پێشانگای ‘ سۆمەریەکان و مۆدێلی نوێ ‘ لە دەزگای میرۆ لە بەرشەلۆنە، هەڵدەستێت بە خستنە ڕووی وتووێژ و گفتوگۆیەک لە نێوان هونەری ناوچەی میسۆپۆتامیا و کارەهونەریەکانی هونەرمەندە مۆدێرنەکان، بەتایبەتیش لە سەردەمی نێوان هەردووک جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا (١٩١٨-١٩٣٩). کارە هونەریەکانی هەریەک لە هونەرمەندان خوان میرۆ، هێنری مۆڕ، ئەلبێرتۆ گیاکۆمێتی و هونەرمەند ویلی باومیستێر لە تەک پارچە شوێنەواریەکانی سەردەمی سۆمەریەکانەوە دانراون و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی ئەم سەردەمەش تیشکیان خراوەتە سەر. لە ڕێگەی دانانی کارە هونەریەکان، پارچەشوێنەواریەکان، کولتورە چاپکراوەکان لە نێودیالۆگەکەدا، پێشانگاکە هەڵدەستێت بە کەشفکردنی ئەم ڕاستیەی کە پێکهاتەی هونەری وڵاتی میسۆپۆتامیای کۆن چۆن چۆنی ڕێگای خۆی دۆزیوەتەوەو لەم ڕێگایەوە دزەیکردوە بۆ نێوخەیاڵی هونەری ڕۆژئاواییەوە. هەروەها پێشانگاکە هەڵدەستێت بە نماییشکردنی کارێکی ڤیدیۆیی هونەرمەندی بەناوبانگ فڕانسیس ئەڵایس بەناوی پێکگەییشتنی ڕەنگەکان (٢٠١٧)، کە لە بنەڕەتدا هونەرمەند بۆ ئەم کارەی هونەریەی لە لایەن ڕێكخراوی ڕوئیاوە داوای لێکرابوو بۆ بەشداریکردن لە بەشی وڵاتی عێراق لە (٥٧)ە مین بیناڵی شاری ڤینیسیادا.
رێکخراوی ڕوئیا لە میانی ئەم چاوپێکەوتنەدا گفتوگۆیەک لەگەڵ هونەرمەند پێدرۆ ئازارا، ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری پێشانگاکەدا، ئەنجامدەدات هەم سەبارەت بە پێشانگاکە و هەمیش سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ پارچەشوێنەواریە سۆمەریە کۆنەکان دەتوانن چ شتێک لە بارەی هونەر و جوانناسی و مۆدێرنیزمەوە بە ئێمە بڵێن.
ئایا لەم کاتەی ئێستادا چ شتێک بوو بە هۆکار و پاڵنەر بۆ کردنەوەی پێشانگای ‘ سۆمەریەکان و مۆدێلی هونەری نوێ’؟
دووساڵ لەمەوبەر هاوکارەکەم مارک مارین سەردانی سۆن بۆتێری کرد، کە ستۆدیۆی خوان میرۆیە لە شاری پاڵما دی ماڵۆرکا. هاوکارەکەم سەرنجی هەندێک وێنەی پارچە شوێنەواریەکانی سەردەمی سۆمەریەکانیدا کە هونەرمەند خوان میرۆ لە گۆڤارەکانەوە دەریهێنابوون و لە سەردیواری ستۆدیۆکەیدا جێگیری کردبوون. وێنەی پارچەشوێنەواریەکان لە کۆمەڵە وێنەیەکی مۆزەخانەی عێراق لە شاری بەغداوە هاتبوون، بە مۆزەخانەکانی ئەوروپادا گێردرابوون. ئەو نیگارە دەستیانەی سەر دیوارەکانی ستودیۆکەی خوان میرۆ لێکچوونێکی زۆریان لەگەڵ ئەم وێنانەدا هەبوو. لەبەرامبەریشدا، هونەرمەند ئەم نیگارانەی گەشەپێدابوو بۆ کۆمەڵێک پەیکەری داتاشراو. لە نێو ستۆدیۆکەی میرۆدا، ئەو ڕاستیەمان دۆزیەوە کە میرۆ بەئەندازەیەکی گەورە کەوتوەتە ژێر کاریگەری پارچە شوێنەواریەکانی وڵاتی میسۆپۆتامیا. لە مەوبەر وتاکو ئێستایشی لەگەڵدا بێت هیچ زانایەک یان مێژوو نووسێکی هونەری بەم ڕێگە و شێوازە هەڵنەستاوە بە گەشەپێدان و تەفسیرکردنی وێنەو نیگارەکان. لە بری ئەمەشدا ڕەخنەگرەکان هەڵساون بە جێکردنەوەی کارە هونەریەکانی میرۆ لە نێو نەریتی هونەری و مێژوویی ڕۆژئاواییدا، کە شوێنەوارە مێژووییە یۆنانی-ڕۆمانیەکانیش دەگرێتە خۆی.
هونەرمەندە مۆدێرنیزمەکان ئیلهامیان لەو پارچەشوێنەواریە کۆن و ئیثنۆگرافیانەوە وەرگرتوە کە لە مۆزەخانە جیهانیەکانی ڕۆژئاوادا هەن وەک مۆزەخانەی بەریتانی لە لەندەن و مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس. ئێوە بۆچی بەتایبەتی جەخت لە سەر کاریگەریەکانی هونەری سۆمەڕی دەکەنەوە؟
لە ساڵانی ١٩٢٠ ە کانەوە تاکو ساڵانی ١٩٣٠یەکان کۆمەڵێک کاری هەڵکۆڵینی گرینگ لە وڵاتی عێراقدا ئەنجامدران، بۆ نموونە وەک کارەکانی هەڵکۆڵینی لیۆناردۆ وۆڵی بۆ گۆڕە شاهانەییەکانی ناوچەی ئور هەروەها دۆزینەوەی کۆمەڵەپەیکەرێکی ئایینی دروستکراو لە بەردی کلس لە دۆڵی دیالەدا. تاکوئێستاش هونەرمەندان بەئەندازەیەکی زۆر کەم دەستیان گەییشتوە بە پارچە شوێنەواریەکانی سۆمەریەکان کە لە لایەن مۆزەخانە ئەوروپیەکانەوە کۆکراونەتەوە. کاتێک کە کارەکە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، هەندێک دەزگای وەک مۆزەخانەی بەرتانی و مۆزەخانەی لۆڤەر کۆمەڵێک پارچەی شوێنەواری ئاشوریەکانیان خستەڕوو، کە لە شێوەی مۆنۆمێنتدا بوون، هەروەها گەورە و سەر سوڕهێنەر بوون. ئەم مۆزەخانانە گرینگیەکی زۆر کەمتریان بە پارچەشوێنەواریەکانی سۆمەریەکان داوە کە زۆرینەیان سادە و بچوکتر و هەمیشە شکاوبوون یان پارچەیەکیان لێبووەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەمە ئەم تێڕوانینە سادەی سۆمەریەکانە کە هونەرمەندانی بەلای خۆیدا کێشکردووە.
هەروەها پێشانگاکە کۆمەڵێک پارچەی نێو گۆڤارەکان، گۆڤارە هونەریەکان و کەتەلۆگی پێشانگاکان تێدابوو. ئایا گرینگی ئەم کولتور و ڕۆشەنبیریە چاپکراوانە لە بەستنەوەی هونەرمەندەکان بە دونیای کۆنەوە چیە؟
هیچ کات هونەرمەندەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پارچە شوێنەواریەکانیان نەبینیون و تەنها لە ڕێگەی بینینی فۆتۆگرافەکانیان یان ئەم وتارانەوە شارەزایان بوون کە لە هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا لە سەریان بڵاوکراونەتەوە. هونەرمەند وۆڵی و هەندێک لە شوێنەوارناسان هەڵساون بە بڵاوکردنەوەی دۆزینەوەکانیان لە ڕێگەی ڕوپۆشکردنی ڕاگەیاندنەوە لە پێناو زامنکردنی مافی تایبەتی شەرپەرشتیکردنی هەڵکۆڵینەکانی خۆیان. هەروەها سوریالیستی فەڕەنسی بەرێز جیۆرج باتایلیش لە بارەی پارچە شوێنەواریەکانەوە لە کۆمەڵێك گوڤاری هونەری و تیۆرەی هونەریەوە نووسیویەتی. لە ساڵی ١٩٣٥دا گۆڤاری فەڕەنسی ‘کاهیرێسی هونەر’ بابەتێکی بڵاوکردەوە بەناوی ‘هونەری وڵاتی میسۆ پۆتامیا’ کە لە لایەن ژمارەیەکی بەرفراوانی هونەرمەندان خوێندرایەوە لەمانەش هونەرمەند گیاکۆمیتی. بابەتەکە وێنە فۆتۆگرافیە ڕەش و سپیەکانی هونەرەندی فۆتۆگرافەری ئەرجەنتینی هۆراکیۆ کۆپۆللایشی لە خۆ گرتبوون کە بریتیبوون لە وێنەی پارچە شوێنەواریە بەناوبانگەکانی نێو مۆزەخانەی لۆڤەر و مۆزەخانەی بەریتانی.
ئایا هونەرمەندێکی فۆتۆگرافەری مۆدێرن لەم ماوەیەدا چۆن چۆنی توانی ئەم ڕیگایە دەستنیشانبکات کە بەهۆیەوە هونەرمەندان هەڵدەستان بە تەفسیرکردن و گەشەپێدانی نیگاری ئەم پارچە شوێنەواریانە؟
وێنەکانی هونەرمەند کۆپۆللا کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە سەر ئەوەی کە هونەرمەندان چۆن چۆنی ئەم پارچە شوێنەواریانەیان بینیون و تەفسیری وێنەکانیان کردوون. ئەم هونەرەندە فۆتۆگرافەرە بە هۆی وێنەکانیەوە بۆ ژیانی شارنیشینی خاوەنی ناوبانگێکی زۆرە، و ڕێچکەکەشی بۆ پارچەشوێنەواریەکان ڕێچکەیەکی مۆدێرن بوو. ئەو وێنەی تەواوی پەیکەر و پارچە شوێنەواریەکانی نەدەگرت، بەڵکو تەنها لە گۆشەنیگایەکەوە لێی دەڕوانین، و جەختی دەکردە سەر یەک لایەنی رەمزی و وێنەکاری پەیکەرەکان بۆنموونە وەک شێوەی چاوەکان. زۆر بەی وێنەکانی ئەم هونەرمەندە وێنەی موجەڕەدن بەو مانایەی کە: بینەر ناتوانێت بڵێت کە ئەم وێنانە لە کوێوە هاتوون. هونەرمەندە مۆدێرنەکان پارچە شوێنەواریەکانیان لە گۆشەنیگای سەردەمی خۆیانەوە تەفسیر کردوە. ئەم پارچە شوێنەواریانە وەک شتومەکی وەزیفی بەرهەم هێندراون، بەزۆریش کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی سێحراوی و ئەهەمیەتێکی ئایینیان هەیە. تاکو ئێستاش ئێمە بەهەمان ئەم شێوازەی کە سەرسامی کارە هونەریەکان دەبین، سەیری پارچە شوێنەواریەکانیش دەکەین. هونەرمەندە مۆدێرنەکان ئەم پەیوەندیەیان دروست کرد.
ئایا بەتێڕوانینی تۆ چ کارێکتەرێکی نێو پارچەشوێنەواریە سۆمەریەکان بەئەندازەیەکی زیاتر ئیلهامی بەخشیوەتە ئەم هونەرمەندە مۆدێرنانە؟
گەلێک ڕەهەند و بوار لە نێو پارچەشوێنەواریەکاندا هەن کە بۆ هونەرمەندە مۆدێرنیستەکان ئیلهام بەخش بوونە، جا هەر لە نواندنی شێوە و فۆڕمەکەیانەوە بگرە تاکو دەگات بە ڕێنووسی مسماری و ئەفسانەکان. هونەرمەندی پەیکەرتاش هێنری مۆڕ زۆر بە جوانی مەدحی سەقامگیری و ئارامی و ‘هێزی پارێزراو’ دەکات لە نێو پەیکەری پیاوە ئایینییەکانی سۆمەریەکان و گۆدیادا، کە دەستەڵاتدارێکی باشووری میسۆپۆتامیا بوو لە سەدەی بیست و یەکی بەر لە زایین. هێنری مۆڕ هەوڵیداوە کە دووبارە ئەم ئارامی وسەقامگیریە لە نێو پەیکەرەکانی خۆیدا بونیاد بنێتەوە. بە سوودوەرگرتن لە رەهەندە فیزکیەکانی ئەم پارچە شوێنەوارانە بۆنموونە وەک چاوە گەورەکانیان یان شێوەی کەلە سەریان. لەهەمانکاتیشدا شاعیری فەرەنسی هێنری میشۆس کۆمەڵە نووسین و کتێبێکی خەیاڵئامێزی دروست کردوە و نووسیوە لە سەر بنەمای سیناریۆی نێو ڕینووسی مسماری سۆمەریەکان. هێنری میشۆس ڕێنووسی مسماری بە یەکێک لە یەکەمین نموونەکانی نووسین لە قەڵەم دەدات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هێنری لەم بڕوایەدایە کە نووسین بۆ ئەوە هاتەکایەوە تاوەک ئامرازێکی پەیوەندی ڕۆڵببینێ لەوەی شتەکان چین. هونەرمەندی ئەڵمانی ویڵی باومیستێر بە شێوەیەکی تایبەتی گرینگی بە نیگار و وێناکردنی ململانێ و توندوتیژی نێو داستانی گلگامێش دەدا. ئەمەش بۆ ئەو ڕیگایەکە کە بەهۆیەوە تیبگات لەوەی کە چی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگوزەرا لە ماوەی نێوان هەردووک جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا.
بە بۆ چوونی ئێوە جوانترین پارچە کاری هونەری لە پیشانگاکەی نێو دەزگای میرۆ کامەیە؟
ئێمە نیگاری کەلە سەری گودیامان لە تەک پارچە شوێنەواریە ئەسڵیەکە خۆی نماییش کردوە، ئەم پارچەشوێنەواریە لە ئێستادا لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە دەزانین کە هونەرمەند هەڵساوە بە بەرهەمێنانەوەی کەلەسەرێکی کۆپیکراو. ئەم کەلە سەرەش لە نێو وێنەیەکەوە هات کە لەلایەن هونەرمەندی فۆتۆگرافەر کۆپۆللاوە گیراوە لە پێشانگای کاهیرێس بۆ هونەر. هەورەها ئێمە هەڵساوین بە نماییشکردنی وێنە فۆتۆگرافیەکە و کۆمەڵە لاپەڕەیەک لە کاهیرێس.
تەنها کارێکی هونەری هاوچەرخ لە نێو پێشانگاکەدا بریتیە لە کارێکی هونەری ڤیدیۆیی هونەرمەند فرانسیس ئەڵایس بەناوی لێکچوونی ڕەنگەکان (٢٠١٧). هونەرەند ئەم پارچە ڤیدیۆییەی لە کاتێکدا گرتووە کە هاوەڵ بوو لەگەڵ هێزیکی پێشمەرگە لە هەفتە سەرەتاکانی شەڕی مووسڵ لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠١٦. ئایا بۆچی بەتایبەت ئەم کارە هونەریەتان هەڵبژارد؟
کاری هونەری لێکچوونی ڕەنگەکان هەڵدەستێت بەنشاندانی هونەرمەندێک کە هەوڵدەدات کارێکی هونەری ئەووتۆ لە شوێنێکدا بەرهە بهێنێت کە وەک مەیدانێکی شوێنەوار ناسسی لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام شوێنەکە لە ڕاستێدا ناوچەیەکی جەنگیە. ئەم پارچەکارە هونەریە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵە پرسیارێک کە ئێمەش هەمانن سەبارەت بە پەیوەندی هاوچەرخی نێوان هونەر و جیهانی کۆنی سەردەمی میسۆپۆتامیادا. ئایا کولتوری کۆن چۆن ئیلهام دەبەخشێتە هونەرمەندانی ئەمڕۆ؟ ئایا ئیغراکردنەکانی ڕۆژهەڵاتی خوارو لە نێو خەیاڵدانیاندا دەمێنێتەوە؟ ئایا هونەرمەندە هاوچەرخەکان چۆن دەتوانن دەست و پەنجەیان لەگەڵ هەرێمەکە و جەنگە هەنووکەییەکانیدا نەرم بکەن؟
هەڵکۆڵینە شوێنەوارناسیەکانی ساڵانی بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە کاتێکدا ئەنجامدران کە خۆرهەڵاتی خوارو دابەش دەکرا بۆ چەند ویلایەت و کۆلۆنیەکی ڕۆژئاوایی. ئایا هونەرمەندەکانی ئەوسا چ ڕەنگدانەوەیەکیان بۆ ئەم دۆخە سیاسیە هەبوو؟
ژمارەیەکی کەمی ئەو هونەرمەندانەی کە لەگەڵ پارچە شوێنەواریەکاندا تێکەڵ بووبوون هەستیان بەوەکرد کە کارەکانان یەکێکن دەرەنجامەکانی کۆلۆنیالیزم. ژمارەیەکی کەمتری هونەرمەندانیش ئەم پارچە شوێنەواریانەیان وەک سیمبوڵی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە دەبینین. کۆمەڵێک نووسەری وەک بەتایل و سوریالیستی فەرەنسی مایکل لیریس لەنێو تێکستەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بەمە کردبوو، بەڵام بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە، پێناچێت کە هونەرمەندانی وەک جیاکۆمێتتی و هێنری مۆڕ ئەم بابەتەیان بەهەند وەرگرتبێت.
ماوەی نێوان هەردووک جەنگە جیهانیەکە و بە لوتکە گەییشتنی جەنگی جیهانی دووەم سەریان کێشا بۆ سەرهەڵدانی چەند پرسیارێکی سەرەکی سەبارەت بە مامەڵەکردن لە گەڵ هونەر و شوێنەوارەکان لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا. ئایا ئێمە دەتوانین چ وانەیەک لەمە فێرببین و لە بارودۆخی ئەمڕۆدا کاری پێبکەین؟
دوای جەنگی جیهانی دووەم، گەلێک گفتوگۆ و پرسیار سەبارەت بە پاراستنی شوێنەوارەکان لە سەروبەند جەنگ و ململانێکاندا سەریان هەڵدا. ئایا پێویست دەکات تاچ ئەندازەیەک ئێمە هەڵبستین بە هێنانەوەی شتە دزراو و بردراوەکان؟ ئایا پێویست دەکات وێنەی هاوشێوە بەرهەم بهێنینەوە؟ بەشی هەرە زۆری شاری وارشۆ لە ساڵی ١٩٤٤ دا وێرانبوو. ئەم شارە کۆنە بەتەواوەتی لە سەر فۆڕمە هەندەسی و مێژوویی و شێوازەشارنیشینیەکەی خۆیدا بینا کرایەوە. فڕانکفۆرت لەم دواییانەدا داوای ئەوەی کردووە کە سەرلە نوێ گەڕەکی دۆم ڕۆمێر لە نێو سەنتەری کۆنی شارەکەدا بینا بکاتەوە. من لەگەڵ ئەم نەهجەدا هاوڕانیم، چونکە ئەمە وادەکات کە ئەولەویەت بدرێتە وێنە مێژووییەکەی شار، لەکاتێکدا کە هۆکارەکانیتر پشت گوێدەخات. لە شاری ڕۆتردام شارەکە بڕیاریاندا کە شارێکی تەواو نوێ و مۆدێرن بینا بکەنەوە. ئەم جۆرە پرسیارانەی کە تایبەتن بە هەڵسانەوە و چاکبوونەوەی دوای شڵەژان و جەنگ و ململانێکان لە ئەمڕۆدا لە عێراقیش لە ئارادان. داروپەردوەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین ئێمە ناتوانین بۆ هەمیشە بژین. هەروەها ئەم دارو پەردووە بەبیرمان دەهێننەوە کە ئێمە وەکو مرۆڤ توانای توندوتیژی و وێرانکاری و فەزاحەتی زۆر گەورەمان هەیە. بەهەمان شێوەش، ئەوان وایان نیشاندا کە هونەر بۆ خۆشی شتێکی ڕاگوزەر و کاتیە، بۆ هەتاهەتایە دروست نەکراوە.
‘سۆمەر و نموونەی نوێ’ بەردەوام دەبێت تاکو ٢١/١/٢٠١٨ لە دەزگای میرۆ ، پارک دی مۆنجویک، ٠٨٠٣٨، بەرشەلۆنە