاوارەکان وەرگرتن ئەوانیش : ئاوارەکانی کۆبانێ، یەزیدیەکان، کاکەییەکان و ئاوارە مەسیحیەکان. سەرەڕای بوونی جیاوازیەکی گەورەی نێوانیان لەڕووی کولتور، ئایین و بیروباوەڕەکانەوە ئەوان لە هەمان بارودۆخدا دەژیان. لەکۆتاییدا، ئێمە هەموومان مرۆڤین. من دەمەویست ئەم سەکۆیە(هونەر) بەکار بهێنم بۆئەوەی بتوانم هەم دەنگی ئەوان و هەمیش دەنگی خۆم بگەیەنمە دونیا. بۆ خۆشبەختی من، ڕیکخراوی روئیا ئەم ئەرکەی وەستۆ گرت، بۆیە منیش سوپاسگوزاری خۆم بۆ ئەم ڕێکخراوە دەردەبڕم.

رێچکەو شێوازی کارکردنی من بریتیە لە پێشکەشکردن و کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بیرۆکە لە ناو وێنەکانمدا. بۆ نموونە، کارکردنی من لەسەر سەرهەڵدانی داعش و زۆر دورە لە نیشاندانی کۆمەڵێک چەک و روخساری ئیسلامی و لاشەی مردوو. بەڵکو لە بری ئەمە، هەڵساوم بە دروستکردنی رایەڵەیەکی بەیەکەوە بەستنەوەی سەرجەمی ئەم پایەو رەگەزانە لەگەڵ هێلێکی ڕەشی دژبە کولتور، ئایین وبیروباوەڕەکانی ئەم کارێکتەرانەی کە لە وێنەکانمدا بەکارم‌ هێناون، ئەم هێل ڕایەڵە ڕەشانە چوونەتە ناو وێنەکانەوەو دەوری کەسەکانیان داوە. هەوڵمداوە کە چوارچێوەیەکی سادە بۆ گۆتۆگرافەکان بەکار بهێنم بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەراندا ئاوێتە و تێکەڵاو ببن. من وێنەی ئاوارەکانم لەنێو کەمپەکاندا گرتوون- واتە ئەم شوێنانەی کە لە ئێستادا ئاوارەکانی تێدا دەژین وەک کەمپەکانی: هەولێر، لالش، باریکە، هاوار و کەمپی سلێمانی. بۆ هەربەشێک حەوت وێنەم گرتوون لە هەر حەوت ڕۆژەکەی هەفتەدا بۆ ئەوەی بتوانم دووبارەبوونەوەی دۆخی ژیانی راستەقینەی رۆژانەی ئاوارەکان نیشان بدەم.

من هیوادارم کە ئەم پڕۆژە هونەریە ببێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی هاوکاریە مرۆییەکانی ئەم ئاوارە و دەربەدەرانە، بەجۆرێک کە جیهان چارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەم دۆخەبدۆزێتەوە و جەنگ و شەڕی زیاتر ڕوونەدەن بٶ ڕێگەگرتن لە هەبوونی قوربانی و ئاوارەو بێ ماڵ وحاڵی زیاتر. کاتێک کە ئەمە روودەدات ئەوا منیش چیتر لە سەر پڕۆژەی هونەری لەمجۆرە کارناکەم. بەهەمان شێوەی زۆرێک لە هونەرمەندیتری جیهان، منیش قسە لەسەر ژیان و جوانیەکانی ژیان دەکەم.
هاوکاری و پشتگیری هونەرمەندان کارێکی زۆر جیددی و پڕبایەخە. ئێمە کۆمەڵێک وتەو پەیامی وامان هەیە بیگەیەنین کە هیچ سیاسی و سیاسەتوانێک ناتوانێت بیانگەیەنێت. ئێمە ئەو کەسانەین کە دەمانەوێت پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی بگەیەنین، کولتورە جیاوازەکان دەناسێنین و خاڵەهاوبەشەکانی نێوانیان دەدۆزینەوە.

بۆ من، زۆر گرینگە کە بەچاوی خۆم کولتور و هونەر لە شاری ڤینیسیادا ببینم، و گۆشەنیگا و پڕۆژەی نوێ بۆکارە هونەریەکانی خۆم بدۆزمەوە، بەڵام ئەمە بۆ هاوڕێکانیشم هەر راستە، کە خاوەنی پڕۆژەی هونەری هاوشێوەی ئەوتۆن کە پێویستە جیهان بیان بینێت.