حەیدەر جەبار (لەدایك بووی ساڵی ١٩٨٦) دەستی کردووە بە پیشەکەی لەبواری فیلمدا و کاری لەسەر ئاڕاستەی هونەر لەسەر کورتە فیلم و فیچەر فیلمدا کردووە. هونەری کلاسیکی خوێندووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە بەغدادو سەرکەوتوو بوە لە هەڵاتن لە سنورداریەکانی ئاینی و ئێستا کار بە ستایلێکی زۆر دۆستانەو ڕاستەوخۆ لە بواری وێنەکێشاندادەکات. دوو پێشانگای بەتەنها لە شاری بەغداد هەبووە، کە پێشانگای دووەمی بەناوی (یەکەی چاودێری هەناسە دان بووە) لەساڵی ٢٠١٣ وەکو ڕێزێك بۆ دایکی کۆچکردووی.

ئێستا جەبار پەنابەرە لە تورکیا و بەردەوامە لەسەر کارەکەی وەکو هونەرمەندێك لەڕێگەی بەخشینێکەوە لەلایەن دەزگای ڕۆیاوە. کارەکانی جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوکەسانەی کەلەلایەن داعشەوە کوژراون لە عێڕاق و دەکرێت کارەکانی وەکو تۆمارکردنێکی کەسی کارەساتەکانی مرۆیی سەیر بکرێن. جەبار دەربارەی کارەکەی و کاتەکەی لە سامسون دەنوسێت بۆ دەزگای ڕۆیا.

حەزکردن بەزانین و خۆشەویستی بۆ دۆزینەوەی شتەکان وا لەئێمە دەکات بەدوای شتەکان بەگەڕێین. هەرلەبەر ئەوەش من بووم بە هونەرمەند.

کاتێك من هەرزەکار بووم، هەژاری و برسێتی بەشێك بوون لەهەموو ماڵێك لە عێڕاق لەدوای ئابڵوقە ئابوریەکان لەساڵانی ١٩٩٠دا. خێزانەکەشم ڕووبەڕووی هەژاری و برسێتی بۆوە. بە هۆکاری سیاسیەوە، باوکم دەستی لەکارەکەی هەڵگرت لە چاپخانەی الحوریە ( کە کتێبە حکومیە گەورەکان و گۆڤارو ڕۆژنامەکانی بڵاودەکردەوە). ئێمە ناچارکراین کاری تازە بدۆزینەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان.

ئێمە عەلاگەی کاغەزمان دروست دەکرد لەو گۆڤارو ڕۆژنامانەی کە باوکم لەکاتی گەڕانەوەی لەسەر کاردا دەیهێنایەوە ماڵەوە، وە ئێمەش ئەو عەلاگانەمان دابەش دەکرد بەسەر دوکان و چێشتخانەکاندا. دایکم عەلاگەی دروست دەکرد لە گوێنی ئاردو قوماشی فڕێدراو. دایکم ئەو گوێنی و قوماشانەی لەسەر شۆستەکانی دەرەوەی بەردەم بەرگدروەکان دەدۆزیەوە لەمارکێتی لۆکاڵی الامین ٢ لەگەڕەکی بەغدادی نوێ کەئێمە لێی دەژیاین. دایکم چێژی وەردەگرت لە دانان و رێکخستنی پارچە قوماشەکان بەپێی ڕەنگەکانیان و بەیەکەوەی دەدروون بەپێی نەخشە ئەندازەیەکان.

Haider Jabbar's recent work for the Venice Biennale focuses on the beheadings by ISIS. Image courtesy of the artist.

کاری تازەی حەیدەر جەبار بۆ ڤینس بیانال جەختدەکاتەوە لەسەر ئەو سەربڕینانەی کە داعش ئەنجامی داون. مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی وێنەکە لە هونەرمەند وەرگیراوە.

16679538293_abbe30ac36_o17299772005_8e89e38785_z16679520653_f128616be8_b

دایکم کارامە بوو لەکاری دروومانیدا. کاتێك تەمەنم ١٠ ساڵان بوو، دایکم داوای لێکردم وێنەی پەپولەیەك بکێشم بۆئەوەی نەخشی بکات لەسەر عەلاگەکە. نەمدەزانی چۆن وێنەی پەپولە بکێشم، بەڵام هەوڵمداو سەرکەوتوو بووم. لەو رۆژەوە من وریاو بەئاگا بووم بۆ وردەکاریەکان. ئایا پەپولەکە بوو یان داواکاری دایکم کە بەم شێوەیەی لێکردم؟ نازانم.

دایکم ساڵی پار کۆچی دوای کرد بەهۆی نەخۆشی هەناسەدانەوە. چەندین مانگم لەگەڵ دایکم لە نەخۆشخانە بەسەربرد. سەرسام بووم بەو هەموو دەمامك و ئامێرەکانی یاریدەدەری هەناسەدان کە دایکم پێویستی بوو بۆ ئەوەی لەژیاندا بمێنێتەوە، هەر لەبەر ئەوەش وێنەی کەلە سەرم بە دەمامکەوە کێشاوە.

هونەرمەند ڕۆڵێکی چالاك دەگێڕێت لە کۆمەڵگادا. هونەرمەند دەتوانێت بیرۆکە جێگیرەکانی تەواوی نەوەیەك بگۆڕێت. بۆ نمونە پیاوی ئەشکەوت بەسەر ترسەکانیدا زاڵبوو لەڕێی کێشانی وێنەی دڕندەکان کە ترسی لە مێشکیدا دروست کردبوو. پیاوی ئەشکەوت توانی ترسەکان تێکبشکێنێ لەڕووی دەروونی و کرداریەوە لەڕێی وێنەکێشانەوە.

لەبەغدا، ترس و دڵەڕاوکێ بەردوام بوو لەهەموو شوێنێك.هەرچەندە ئێستا لە سامسون نیشتەجێم، بەڵام تائەمڕۆش ئەو ترس و دڵەراوکێیە بەمێشکم دادێت. وێنەی ئەو دیمەنە ترسێنەرانە دەکێشم و چاوەڕێی هیوا دەکەم.

لەناو ئەو ناخۆشیانەی کە ڕووبەڕووی بوبومەوە لە بەغدا، زۆر جار ئەو پرسیارەم لەخۆم دەکرد کە ئایا ژینی ژیان باشترە یان مانەوە بە زیندوویی. زەحمەت بوو ئەو شتانە ئاشکرابکەم، کە شتی هونەری و کەسی و کۆمەڵایەتی یان سیاسی بوون، کە لەناخی خۆمدا هەڵمگرتبوون لە بەغدا و هەمیشە ترسی ڕەتکردنەوەم هەبوو.

ئێستا لەشاری سامسون دەژیم لە تورکیا و دڵم پڕبووە لە خۆشەویستی. من لەلایەن دەزگای رۆیاوە پشتگیری دەکرێم. دەتوانم بەدەنگی بەرز هاوار بکەم کە چیم خۆشدەوێت، یان چی ڕەتدەکەمەوە یان حەزم بەچی نایەت. ئەوە سەرسامکەرە.

حەیدەر، جەبار، لەیەکەیک چاودێری هەناسەدان،٢٠١٣،مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی وێنەکە لە هونەرمەند وەرگیراوە

پڕۆژە تازەکەم بریتیە لە کۆمەڵێك نیگار کەلە یادەوەری ئەو خەڵکانەدا کێشراون کە بەمەبەست یان بێ مەبەست کوژراون بەشێوەیەکی دڕندانە. دەمەوێت شڕوڤەی ئەو دڵتەنگی و ترسە بکەم کەلەناو هەریەکێك لەو کەسانەدا هەبووە کاتێك کە کوژراون لەلایەن بکوژە بێ بەزەییەکانەوە. پڕۆژەکە کارێکە کە لەبەرەوپێشچووندایە.

باوەڕم بەیادەوەریەکان نیە. باوەڕم بە مرۆڤ هەیە کە هەوڵی پێشکەوتن دەدات. ڕابردوو بنیادی ناوم: ڕابردوو گیانی بەردەوامی و ویستی پێ بەخشیوم بۆ ئەوەی بیربکەمەوە لە داهاتوویەکی جوانتر.

باوەڕم بەیادەوەریەکان نیە. باوەڕم بە مرۆڤ هەیە کە لە هەوڵی پێشکەوتن دەدات.

پیشاندانی کارەکانم لە شاری ڤینس دەسپێکی گۆڕانێکی مەعریفی و کەسی دەردەخات لەژیانمدا. نەمتوانی ڤیزا وەربگرم بۆ بینینی پێشانگاکە لە ئیتاڵیا، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە کارەکەم لەوێیە و تەعبیر لەبارودۆخی کەسی من دەکات. لەوانەیە من نەتوانم بە ووشە ئەوەی بمەوێت بیڵێم بەڵام کارەکانم ململانێی ناوخۆی خەیاڵ و ترس و ململانێو هاوارەکانم دەردەبڕن.

هیوادارم ئەو ڤیستیڤاڵە بەردەوام بێت لە هاوبەشی کردنی دەنگەکانی عێڕاقیەکان کەتاکو ئێستاش ئازار دەچێژن بەدەست تێکچوونی مەعریفی و ململانێی تایفی و رێزنەگرتنی مرۆڤی بەرهەمدارو خۆشەویست.

هونەرمەندو ڕۆشنبیری عێڕاقی لە دێر زەمانەوە بە دوای جوانی دەگەڕێت و جوانی بەرهەمدەهێنێت. سەرەڕای کارەساتە بەردەوامەکانی دەیەکانی ڕابردوو، بەرهەم دەخەنە سەر خەرمانی زانستی و رۆشنبیری مەعریفی مرۆڤایەتی.