هونەرمەند هادی ئەلنەجار(لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٧) یەکێکە لە هونەرمەند فۆتۆگرافەرە بەناوبانگ و ڕەسەنەکانی عیڕاق و سەرۆکی کۆمەڵەی فۆتۆگرافەرنی عێڕاقە لە شاری بەغداد. کارەی هونەری ئەم دواییانەی لەژێر ناوی ‘ئەودیوی ڕوناکیەکانی شار –” ڕۆشنایی و جەخت دەخاتە سەر کۆمەڵان و خەڵکی بێبەشکراو و پەراوێزخراوی نیشتەجێی گەڕەکە کۆنەکانی شاری بەغداد. شەقامەکانی وەک شەقامی ڕەشید و شەقامی موتەنەبی دواهەمین نموونەی پاشماوەکانی سیمای ئەندازیاری سەردەمی عوسمانیەکانن لە نێو شاری بەغدا. ئەم باڵەخانانە کە پێشتر وەک ماڵ و شوێنی ژیانی خێزانەکان بوونە زۆرینەیان هی ئەو خێزانە جولەکانەبوون کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە عێراق ڕایان کرد. لە ئەمڕۆدا بەشێکی زۆر لەم خانوو و باڵەخانانە لەلایەنە ئەو خەڵکانەی کە لە باشوری عیراقەوە کۆچیانکردوە بۆ شاری بەغدا دەستیان بەسەردا گیراوە. هونەرمەند هادی ئەلنەجاڕ بەشداری لە پێشانگایەکی رێکخراوی ڕوئیا کرد بەناوی ‘بانگردنی کالۆوست: کە تایبەت بوو بە هونەری فۆتۆگرافی عێراقی نوێ’ (٢٠١٦) لە شاری بەغداد. هونەرمەند هادی ئەلنەجاڕ لەبارەی کارە هونەریەکەیەوە هەروەها سەبارەت بە گۆڕانکاریەکانی بارودۆخی کارکردنی فۆتۆگرافەران لە شاری بەغداد، هەر لە سەردەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە تا دەگات رۆژگاری ئەمڕۆ، بۆ رێکخراوی ڕوئیا دەدوێت.

هۆکار چیە کە لەم زنجیرە کارەهونەریەی ئەم دواییەتدا، بڕیارتدا بەم شێوە ڕەهایە جەخت بکەیتە سەر ژیانی شارنیشینی ڕابردوو لەجیاتی ژیانی شارنیشینی هاوچەرخی شاری بەغداد؟

ئەوەی من لەم شەقامانەدا ڕووبەرووی دەبمەوە بریتیە لە مێژوو و ئەندازیاریەکی مێژوویی ناوازە. ئەم ڕوودواونەی کە لە سەر ئەم شەقامانەدا ڕوویاندان گرینگیرکی زۆر گەورە و جەوهەریان هەیە بۆ کولتور، ئەدەبیات و زانستەکانی عێراق. بەڵام باڵەخانەکانی ئەم شەقامانە لە دۆخێکی پشتگوێخراوی زۆر ئاشکرا و کارەساتباردان، بەهۆی لاوازی و نەبوونی خزمەتگوزاریە گشتیەکانمانەوە. هەر وڵاتێک مێژووی نەبێت وڵاتێکی بێ ڕەگ و ڕیشەیە. من مناڵی خۆم لەم گەڕەکانە بەسەر برد، بەر لە پێشبکەوتن و بەرفراوانبونی ئەم شارە. من واهست دەکەم کە زۆر نزیکم لە دانیشتوانی ئەم گەڕەکانەوە. گەلێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکان و نووسەران و ڕۆشەنبیرانی ئەم وڵاتە لە هەژارترین چینە کۆمەڵایەتەکانی کۆمەلگا و لەم گەڕەکانەوە پەروەردە بوون. من ئەم گەڕەکانە، کەش وهەواکەیان، ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیان و بوون و جوانی باڵەخانەکانیم زۆر بەقوڵی خۆشدەوێن.

ئایا لەم بڕوایەدایت کە هیچ (گیروگازێکی ئەخلاقی) لەئارادا هەیە لە وێنەگرتنی دەردەسەری و نەبوونی و هەژاری لە ناو باوەشی جوانیەکی بینراوی سەرنجڕاکێشدا؟

من وێنەگرتنی کوێرەوەری مەینەتیەکانی هەژاریم هەڵبژارد جونکە ئەمە ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی هاوڵاتیانی عێراقە. من وام پێباشترە بەوجۆرە وەسفی ئەم کۆمەڵە خەڵکانە نەکەم کە پەراوێز نەخراون بەڵکو ئەوان پشتگوێ خراون. رەچەڵەکی هەندێک خەڵک لە دانیشتوانی ئەم گەڕەکانە و بوونیان لەوێ دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک بەر لە ئێستا. من زۆرجار سەردانی هەندێک کەسی ئەم گەڕەکانە دەکەم، و لێیان نزیک دەبمەوە. وێنە فۆتۆگرافیەکانی من بەهیچ جۆرێک لە بەکەمزانینەوە نین؛ من وێنەی ئەم خەڵکانە لە کاتێکدا دەگرم کە هەوڵدەدەن کەڕامەتی خۆیان بپارێزن. من هەوڵدەدەم هەر جۆرە ئاماژە و نیشانەیەکی نەخوازراو لە سەر بابەتی پیشەکەی خۆم، بیروباوەڕکان و شێوازی ژیان دووربخەمەوە. بۆ نموونە، لە یەکێک لە وێنەکانمدا کە بەشێوەیەکی زۆر تایبەت گرێدراوە بە قوڵایی دڵمەوە، وێنەی پیاوێکی پیرم گرتوە کە لەسەر شەقام یاری منداڵان دەفرۆشێت. لە وێنەکەدا، هوو ئەوەی کە ئێمە دیبینین بریتیە لە پیرەپیاوەکە، و ئەو یاریانەش کە لەسەر دیواری شەقامەکەدا هەڵواسراون. من وێنەی ئەم پیرەپیاوەم لە ماڵەکەیدا نەگرتوە، تا ئەوەشتومەکە تایبەتیانەی بەدوەرەوە بێت کە هەیەتی. غیابی وردەکاریەکانی ژیانی تاکەکەسی پیرە پیاوەکە مەودایەک دەداتە جەماوەر بۆ ئەوەی خۆیان لێکی بدەنەوەو شیبکەنەوە کە بۆچی ئەم پیرەپیاوە بەم هەموو تەمەنەوە لەو شوێنەیە و لەوێدا چیدەکات. هەروەها ئەم کرانەوەیەی کە لە وێنەکەدا هەیە سەرەڕای ئەوەی کە وێنەیەکی غەمناک و ناخ هەژێنە، گەشبینی و هیوایەکی گەورەش بەدەستەوە دەدات.

وێنە فۆتۆگرافیەکانی تۆ بەوە بەناوبانگن کە کوالیتیرکی سینەماییان هەیە، ئایا چ فیلمێک یان چ فۆتۆگرافێکی ڕابردوو بووەتە ئیلهامبەخشی کارەهونەریەکانی تۆ؟

هونەرمەند و دەر‌هێنەری میسڕی ئیلهام شاهین شێواز و ڕێچکەیەکی زۆر کاریگەر و بێهاوتای هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ڕۆژانەییەکانی خەڵکی ئاسایی لە ڕێگەی ناوەندی سینەماوە. من ئەم کارە هونەریەم زۆر بەدڵە و زۆریشم خۆشدەوێت کە هونەرمەندی وێنەگری سێنەمایی بەریتانی جاک هیلدیارد ئەنجامیدا بۆ دەر‌هێنەری سوری هونەرمەند موستەفا عەققاد لە فیلمی (الریسالە)دا، هەروەها فیلمەکەی بەناوی شێری بیابان(١٩٨١). کوورەی کلاود لانزمان(١٩٨٤)، کە فیلمێکە لە بارەی هۆڵۆکۆستی جولەکەکان و بەکواڵیتیەکی زۆر بەرز و بەهێز دەرهێندراوە، سەرەڕای ئەوەی کە وێنەگرتنێکی سینەمایی زۆر نایابیشی بۆکراوە بەجۆرێک کە من بۆخۆم زۆر حەزم لێی بووەو زیاتر لە جارێکیش سەیرم کردوە. لە نیو هونەرمەندە فۆتۆگرافەرە عێراقیەکانیشدا زۆر کارگەربوومە بە کارە هونەریەکانی هونەرمەند موڕاد ئەلداغستانی، ئەم هونەرمەندە وێنەی فۆتۆگرافی ژیانی رۆژانەی شاری موسڵی گرت بەدرێژایی رووباری دیجلە لە ساڵانی(١٩٣٠)سیەکانی سەدەی ڕابردوودا. هونەرمەندی فۆتۆگرافەر فواد شاکر یەکێکە لەوانەی هەرلە زووەوە سەرسامی خۆی نیشاندا بە کارە هونەریەکانی من و بەردەوام هانیداوم. من و ئەم هونەرمەندە بەڕێزە ئارەزوو و بایەخ پێدانێکی هاوبەشمان هەیە بۆ گەڕەکە هەژار و پشتگوێ خراوەکانی شاری بەغدا. هونەرمەندی ناوبراو لە زنجیرەی کارە هونەریەکەیدا بەناوی ‘مرۆڤی ئەمەریکی’ هەڵسا بە دەرهێنانی پێنج ئاوازی جیاواز لە وێنە ڕەش و سپیەکاندا بە کۆی پلەبەندیەکانیانەوە، و ئەمەش وایکردوە کە وێنەکان زیندو دەربچن بەهەمان شێوەی وێنە فۆتۆگرافیە ڕەنگاو ڕەنگەکان.

وەک سەرۆکی کۆمەڵەی فۆتۆگرافەرانی عێراق هیواخوازن کە بە چ شێوازیک هانی مەیدانی هونەری خۆجێیی و بازاڕی هونەر بدەن؟

ئەم دەزگا پەروەردەییە هونەریانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن کەم و کوڕی زۆریان هەیە، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین لەچوارچێوەی کۆمەڵەکەماندا وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان فەراهەم بکەین. ئێمە زۆر بەچڕی هانی هونەرمەندان دەدەین کە لە کارەهونەریەکانی خۆیاندا بەجیددی پەرە بەڕۆشەنبیری و هوشی بینین و کۆمەڵایەتیانەی خۆیان بدەن. ئێمە لە شاری بەغداد پێشانگایەکی ساڵانەمان هەیە، ئەم ساڵ (٤٣)چل و سێیەمین خولی ئەم پێشانگایە بەڕێودەچێت و پیشانگاکەش لە هۆڵی باڵەخانەی گوڵبێنکیان بەڕێوە دەچێت. لێژنەیەک لە کەسانی پسپۆر و شارەزا ناوبژێوانی دەکەن و وێنە فۆتۆگرافیەکان هەڵدەبژێرن لە نێو سەرجەمی ئەم وێنانەی کە لە سەرانسەری عێراقەوە دە‌هێندرێن. ئێمە مەرج و ستانداردی زۆر بەرزمان رێکخستوە بەجۆرێک کە گروپێک لە فۆتۆگرافەرانی پارێزگای دیالە نزیکەی حەفتا کاری هونەریان پێشکەش کردوە و تەنانەت یەک دانەیشیان لێ هەڵنەبژێردراوە بۆ پێشانگاکە و ئەوانیش توڕە بووبوون و سکاڵایان پێشکەش کرد. هەروەها ئێمە کۆمەڵێک گەشتی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی ڕێکدەخەین هەم لە باکوری عێراق و هەمیش لە زۆنگاوەکانی باشور ئەمەش بە زۆری لە کاتی سەوز بوونی گەنم و کاتی دروێنەکردن و کۆکردەنەوەی بەرو بوومدا. لە دواهەمین بەشداریکردنیشمان لە چاڵاکیە هونەریەکانی دەرەوەی وڵاتدا نزیکەی بیست فۆتۆگرافەرمان نارد بۆ یەکێک لە پێشانگاکانی وڵاتی سعودیە. بەپێچەوانەشەوە، کۆمەڵەی فۆتۆگرافەرانی وڵاتی میسڕ تەنها سێ فۆتۆگرافەری عێراقی بانگهێشتکرد. هاندان و پشتگیری ئێمە بۆ فۆتۆگرافەرە گەنجەکان و درخستنیان کۆمەڵێک کێشە و گرفتی بۆ ئێمە دروستکردوە بەتایبەتیش لەگەڵ ئەم هونەرمەندانەی کە بەتەمەنتر و ناسراوترن کاتێک کە هەستیان کرد کارە هونەریەکانی ئەوان بۆ پێشانگا و ڤیستیفالە نێودەوڵەتیەکان هەڵنەبژێردراون.

ئایا فۆتۆگرافی وەک کایەیەکی هونەری سەربەخۆ لە کاتی سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر وڵاتی عێراق لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هیچ گەشەسەندنێکی بەخۆیەوە بینی؟

گەلێک زەحمەت بوو کە بتوانین پێشانگای سەربەخۆ بکەینەوە لەبەر کەمی یان باشتروایە بڵێین نەبوونی هەر جۆرە هاوکاریەک- ئەمەش دەرەنجامی ئەم گەمارۆ ئابوریەبوو کە بەسەر وڵاتدا سەپێندرابوو- هەروەها لە بەربوونی سانسۆرێکی بەهێز لە لایەن حکۆمەتەوە. هونەرمەندە فۆتۆگرافەرەکان و بەخۆشمەوە حەزمان دەکرد کە کارەهونەریەکانمان بە شاراوەیی بهێڵینەوە پیشانی کەسیان نەدەین تەنانەت خزم و هاوڕێ نزیکەکانیشمان. دۆزینەوەیان لەلایەن ڕژێمەوە دەکرا سەربکێشێت بۆ دەرکردنی فەرمانی لەسێدارەدان لەسەرمان بە تۆمەتی خیانەت و جاسوسی. گەلێک لە هونەرمەندان رووداوەکانی ئەم سەردەمەیان بە دۆکیۆمێنت کرد، بەڵام بەشاراوەیی هێشتنیانەوە. من وێنەی فۆتۆگرافی ڕاپەڕینەکان، وێرانکاری، تەرمی مردووەکان، سوتاندن و هێرشکردنە سەر ماڵی خەڵکم گرت، سەرەڕای ئەم پشتگوێ خستنەکارەساتبارەی کە ناوچە ڕاپەڕیوەکان بەدەستیەوە دەیان ناڵاند. ئەم وێنە فۆتۆگرافیانە دەریدەخەن کە کاتی خۆی ڕژێم چۆن و بەچ شێوازێک مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە. من سەرجەمی ئەم وێنە فۆتۆگرافیانەم شاردنەوە لە چاوی خەڵک هەم لەبەر سەلامەتی خۆم و هەمیش لەبەر سەلامەتی خێزانەکەم.

ئەم وێنەفۆتۆگرافیانەت تاکو ئێستا پیشانی هیچ کەسێک داون؟

ڕاستەوخۆ دوای کەوتنی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣دا پێشانگایەکی تاکەکەسیم کردەوە بۆ هەندێک لەم وێنە فۆتۆگرافیانە لە هۆڵی گفتوگۆ لە شاری بەغداد. لەم پێشانگایەدا ئەم پارێزگایانەم نیشاندان کە لە لایەن ڕژێمەوە پشتگوێ خرابوون و وێرانکرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا من وێنەفۆتۆگرافیەکانی خۆم لەبارەی ڕاپەرینەکانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو ئێستاش نیشان نەداون. تاکو ئێستاش لایخۆم بە نماییش نەکراوی هێشتوونمەتەوە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، بۆ فۆتۆگرافەرەکان شتەکان چۆن چۆنی گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە؟

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رژێم کەوت، هەستێکی زۆر باش هەبوو کە پێیوابوو شتەکان گٶڕانکاریان بەسەردا هاتوە. بەڵام لە ئێستادا، ئەم فەوزا گشتیەی کە لەئارادایە هەروەها غیاب ونەبوونی کۆنتڕۆڵی حکومەت بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکاندا بەومانایەیە کە ئەم یاسایانەی بۆ پاراستنی خەڵک داڕێژران جێبەجی ناکرێن. ئەم پێوەرە مەزهەبی و خێڵەکیانەی کە لەئێستادا لە برەودان لە ناوکۆمەڵگادا جۆرێک لە سانسۆر و چاودێری جاهیلانەیان بەرهەم هێناوە. سەرەڕای ئەوەی کە من بەفەرمی ڕێگەپێدراوم بۆ وێنەگرتن کەچی تاکو ئێستاش دەستەویەخەی گەلێک تەنگپێهەڵچنین و پێشێلکاری لە مافەکانم دەبمەوەو ئەمەش ویلێکردوم هەست بە ئەمن و ئاساییش ناکەم. بەهیچ جۆرێک بۆم نالوێت بە نێو ئەم گەڕەکانەی کە وێنەیان دەگرم بەشێوەیەکی ئاسایی ڕی بکەم و بەباشی لە سەلامەتی و چاودێریکردنی خۆم دڵنیابم، ئەگەر بەهاوکاری وپشتگیری کەسایەتیەکی کاریگەرو خاوەن دەستەڵات نەبێت.

ئایا ئەم کۆسپ و گرفتانە چین کە لە عێراقدا ڕووبەرووی هونەرمەندە فۆتۆگرافەرە گەنج و تازە دەرکەوتوەکان دەبنەوە؟

دەکرێ لە دوو ڕوەوە سەیری ئەم کێشانەبکەین؛ یەکەم: ئەمڕۆ لە عێڕاقدا هیچ دەزگا و ڕێکخراوێکی ئەکادیمی نیە کە بتوانێت ئاراستەی هونەرمەندە فۆتۆگرافەرە نوێیە زرنگ و زیرەکەکان بکات. ئەم قوتابخانە هونەریانەی کە لە لایەن حکومەتەوە بەڕێوە دەبرێن هیچ خولێک پێشکەش بە هونەرمەندە گەنجەکان ناکەن چ لە بواری زانستیەوەبێت فۆتۆگرافی و چ لەبواری رێچکەو میتۆدەکانی هونەری فۆتۆگرافیەوەبێت، ئەمە لەلایەک لەلایەکیتریشەوە، ترازانێکی یەکجار گەورە لە نێوان نەوەی کۆنی هونەرمەندە فۆتۆگرافەرەکان- پێشەنگەکان- و قوتابیەکانیان، نەوەی نوێدا هەیە، بەگوێرەی دیدو بۆچوونی نەوەی نوێ ئەم پێشەنگایانە وەک کۆمەڵە هونەرمەندێکی نوێ لە دەرەوەی بارودۆخ و واقیعی هاوچەرخدان. ئەم نەوەیە –نەوەی کۆن- ناگاتە ئەم ئاستەی کە ئەوان-نەوەی نوێ- لێیانەوە فێربن. ئەم نەوە نوێیە پێویستی بەوە هەیە کە پەرەبە بەهرەی خۆی بدات لە بواری زمانی ئینگلیزیدا، لەبەر ئەوەی زۆربەی کتێب و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هونەری نوێوە بەم زمانەن. دووەم: لەگەڵ تەکنەلۆژیای نویدا، لەم ڕووەوە گریمانەیەکی زۆر هەڵە هەیە کە پێیوایە بوونی کامێرایەکی پێشکەوتوو وات لێدەکات ببیتە فۆتۆگرافەرێکی پێشکەوتوو. بەڵام ئەوەی کە گرینگەو حیسابی بۆدەکرێت بریتیە لە هەبوونی ئایدیا و زانیاری. زۆربەی کارە هونەریە گەورەو نایابەکانیش بە هۆی بەکارهێنانی کەرەستە و کەل وپەلە کۆنەکانەوە بەرهەم هێنراون.