حوزەیران بۆ نۆڤەمبەری 2013

روئیا بەرپرسیارێتی ژووری نیشتمانیی عێراقی لە (55) فستیڤاڵی ڤێنیس بیەنالێ پێسپێردرا. پێشانگای بەخێربێن بۆ عێراق یەکەمین هەوڵی لەو شێوەیە بوو بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی عێراقی و کورد لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتیدا. جۆناتان واتکینس، بەڕێوەبەری گالێری ئایکۆن لە بیرمینگهام و تەمارە چەلەبی گەشتێکیان بەنێو عێراقدا ئەنجامدا بۆ بینینی کاری هونەرمەندان. ئەو 11هونەرمەندەی کە بەرهەمەکانیان هەڵبژێردرا دواتر بۆ هەفتەی دەستپێکی فستیڤاڵەکە داوەتکران . لەوێدا ئە وهونەرمەندانە دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا کە ئایدیا و بیرۆکەی نوێ وەربگرن لە هونەرمەندانی جیهانی و لە کەلەپوری دەوڵەمەندی شاری ڤێنیسدا. بەهۆی بەشداری لەو فستیڤاڵەدا، زۆرێک لەو هونەرمەندە عێراقیانەی کە کارەکانیان لە ڤێنیس نمایشکران، دواتر داوەتکران بۆ گالێری و پێشانگا جیهانییەکانیتر بۆئەوەی کارەکانیان بخەنەڕوو.