لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ دا هونەرمەند فیلیپ ڤان کاوتێرن، سەرپەرشتیاری بەشی وڵاتی عێراق لە (٥٦)ەمین بیناڵی شاری ڤینیسیا، سەردانی شاری بەغدای کرد لە گەڵ خاتو تامارا چەلەبی سەرۆکی ڕێکخراوی ڕوئیا، ئەوان لە شاری بەغدا چاوپێکەوتنیان لە گەڵ هونەرمەندەکاندا ئەنجام دەدا لە نێو ستۆدیۆی کارەکانی خۆیاندا هەرورها سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیری شارەکان و گەلەریەکانیان دەکرد. چاودێری هونەرمەندەکانیان دەکرد، هەروەها رێکخراوی ڕوئیا لە شاری بەغداد سیمپۆزیەمێکی یەک ڕۆژی رێکخست سەبارەت بە هونەری نێودەوڵەتی هاوچەرخ و تیایدا فیلیپ ڤان کاوتێرن پرێزنتەیشنەکی پێشکەشکرد، جگەلەمەش چاویان بەكۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشەنبیر کەوت لە سەرانسەری عیراقدا. لە بارەی ئەم سەردانەیەوە فیلیپ ڤاو کاوتێرن بۆ ڕێکخراوی روئیا دەدوێت:

ئێوە بۆچی لەشاری بەغداد بوون؟ لەوێ خەریکی چی بوون؟
دەکرێ هونەر وەک چاڵاکیەکی شارنیشینی لە قەڵەم بدریت- یانیش بەلانی کەمەوە ئەمە ئەم گۆشەنیگایەیە کە من لێیەوە سەیری هونەر دەکەم- لە بەر ئەوە من لە مانگی ڕابردوودا کەمێک کاتم بەسەر برد، بۆئەوەی هەم لێکۆلێینەوە ئەنجام بدەم هەمیش سەرپەرشتیاری بەشی وڵاتی عێراق بکەم لە (٥٦)ەمین بیناڵی شاری ڤینیسیا. من سەردانی هونەرمەندەکانم کرد هەم لەماڵەکانیاندا و هەمیش لە ستۆدیۆی کارەکانیاندا، بۆ ئەوەی هەم بتوانم مەیدانی گەلەریە خۆجێییەکان و هەمیش دەزگاگەلێکی وەک کۆلێژی هونەر، و مۆزەخانەی هونەری نوێی عێراق و مۆزەخانەی عێراق ببینم. من لەم سەردانەمدا تێڕوانینێکی قوڵم سەبارەت بە میدانی هونەری هاوچەرخ لە شاری بەغداد وەگیر کەوت، لەوە تێگەییشتم کە لەم شارەدا چۆن سەیری هونەری هاوچەرخ دەکرێت و تا چ ئەندازەیەکیش ڕێزی لێدەگیرێت، زیاتر لەمەش کۆکردنەوەی نووسەر و ڕۆشەنبیر و ڕەخنەگرەکانی شارەکانی بابل، نەجەف، هەولێر، بەغداد لە شاری بەغداد لە لایەن ڕێکخراوی ڕوئیاوە بۆخۆی ئەم زانیاری و ئاماژانەی لادروستکردم سەبارەت بە ئاست و ژیانی ڕۆشەنبیری شار و هەرێمەکانی تری وڵات.

IMG_1648

وێنە: لە ستۆدیۆی هونەرمەند ئەحمەد عبدالرزاق لە شاری بەغداد

“من لەم بڕوایەدام کە لە عێراقدا هونەرمەندان دەتوانن سەر لە نوێ کۆمەڵگا بونیاد بنێنەوە”

لە چەند ڕۆژی یەکەمی مانەوەتان لە شاری بەغداد زیاتربە چ شتێک کاریگەر بوون؟
من تا ئەوکاتەی کە گەڕامەوە بەلجیکا کاریگەر نەبووم لە بەرئەوەی لەوێدا(لە بەلجیکا) بیرم لە رەنگدانەوەی هەست و بۆچوونەکانم سەبارەت بەم سەفەرەی شاری بەغداد کردەوە. زۆرێک لە ئەزموونەکان لە کاتیک لە کاتەکاندا وەک ڕووداو و کردەی ناواقیعی لێکدەدرێنەوە یاخود دێنە پێش چاو. ئەمە وەکو ئەوەیەکە لە تێڕوانینی مندا هەندێک شت سەبارەت بە فەزای شارەکە وەک خۆی ڕێک و پێک نەبێت. بەغداد یەكێکە لەم شارانەی کە لە رێگەی کۆمەڵێك خاڵی پشکنینەوە ڕێکدەخرێت، هاوکات لەگەڵ بوونی سوپا و کۆمەڵێک شێوازی مەترسی و توندوتیژی ڕانەگەیەندراو. شەقام لە شەقام ناچێت و چواڕیانەکانیش پێناچێت چواڕیان بن. سەرجەمی ئەم پایە و ڕەگەزانەی کە شاریان لێ پێکدێت، دەشێت پانتاییەک بن بۆ تیرۆر و توندوتیژی. لە دونیادا هیچ شارێک نابینیتەوە کە بەقد شاری بەغداد دیواری کۆنکریتی بەو ئەندازەیە لێ تێکەڵ بەژیانی ڕۆژانە بووبێت. من لە هەموشتێک زیاتر بەو خەڵکانەوە چیڕۆکەکانیان کاریگەر بووم کە لەماوەی مانەوەکەم لە شاری بەغداد دا چاوم پێیان کەوت. هەرهەموویان بە شێوازێک لە شێوازەکان قوربانی دەستی توندوتیژی بوون.

DSC_0084

وێنە: لە گەلەری ئەکەد لە شاری بەغداد.

مەبەستی ئێوە لە سەردانیکردنی ستۆدیۆی کارکردنی هونەرمەندا چی بوو، چۆن سەرکەوتوو بوو؟
بۆ ئەوەی حوکم لە سەر کارە هونەریەکانی هونەرمەندێک بدەیت هیچ ڕێگایەک لەوە باشتر نیە کە خۆت بە چاوی خۆت کارە هونەریەکانی ببینیت، هەر لە بەر ئەمەش بوو سەردانی هونەرمەندەکانمان کرد لە نێو ستۆدیۆکانی خۆیاندا. بۆ ئەوەی گوێت لە قسەکانی هونەرمەند خۆی بێت، و ببینیت کە هونەرمەند چۆن بەدەوری خۆیدا دەجوڵێتەوە، هەروەها پێشت دەڵێت کە پێویست دەکات چۆن لە کارەکە تێبگەیت. من هەر تەنها خەریکی گەڕان نەبووم بۆ دۆزینەوەی هونەرمەندانی لێهاتو و زیرەک بۆ بیناڵی شاری ڤینیسیا، بەڵکو من هەوڵمدەدا بەپێی توانا تێگەییشتنێکی راست و دروست و سەرەتاییم هەبێت بۆ بەرهەمی هونەری شاری بەغداد لە ساڵی ٢٠١٤دا. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەی من بینیم تەنها نموونەیەکی بچووک بوو لەوەی کە لە شاری بەغدادا لە بواری هونەر رووی دەدا. ئەم گفتوگۆ چڕوپڕانەی کە ڕێکخراوی ڕوئیا بۆ هونەرمەندانی عیراقی رێکیخستبوو بۆ لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکەی من زۆر بەسود و پڕبایەخ بوون.

At the restoration department of the Museum of Modern Art

وێنە: فیلیپ ڤان کەوتێرن و خاتو تامارا چەلەبی لە بەشی چاکردنەوە و نوێکردنەوە لە مۆزەخانەی هونەری نوێدا.

ئێوە بەدوای چ بیرۆکە و کارێکی هونەریدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بۆ بەشی وڵاتی عێراق لە بیناڵی شاری ڤینیسیادا ئامادەی بکەن؟
من هەرگیز بەداوی شتێکی دیاریکراودا ناگەڕێم، من تەنها دەدۆزمەوە. من خەریکم دووبارە وتەی هونەرمەندی مەزن پابلۆبیکاسۆ بە گوزارشتێکیتر دەڵێمەوە گەر ڕاستم کردبێت. من نامەویت خۆم بخەمە ئاست و ڕیزی ئەم هونەرمەندە مەزنەوە، بەڵام پێم وایە کە ئامادەکردنی پێشانگایەک تەنها بریتی نیە لە ئەنجامدانی کاری پێکەوە هاوتاکردنی ڕەنگ وشێوازەکان. بیگومان هەریەکێک لە هزری خۆیدا بیرۆکە و بابەتێکی لەهزردا هەیە. بەڵام بۆ من خودی هونەرمەندەکە خۆی جێگای گرینگی پێدانە بەپلەی یەکەم. بۆیە من خەریک بووم بەدوای هونەرمەندەکاندا دەگەڕام، زۆرێک لە هونەرمەندەکانیش بۆ من جێگای سەرنج و گرێنگی پیدان بوون.

‘ پیویستە قوتابخانەی هونەری شوێنێک بێت کە سرچاوەی ئیلهام و دا‌هێنان بێت. پێویستە شوێنێک بێت بۆ مومارەسەکردنی ئازدی.’

ئێوە سەردانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانتان کرد، چ هەست و بۆچونێکتان هەبوو سەبارەت بە پەروەردەی هونەر لە شاری بەغداد؟ بۆچی؟
من لە سەردانەکەمدا بۆ کۆلێژی هونەرەجوانەکان، هاودژیەکی گەورەم بینی. بۆشاییەکی زۆرگەورە هەبوو لە نێوان وتەکانی ڕاگری کۆلیژەکە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ‘کۆلێژەکەیان یەکێکە لە دەزگا هونەریە هەرە ئاست بەرزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ و ئەو مومارەسە کردەییەی کە من لە نێو ستۆدیۆ و سیمینارەکانی ئەم شارەدا بینیم، لە کاتێکدا کە شێوازی پەروەردەکردن و را‌هێنانی هونەری تاکو ئێستاش زۆر تەقلیدیە. قوتابخانەیەکی هونەری بێگومان دەکرێت ببێتە شوێنێک بۆ هونەرمەندە گەنجەکان بۆ ئەوەی تیایدا فێری کۆمەڵێک تەکنکی هونەری دیاریکراوببن. بەڵکو گرینگتر لەمەش پێویستە قوتابخانەی هونەری کەش و ژینگەیەکی ئەوتۆ دروست بکات کە بتوانی تەبەننی ئەزموون و شکست هێنان بکات بۆ ئەوەی لەتوانایدا هەبێت پەرە بە شێوازی هونەری جیاواز بدات. پێویستە قوتابخانەی هونەری سەرچاوەیەکی کراوە بێت بۆ گفتوگۆ زیندوەکان سەباوەت بەوەی کە چ مانایەک دەگەیەنێت کاتێک کەسێک هونەرمەند بێت، و هاوکاری هونەرمەندە لاوەکان بکات بۆ ئوەی بیر لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەنەوە لە نێو کۆمەڵگادا. پێویستە شوێنێک بێت کە سەرچاوەی ئیلهام و داهێنان بێت، زیاتر لەوەی کە شوێنی مومارەسەی شێوازی هونەری کلاسیکی بێت. پێویستە کۆلێژی هونەر شوێنێک بێت بۆ مومارەسەکردنی ئازادی.

بۆچی گرنگە کە کولتور و هونەری عێراقی بپارێزرێت و دەستی پێوەبگیرێت؟
من بڕوایەکی زۆر بە‌هێز و سادەم هەیە ئەویش ئەوەیە کە کولتور و هونەر نەک هەر تەنها لە عێراق بەڵکو پێویستە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بخریتە چەقی بازنەی گرینگی پێدانەکانەوە. هونەر دەتوانێت کۆمەڵێک فۆڕم و شێوازی لێبوردەیی ولێکتێگەیشتن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بچێنێت. هونەرو کولتور لە توانایاندا هەیە کە ململانێی لەدەستدانی بیرەوەری و لەبیرچوونەوە بکەن. من لەم بڕوایەدام کە هونەرمەندان لە عێراقدا لە توانایاندا هەیە کە دووبارە کۆمەڵگا بونیاد بنێنەوە. تەنانەت ئەگەر بێت و هونەریش وەک بوار و کایەیەکی فیکری لەقەڵەم بدرێت، ئەوا هونەر لەمەش زیاتر لەتوانایدا هەیە وەک بوار و کایەی ئابووری و ئایینی و سیاسی قسەی خۆی بکات. بۆ ئەوەی ئەمەش بێتە دی پێویست دەکات هونەرمەند بڕوای بەوە هەبێت کە ئەرکی ئەو بەتەنها لە وەدا کورت نابێتەوە کە چەند نیگارێکی جوان و پڕنەخش و نایاب بکیشێت، بەڵکو ئەو توانای ئەوەی هەیە کە لە دوتوێی زمانی فەرمی و جاونناسی هونەردا قسەی خۆی بکات و پەیامی خۆی بگەیەنێت. و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ هاندان بەتایبەتیش لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای عێراق ئاڵۆز کە بەقوڵی لێکترازاوە و پارچەپارچە بووە.

لەلایەن خەڵکانێکی زۆر لە کۆمەڵگەی عێراقیدا، چەمکی -curator)ڕاسپێر یان پێسپێردراو یان سەرپەرشتیار) لە بواری هونەردا پێویستی بەڕونکردنەوە هەیە لە بەر ئەوەی پێی ئاشنانین، ئێوە چۆن ئەم چەمکەیان بەوردی بۆ شیدەکەنەوە، بەتایبەتی لە بواری کولتوری هونەریدا کەتاوەکو ئێستاش ئەم بوارە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت؟
رێکخستنی پێشانگاکان خۆی لەخۆێدا کارێکی پیشەیی و پڕۆفێشناڵانەیە. ئەم کارە مانای زیاتر لە خۆێ هەلدەگرێت لە وەی کە بەتەنها بریتی بێت لە هەڵواسینێکی هەڕەمەکیانەی وێنەو نیگارەکان بەهەوادا، وەک ئەوەی کە من بینیم لە زۆربەی گالێریەکانی شاری بەغداد. کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێگاو ئیمکانیات هەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە کارە هونەریەکانی هونەرمەندێک هەڵبژێرین بۆ پیشانگایەک . ئەوە ئەرکی سەرپەرشتیارە کە وێنە و کارەهونەریەکان زۆر بەوردی هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی بتوانێ گوزارشت لە بابەتی پێشانگاکە بکات، و کارە هونەریەکانی هونەرمەند بخاتە نێو سیاقی بابەتی پێشانگایەکەوە. ئەمەش لە ڕێگای دابەشکردنێکی وردی کارەهونەریەکان کە تیایدا هەم مانا و هەمیش سیاق پێکەوە کۆکراونەتەوە. و سەبارەت بە ووشەی (curator)سەرپەرشتیاریش دەتواندرێت ووشەی لاتینی(curare)سەرپەرشتیار بخوێندرێتەوە کە مانای ئاگالێ بوون یان سەرپەرشتیکردن دەبەخشێت. لە پێشانگاکەدا، واتە کارە هونەریەکان و هونەرمەندەکانیش لە لایەن سەرپەرشتیارەوە چاودێری دەکرێن و هەر ئەویش دەبێتە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان بینەران و هونەرمەند. ئەوە زرنگی و هەستیاری سەرپەرشتیارە کە ڕێگە بۆ ئەوە خۆشدەکات کاری هونەری بە شێوازێکی باش نماییش بکرێت و لە چوارچێوەی مێژووی هونەری و سیاقە کۆمەڵایەتیەکەیدا شیاوی تیگەییشتن بێت.

‘ هەندێک جار تۆ تەنها پێویستت بە بەردێک و هەندێک لە تاڵەکانی قژی خۆت دەبێت بۆ ئەوەی کارێکی هونەری ناوازە و نایاب ئەنجام بدەیت.’

ئێوە چ بۆچوونێکتان هەیە کاتێک وەک بێانیەک لە عێڕاقن و خۆت و ئەزموونە نێودەوڵەتیەکەی خۆتت هێناوەتە بەشی وڵاتی عێراق، ئیوە ئەم کارلێککردن و ئەدایە بەتایبەتیش لە سەکۆیەکی گرینگی وەک بیناڵی شاری ڤینیسیا چۆن دەبینن؟
بە بینینی کارەکان وەک بیانیەک و کەسێکی دەرەوەی ولاتی عێراق، دەمتوانی کۆمەڵێک تێڕوانین و قوڵایی بدەمە بواری هونەر کە بتوانێت سەرەڕای تپەڕاندنی ئەم کڵێشە ونموونانەی لە نێو دەزگاو دامەزراوەکانی عێراقدا باون، سنووری ئەم گێرانەوە کلاسیکیەی هونەری عێراقیش تێبپەڕێنێت. من هەوڵمدا کۆمەڵێک ڕیگا بدۆزمەوە کە بە هۆیانەوە بتوانم کارەی هونەرمەندە عێراقیەکان بە گوتارێکی نێودەوڵەتی فراوانتر ببەستمەوە سەبارەت بە هونەری هاوچەرخ، کە ‌‌هێشتا ئەوان بەڕوویدا نەکراونەتەوە. من لەم بڕوایەدام کە تێڕوانینی کەسێکی بیانی لەتوانایدا هەیە تێگەییشتنێکی باشتر بۆ کوالیتی و خەسڵەتە تایبەت وباشەکانی هونەری هاوچەرخی عێراقی فەراهەم بکات. کەسێکی بیانی بەهیچ جۆرێک سنووردارناکرێت بە ململانێ و بابەتە هونەریە خۆجێییەکان، تاکە رێنمایی کاری ئەوان بریتیە لە جۆرایەتی-کوالیتی- هونەری. بیناڵی شاری ڤینیسیا یەکێکە لەم سەکۆ گرینگانەی کە دەتواندرێت لێیەوە جەماورەری پیشەیی و پرٶفیشناڵی نیودەوڵەتی بە هونەری هاوچەرخی عێراقی ئاشنا بکەیت. تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت بیناڵی ڤینیسیا بەیەکێک لە بۆنە و رووداوە گرینگەکانی هونەری هاوچەرخ لە قەڵەم دەدرێت لە سەرانسەری جیهاندا. کەوایە ئەمە هەلێکی زۆر ناوازە و نایابە بۆ هونەرمەندە عێراقیەکان.

ئایا ئێوە چۆن خۆتان بۆ ئەم کۆڕە ئامادەکردبوو کە لە لایەن رێکخراوی ڕوئیاوە ئامادەکرا بوو؟ ئایا ئەم بوار و بابەتانە چی بوون کە ئێوە هەوڵتاندەدا باسی بکەن؟
لە دواهەمین ڕۆژی مانەوەم لە عێراقدا رێکخراوی روئیا ئامادەکاری کردبوو بۆ کۆرێک لە سەر هونەری هاوچەرخ و کۆڕەکە کراوە بوو بۆسەرجەم هونەرمەنددان لە سەرانسەری وڵاتی عێراقدا. من داواملێکرابوو کە پرێزنتەیشنێک لە سەر مومارەسەی هونەری نێودەوڵەتی هاوچەرخ پێشکەش بکەم. ئەم کۆڕە سەفەرکردنێک بوو بەنێو مێژوی ئەم سی ساڵەی دوایی هونەردا. لە نێویدا من باسی سێ چرکەساتی مێژووی رابردووم کرد وەك: مارسێل دوشامپ، ئێدوارد مانیەت و کازیمیر مالیڤیتش. من ئەم هونەر مەندانە لەهەمانکاتدا هەم وەک خاڵی کۆتایی و هەمیش وەک خاڵی دەستپێک لەقەڵەم دەدەم، من کارەکانی ئەم هونەرمەندانەم لە کۆرەکەدا بەکار هێنا لەبەر ئەوەی لەیەک کاتدا من دەمەویست هەندێک دەرگا دابخەم و هەندێک دەرگای نوێش بکەمەوە. من هیچ بابەتێکی دیاریکراوم نەبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک بابەتی جێی بیر لێکردنەوەو جیددیم هەبوون. لە عیراقدا تاکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت نیگارکێشان یەکێکە لەو نموونە هونەریە سەرەکیانەی کە لە ڕیگەیەوە حوکم لەسەر هەمووشتێکیتر دەدرێت، لەبری ئەوە من کۆمەڵێک هەڵوێست نگارکێشی جیاوازیشم خستە نێو بابەتی باسەکەمەوە. من بەشێوەیەکی کەسی زۆر حەز لە هونەری نیگارکێشی دەکەم. دووەمین جاریش من نموونەی کۆمەڵێک هونەرمەندم خستە ڕوو کە پەیوەندیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا لە نێوان کارەهونەریەکانیان و ئەم سیاقە کۆمەڵایەتیەشدا هەیە کە کاریان تێیداکردوە. من ویستم نیشانی بدەم کە هونەر بریتی نیە لە کردەی ڕاکردن لە واقیع: بەڵکو هونەر بریتیە لە ڕێگایەک لە رێگاکانی قسەکردن، هونەر بریتیە لە زمان. هەروەها سێیەمین شتیش، ویستم ئەوە نیشان بدەم کە هەندێک جار تۆ تەنها پێویستت بە بەردێک و تاڵەکانی قژێ خۆت هەیە بۆ ئەوەی کارێکی هونەری ناوازەو نایاب بەرهەم بهێنیت.

گرینگترین بەشی کۆرەکە بەلاتەوە چی بوو؟ بۆچی؟
من زۆر کاریگەر بووم کاتێک کە هونەرمەندێکی بەتەمەن پێی گوتم کە دواهەمین کٶڕی لەم شێوە لە شاری بەغداد، کۆڕێک بو لەلایەن فرانک لۆییدەوە پێشکەش کرا لە ساڵی ١٩٥٦. جا ئەمە دروست بێت یان نا، ئەندازەی نائامادەگی و غیابی دیالۆگی نێوان هونەری عێراقی و مەیدانی هونەری نێودەوڵەتی نیشاندەدات. ئەو کات لەوە تێگەیشتم کە چەندە قورس بووە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی کە بۆ ماوەیەکی دوورودریژ، لە بەر گەلێک هۆکار، لە تەواوی جیهان دابڕواو بن. من رێزێکی بێپایەنم هەیە بۆ ئازایەتی ئەم هونەرمەند و خەڵکانەش کە لەم بارو دۆخە ناخۆش، نامومکین وناهەموارە و گەلێک جاریش لەتوانابەدەرەدا بەردەوام بوونە لە هەڵ و کۆششەکانی خۆیان و دەست بەرداری نەبوونە. ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی کە کۆرەکە درێژە بکێشێت بۆ دوای نیوەڕۆ، ئەوە ڕۆژێک بوو کە من هەموو کات ناتوانم تیایدا قسەبکەم بۆ جەماوەرێک کە زۆر سورە لە سەر ئەوەی کە فێربێت، وەربگرێت و بەدوای زانیاریدا بگەڕێت.

ئایا چۆن بەردەوامی بەم کارە دەدەیت کە لەماوەی مانەوەت لە شاری بەغداد دەستت پێیکردوە؟
من بەردەوام لە پەیوەندیدادەبم لەگەڵ ئەم هونەرمەندانەدا، سوپاس بۆ رێکخراوی روئیا. من بەڵێنم پێیان داوە کە زانیاریان بۆ بنێرم سەبارەت بە هونەرمەندە نێودەوڵەتیەکان، چونکە من لەبڕوایەدام کە ئەمە ئیلهامی زیاتریان پێدەبەخشێت. من واهەست دەکەم کە مەودای بەرپرسیارێتی من درێژ دەبێتەوە بۆ دوای بیناڵی شاری ڤینیسیاش. من خۆم خستۆتە ژێر پابەندبوونێکی کەسیەوە و بەڵێنمداوە کە ئەزموون و زانیاری خۆم بەشبکەم لەگەل ئەم هونەرمەندانەی کە لەماوەی سەردانەکەمدا بۆ عێراق چاوم پێیان کەوتوە. من ئەم کارە ئەنجام دەدەم بەڵام بەڕێگەو شێوازێکی بونیاد نەرانە.

ئایا لەو کاتەوەی کە سەردانی عێراقت کردوە، بیرۆکەکانت بۆ بەشی وڵاتی عێراق هیج گۆرانکاریەکیان بەسەردا هاتوە؟
ئەوەیان لە سەر من واپێویست دەکات کە بزانم و لەسەر تۆش واپێویست دەکات کە دەریخەی! من لە ئێستادا ناتوانم هیچ شتێک لە سەر بەشی وڵاتی عێراق و ئەو ڕیچکانەش کە هەلبژێردراون باس بکەم.