وەفا بیلال هونەرمەندێکی عێراقیە و لە شاری نیۆیۆرک ژیان بەسەردەبات، ئەو هونەرمەندە کار لە سەر کۆمەڵیک بواری هونەری جیاواز دەکات وەک هونەری تێهەڵکێش، فۆتۆگرافی و هونەرە دیجیتاڵیەکان. لە پڕۆژەیەکی هونەری خۆیدا بەناوی ‘جیهادیەکی گریمانەیی- Virtual Jihadi – دا لە ساڵی ٢٠٠٨، هەڵسا بەدروستکردنی یەکەمین پەیکەری کەسی نادیار کە هێزی سەربازی ئەمەریکی بەکاریان دەهێنا بۆ ڕاهێنانی ستافە سەربازیەکەیان. ئەم هونەرمەندە سەبارەت بە ڕۆژگارەکانی خۆی وەک قوتابیەکی زانکۆ لە بەغدا و ژیانی ئێستای وەک هونەرمەندێک لە شاری نیۆیۆرک هەروەها دواهەمین کار و پڕۆژە هونەریەکانی خۆی بۆ ڕێکخراوی ڕوئیا دەدوێت. ئەو لە ئێستادا دواهەمین کاری هونەری خۆی بە ناوی (Canto III) لە پێشانگای ئارمۆنی، لە شاری نیۆیۆرک، لە ڕۆژانی ٥-٨ ئازاری سالێ ٢٠١٥ دا نماییش دەکات.

وێنە: هونەرمەند وەفا بیلال، جیهادیەکی گریمانەکراو، ٢٠٠٨، بەمۆڵەتی هونەرمەند.

تۆ لە عێراق لەدایک بوویتە، چ هۆکارێک وایلێکردی بچیتە کوەیت و دواتریش بچیتە وڵاتی سعودیە؟
ئەوەی ڕاستی بێت من نەچوبوومە کوەیت، بەڵکو من ڕامدەکرد. من لە شاری بەغدا قوتابی بووم کاتێک کە کوەیت داگیر کرا، ئەوسا ئێمە وەک مناڵ زۆر خەیاڵ پڵاو بووین، و هەڵساین دژایەتی شەڕمان کرد و بەهۆی ئەم هەڵوێستەشمانەوە دوچاری کێشە هاتینەوە. من ئەوکات تەمەنم ٢٥ساڵ بوو، نزیکەی ٤٠ رۆژم لە کەمپێکی کاتی لە کوێتدا بەسەر برد بەر لەوەی بگوازرێمەوە بۆ وڵاتی سعودیە.

کەواتە تۆ دەبوایە عێراق بەجێبێڵی؟
بەڵێ ڕێک بەوجۆرەبوو.

تۆ خێزانەکەی خۆتت لە گەڵدا بوو لە وێ؟
نەخێر من بەتەنها بووم.

ئێوە چیتان کرد بۆ دژایەتیکردنی جەنگی کوەیت؟ ئایا بەدەنگی بەرز هاوارتان کرد، یان خۆپیشاندانتان کرد؟
نەخێر ئێمە خۆپیشاندانمان نەکرد بەڵکو بەدەنگی بەز قسەمان کرد و ڕووبەڕوویان بووینەوە. ئەمە لەوکاتدا کارێکی مەترسیدار و گەورە بوو کە ئێمە دەمانتوانی ئەنجامی بدەین. رژێمی ئەوکات داوایان لێکردین کە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە ببین بەسەرباز و بچین بۆ جەنگ. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە هاتنە قوتابخانەکانمان و ئێمەش زۆر بەڕاشکاوی ڕەتمان کردەوە ئەم کارە ئەنجام بدەین. ئێمە هەر لەوکاتەوە زانیمان کە چەند ڕۆژێکی کەممان ماون لە شاری بەغدا و دەبێ بەهەرجۆرێک بووە ڕابکەین.

وێنە: نیگەرانی ناوەخۆیی یان خێزانی، بەمۆڵەتی هونەرمەند.

چ شتێک وایلێکردیت کە ببیت بەهونەرمەند؟
من پێم وایە ئەمە خەونێکی دوورودرێژی سەردەمی مناڵیمە، و پەیوەندیەکی پتەویشی بەشاری کوفەوە هەیە، ئەوشارەی کەمن تیایدا لەدایک بوومەو گەورەبوومە، شاری کوفە شارێکی زۆر بە پیت و داهێنەرانە بووە لە ڕووی هونەر و هۆنراوەوە. وەک مناڵێک من ، هەمیشە وێنەی سەر گۆڤار و رۆژنامەکانم کۆپی دەکردەوە. باوکم مامۆستا بوو و کتێبخانەی ناو قوتابخانەکەی خۆیانی بەرێوەدەبرد ئەو هەمیشە منی دەبردە ئەوێ و منیش بەردەوام خەریکی کێشانەوەی وێنەکان بووم جا هەر وێنەیەک بێت کە دەستم دەکەوت لە هی ناو گۆڤارەکان و کتێبەکاندا…هتد.

لەم کارە هونەریانەی کە ئەنجامت دەدا کامەیانت هەمیشە لەخەیاڵدایە و لەبیرت ناچێتەوە؟
کاتێک کە تەمەنم ١٣ ساڵان بوو نیگارێکی حەزرەتی مەسیحم دەستکەوت لەکاتی شوانکارەییدا. منیش هەڵسام وێنەکەم کێشایەوە و رەنگی زەیتیشم لە نیگارکێشانەکەیدا بەکار هێنا، یەکەمین جارم بوو کە ڕەنگە زەیتیەکان بەکار بهێنم، ئەم نیگارە بووبە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی مندا. لەوکاتەوە بەشیوەیەکی بەردەوام دەستم کردبە نیگارکێشان بەڕەنگی زەیتی، لەسەرەتادا نیگاری کارە هونەریە ڕۆژئاواییەکانم دەکێشایەوە و دواتریش بەردەوام بووم لە کارە هونەریەکانی خۆم.

وێنە: وەفا بیلال، لە زنجیرە کاری هونەری خۆڵەمێشەوە، ٢٠٠٣-٢٠١٣. بەمۆڵەتی هونەرمەند.

تۆ جیۆلۆجیا و جوگرافیات خوێند. بۆچی یەکسەر دەستت نەکرد بە خوێندنی هونەر و نەچویتە کۆلێژێک یان بەشێکی هونەری؟
بەهۆی ئەم کەشە سیاسیەی کە لەئارادا بوو نەمتوانی بچمە کۆلێژێکی هونەری. هەروەها ئەوسا دەبوایە بمخوێندبوایە بۆ ئەوەی خۆم بەدور بگرم لە وەی کە بچمە نێو خزمەتی سەربازیە وە. بۆیە ناوی خۆم بۆ کۆرسێکی جوگرافیا و جیۆلۆجیا لە زانکۆی بەغدا تۆمار کرد هەروەها لە هەمان کاتیشدا و لەماوەی خوێندنەکەمدا بەردەوام بووم لە کارە هونەریەکانی خۆم.

ئەی دوای ئەمە چ جۆرە کارێکی هونەریت ئەنجام دەدا؟
لەسەرەتادا وێنەی فۆتۆگرافی شەقامەکانی شاری بەغدام دەگرتن، و هەوڵم دەدا کە لە رێگەی ئەم وێنە فۆتۆگرافیانەوە ژیانی رۆژانەی نێو شارەکە نیشانبدەم، دواتر بەلای هەژاریدا شکامەوە و زۆر حەپەسام بەوەی کە ئەوسا بەهۆی ئەم هەژاریەوە بەشەکانی ناوەوەی شار چۆن بەڕێوە دەچوون. هەوڵم دەدا وێنەی دیوە دزێو و هەڵەکەی کۆمەڵگا بگرم، بەم هۆیەشەوە دوچاری کێشە بوومەوە لە گەڵ ڕژێمدا. بۆیە کارەکانم وردە وردە بوون بەکاری هونەری موجەڕڕەد، ئەوسا زۆرێک لە هونەرمەندەکان ئەم کارەیان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن بیرۆکەی پشت کارە هونەریەکانی خۆیان بشارنەوە.

وێنە: هونەرمەند وەفا بیلال، منی سێیەم، ٢٠١٠-٢٠١١. بەمۆڵەتی هونەرمەند.

ئایا تۆ وەک قوتابیەک هیچ پێشانگایەکت هەبوو؟
من کارە هونەریەکانی خۆم لە گۆڕەپانەکانی زانکۆی بەغداد نماییش دەکردن لە دەرەوەی کۆڵێژی ئەدەبیات. لە هەمانکاتیشدا هەر زانکۆیەک ستۆدیۆی تایبەتی خۆی هەبوو کە تیایدا کەرەستەیان پێشکەشی ئێمە دەکرد و پشتیوانی پێشانگاکانیان دەکردین.

دوای ئەوەی کە عێراقت بەجێهێشت چی ڕوویدا؟
داوی ئەوەی لە عێڕاق ڕامکرد، دووساڵم لە کەمپی ئاوارەکاندا بەسەر برد، دواتر چووم بۆ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا. لەوێ هونەرە جوانەکانم خوێند لە زانکۆی نیو مەکسیکۆ. دواتر بەهۆی یەکەمین کاری هونەری کارلێککردنمەوە بەناوی “The Absynth drinker” کە بەشێک بوو لە پێشانگای “Millenium” لە شاری سانتا فی لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ، خەڵاتێکم بردەوە، و من ئەوکات لە تەمەندا بچوکترین سودمەندی خەڵاتەکە بووم. ئەمەش بووبە هاندەرێک بۆئەوەی من بەردەوام بم لە سەر هونەری کارلێککردن. دواتر چووم بۆ زانکۆی شیکاگۆ بۆ ئەوەی ماستەر بخوێنم لە بواری هونەر و تەکنەلۆژیادا.