هونەرمەند سادق کویش ئەلفەرجی (لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٠، لە شاری بەغدا) یەکێکە لە هونەرمەندە پێشەنگ وهاوچەرخە عێراقیەکانی تاراوگە کە لە ئێستادا لە شاری ئەمێرسفۆرت لە وڵاتی هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات. ئەو هونەرمەندە خولی فیربوونی هونەری نیگارکێشی و دیزاینی چاپکردنی بینیوە، هەروەها هەڵدەستێت بە دروستکردنی فیلمی ئەنیمەدشن وئامادەکردنی کتێبی هونەریش. هونەرمەند سادق کویش ئەلفەرجی کارە هونەریەکانی خۆی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا نماییشکردوون و هەندێک لەم کارەهونەریانەی بەشک بوونە لە کۆمەڵێک نماییشی بەکۆمەڵی تایەبەتی و گشتی، لەمانەش پێشانگای مۆزەخانەی بەریتانی، مۆزەخانەی عەرەبی بۆ هونەری هاوچەرخ، مۆزەخانەی شاری لۆس ئەنجلۆس بۆ هونەر، مۆزەخانەی هونەرەجوانەکان لە شاری هیوستن هەروەها دامەزراوەی بارجیل بۆ هونەر. هونەرمەند سادق ئەلفەرجی داوای لێکراوە بۆ بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری نوی بۆ پێشانگای “کۆنینە” لە بەشی وڵاتی عێراق لە پەنجاوحەوتەمین بیناڵی شاری ڤینیسیا. بەرهەمی ئەمجارەی هونەرمەند بریتیە لە کارێکی هونەری تەرکیبی بەناوی ‘من ڕاوچیم … من نێچیرم (٢٠١٧)’ کەپێکهاتوە لە ئەنیمەیشنێک و زنجیرەیەک نیگاری کێشراو، هەردوکیان بریتین لە گەڕان و کارکردنی هونەرمەند لە نێو کتێبە کۆنەکانی قوتابخانە، ئەفسانەکۆنەکان و دەستنووسە ئیسلامیەکان.
هونەرمەند سادق ئەلفەرجی سەبارەت بەم نیگارانە و ئەم سەرچاوە جۆراوجۆرانەش کە بوونە ئیلهام بەخشی ئەم بەرهەمە هونەریە بۆ رێکخراوی ڕوئیا دەدوێت.
سادق کویش ئەلفەرجی: پەیوەندی نێوان راوچی و نێچیر وەکو مشتومڕە هیگلیەکەی نێوان ئاغا و عەبدە(بەندە). هیچ ئاغایەک بەبێ عەبد(بەندە) بوونی نییە، و هیچ عەبدێکیش بەبێ ئاغا بوونی نییە. لە هەمانکاتیشدا لەنێوهەر عەبدێکدا ئاغایەک بوونی هەیە و لەنێو هەر ئاغایەکیشدا عەبدێک بوونی هەیە. هەموو بونەوەرەکانی سەر زەوی ئەم دۆخە تاقیدەکەنەوە. و فیلمە ئەنیمەیشنەکەی منیش هەوڵدەدات لاسایی ئەم دۆخە مرۆییەی ئێمە بکاتەوە.
نیگارەکانی تایبەت بە ڕاوچی زۆر کۆنن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئەمڕۆش هەربەردەوامن گرینگی خۆیان هەر هەیە. هەروەها مەفهومی عێراقیش وەک کۆکەرەوەیەکی نەتەوەکان و نیشتیمانێک بۆ خەڵکەکەی بەهەمان شێوە جەمکێکی کۆنە. هەندێک خەڵک خۆزگە بۆ عێراقی بەر لە ٢٠٠٣ دەخوازن، و هەندێ خەڵکیتریش بە عێراقی بەر لە شۆرشی ساڵی ١٩٥٨ دا هەڵدەڵێن. بەڵام عێراق هیچ کاتێک ئەم بەهشتە نەبووە، هەروەک شاعێری بەناوبانگی عێراق بەدر شاکر ئەلسەییاب وتوویەتی:”ساڵێک تێنەپەریوە بەسەر ئەوەی کەعێراق لە برسیەتی رزگاری بووە”. هەژاریەکی زۆر، گۆشەگیری و لێشاوێکی گەورەی کۆچ لە گوندەکانەوە روویکردە شارەکان. خێزانەکەی من لە باشوری عێراقەوە روویانکردە شاری بەغداد. بۆچی؟ وەکو ملیۆنان خەڵکیتر، لە چنگی فیودالیزمی لادێنشینی عێراق ڕایانکرد. خەون بینین بە مالێکی نوی ئەوانی هێنایە شار، ئەوەندەی بەبیرم بێتەوە، عێراق لە سەردەمی شەڕی عێراق- ئێراندا جەهەننەمێک بوو بۆخۆی، جەهەننەمێکی حەقیقی. یادەوەریەکانی مناڵی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووم لە عێراقدا جوان بوون، بەڵام دوای ئەمەش بۆ خەڵکانیتر جەهەننەم بوون: خەڵکانێکی زۆر لەهەژاریدا دەژیان و لە کۆششی ئەوەدابوون کە سکی خاو و خێزانەکانیان تێربکەن، هونەرمەند و ڕۆشەنبیرە کۆمۆنیستەکانی ئەوساش لە ژێر زەبری چەوساندنەوەدا دەیانناڵاند.
بێگومان، عێراق گەلێک سەردەمی پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتیش لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ئاوەدانکردنەوەدا. خەڵکی عێراق بۆ خۆیان هەمیشە سەرچاوەی گەشەسەندن و دەستکەوتەکانی ئەم وڵاتەبوونە لە ڕووی زانست و هونەر و ئەدەبەوە. تەنانەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا، شەڕی نێوان عێراق و ئێران هیچ کاتێک ڕێگرنەبوو لە وەی کە وڵاتی عێراق خاوەن دەستکەوت و گەشەسەندنی خۆی بێت.
ئەم نیگارانەی کە لێرەدا کێشرانەوە لە کتێبەکانی قوتابخانە، ئەفسانەکۆنەکان، پارچەشوێنەواریەکان، چیڕۆکەکان، دەست نووسە ئیسلامیەکان، وێنە شیکاریەکان، کۆزمۆلۆژیەکان و نیشانەی بورج و ئەستێرەکانی بەختەوە وەرگیراون. هەریەک لەمانە شتیکمان لەسەر ڕاوکردن پێدەڵێن.
کتێبی ‘العصور القدیمە’ تەها باقر، فوئاد سەفەر و ئەحمەد یەعقوب ئەلشامسی(١٩٦٧)
کاتێک کە دەستم بە پڕۆژەکە کرد، یەکسەر گەڕامەوە بۆ کتێبێکی کۆنی قوتابخانە کە تایبەت بوو بە شارسانیەتەکۆنەکانی ئێمە، ئەم کتێبە لەلایەن لێژنەیەکەوە لە وەزارەتی پەروەردەی عێڕاقەوە نووسرابوویەوە، و لەلایەن مێژوو نووس و شوێنەوارناسی عێراقی تەها باقرەوە سەرپەرشتی کرابوو. من داوام لە کارمەندی ئۆفیسی عێراقی ڕێکخراوی روئیا بەڕێز فورات ئەلجەمیل کردبوو تاوەکو لە دوکانێکی فرۆشتنی کتێبی دەستی دووی شاری بەغداوە بۆمی بکڕێتەوە. من کتێبەکەم لە یەکەمین ساڵی قۆناغی ناوەندیدا خوێند و خۆشم ویست. خولیای من بۆ گەڕان بەداوی هێما و نیشانەکانی راوکردن، بەدرێژایی چاخ و شارستانیەتەکان بەشێوەیەکی سروشتی لەوێوەدەستیپێکرد.
ئانزو و نینۆرتا
فیلمە ئەنیمەیشنەکە بە کۆپلەیەک لە ئەفسانەی عێراقی کۆنی ئانزو و نینۆرتا کۆتایی دێت کە دەڵێت: “دڵی پڕاوپڕە لە ئازایەتی، ئەو وەک شەڕکەرێکی ئازاو خانەدان چوو بۆ سەر چیاکە”. لە سەروبەندی جەنگین لەگەڵ ئانزۆی دێوەزمەی درندە و زەبەڵاحدا، نینۆرتای پادشا دەکەوێتەخوارەوە. لەوکاتەدا پەیامێکی لەخوداکانەوە پێدەگات و دڵی لێوڕێژ دەبێت لە ورە و ئازایەتی. نینۆرتای پادشا ڕاستەوخۆ بەرەو چیاکان ڕادەکات بۆ ئەوەی شکست بە ئانزۆی دێوەزمە بهێنێت. ئەم تێکستە تیشک دەخاتە سەر دۆخی مرۆیی ئێمە. ئێمە هەمیشە لە شەڕکردنداین و هەمیشەش دەکەوینەخوارەوە و دواتر هەڵدەستینەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بین. ئەمەیە سروشتی ژیان.
گلگامێش و ئینکیدۆ
لە نێو داستانی گلگامێشی ئەکەدیەکاندا، ئینکیدۆ دێوێکی وەحشی دڕندەیە کە لە دەشت و دۆلەکاندا دەژێت و گلگامێشیش پادشایەکی بەهێزە و خاوەنی شارستانیەتێکی گەورەیە. گلگامێش دەیەوێت لەگەڵ ئینکیدۆی دیوەزمە و دڕندەدا بەشێوازێکی ڕاستگۆیانە و نەرم هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ناتوانێت ڕازی بکات و بیهێنێتە نێو شارەوە. بۆیە گلگامێش ئافرەتێکی ڕووت و هەوەسباز بە ناوی شماخات بۆلای ئینکیدۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی لە رووی سۆز و سێکس و هەوەسبازیەوە دەستەمۆی بکات، شماخات ئافرەتێکە کە لە لوتکەی جوانی و سەرنجڕاکێشی دایە. گلگامێش لەو بڕوایەدابوو کە دروستکردنی خۆشەویستی و جوڵاندنی هەستی هەوەسبازی دەتوانن ئینکیدۆ کەیی و دەستەمۆ بکەن. و هەریەک لە خۆشەویستی و دەستەمۆکردنی هەوسبازانەش بۆ خۆیان جۆرێکن لە ڕاوکردن.
گەنجینە گەوهەریەکانی مۆزەخانەی عێراقی، د.فەرەج بەسماشی (١٩٧٩)
من نیگاری ئەم ئاژەڵە و گەلێکیتریشم کێشاوە کە لە کەتەلۆگی گەنجینە گەوهەریەکانی مۆزەخانەی عێراقیم دەرهێناون(١٩٧٩). بۆمن زۆر گرینگ نییە ئەوانە هی چ سەردەمێکن، چونکە من خەریکم قسە لەسەر دۆخی راوکەر و نێچیر دەکەم بە درێژایی مێژوو.
کتێبی ‘تحاویل سنی ئەلعالم’، أبو معشر البلخی (٨٤٨م)
یەکێکە لە کارەکانی ئەستێرەناسی فارسی ئەبومعشر(٧٨٧-٨٨٦) ئەو ئەستیرەناسە لە نێو دادگاکانی شاری بەغدا لە سەردەمی عەبباسیەکاندا خوێندویەتی، و کتێب و کارە وەرگێڕدراوەکانی ئەبو معشر کاریگەریەکی زۆری کردوەتەسەر رەوتی زانستی لە ئەوروپای رۆژئاوادا. بەدیاریکراویش، ئەبومعشر لە چەند گۆشەنیگایەکی راوکردنی جیاوازەوەڕا هەلدەستێت بە کێشانی وێنەی بورجەکان. بورجی دووانە، لێرەدا نیگارەکەی وەک بڕینی سەری کەسێک کێشراوە.
کلیلە و دیمنە، ئیبن موکەففا (٧٠٠ م).
نوسخە سانسکریتیە ئەسڵیەکەی ئەم داستانە شێعریە بە پانکاتانترا ناسراوە. ئەو داستانە شێعریانە پێشتر وەرگێڕدرانە سەر زمانی فارسی و دواتریش لەلایەن ئیبن مەکەففاوە وەرگێڕدرانە سەر زمانی عەرەبی. ئێمە لە عێراقدا لە تەمەنی لاوێتیماندا فێری ئەم داستانە شێعریانە بووین. ئەم داستانە شێعریانە باس لە هەموو شتێک دەکەن- راوکردنەکان، ئاژەڵەکان، خۆشەویستی، سێکس، راوکردن، جەنگ—بەکورتی سەرجەمی ئەم بابەت و شتانەی تێدایە کە من لە دوتوێی ئەم کارە هونەریەمدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم.
کتێبی’ صور الکواکب الثابتە- وێنەی ئەستێرە جێگیرەکان’، عبدولرەحمان ئەلصوفی(٩٦٤م).
زانا و فەلەکناسانی وەک زاناو لێکۆڵەری فارسی عەبدولرەحمان ئەلصوفی (٩٠٣-٩٨٦) ناوی ئەستێرەکانیان راستەو خۆ لەدوای ناوی ئەم ئاژەڵانەهێناون کە مرۆڤ دەتوانێت راویان بکات و ماڵیان بکات. هەندێک جاریش لە دوای ئافرەتانەوە ناویان دەهێنان، بەنموونە وەکو ئەستێرەی بورجی دوانە. ئەم زانایانە لەم ئەستێرانە ڕاماون و دواتر کاتێک دۆزینەوەکانی خۆیان بە دۆکیۆمێنت کردون هەڵساون ناوی بوونەوەری زیندویان لێناون لە سەر بنەمای وەسفکردنێکی بیرکاریانەی ڕووت. بەبڕوای من، ئەو جۆرە ناولێنانەیان هەوڵێک بووە بۆ لەنێوبردنی ئەم دووریەی نێوان خۆیان ئەم بوونەوەرە دوورەدەستانەی کە لەئاسمانن، هەروەها هەولێکیش بووە بۆ جەختکردنەوە لە سەر خولیای ڕاوکردنیان بۆ ئەستێرەکان.
عجائب المخلوقات و غرائب المخلوقات(سەیروسەمەرەی بوونەوەرەکان)، زەکەریا ئەلقەزوینی، (سەدەی سێزدەهەم)
یەکێک لە کارەهەرە هونەریە هەرە بەناوبانگەکانی زەکەریای قەزوینی(١٢٠٣-١٢٨٣) بریتیە لە (کۆزمۆگرافیای- گەردوونناسی) خەیاڵ.بەڵام لێرەشدا لە نێو وێنەی ئەم دێوەزمە دووسەرەدا ڕاوکەرو نێچیر وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەردەکەونەوە.
کتێبی ‘تشریح بدن الانسان—شیکاری جەستەی مرۆڤ’ مەنصور ئیبن موحەممەد ئیبن ئەحمەد ئیبن یوسوف (١٣٩٠).
نیگارە شیکاریەکانی جەستەی مرۆڤ لە نێو دەستنووسە ئیسلامیەکاندا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان گێڕا لە لێکۆڵینەوەکەی مندا. من ئەم لێکۆڵینەوەو نیگارەشیکاریانەم زۆر بەلاوە جوان بوون. جەستەی مرۆڤ یەکەمین کەرەستەی بەردەستی ئێمەیە وەکو ڕاوکەر. ئەم جەستە بەنرخە لە تواناشیدا هەیە کە بمان گۆڕێت بۆ نێچیر.
کتێبی گیرفان- زانستی شیکاری جەستەی مرۆڤ: سیستەمەکانی شیکارکردنی جەستەی مرۆڤ، ١٨٥٩، ویلیەم جەیمس ئیراسمۆس ویلسۆن(١٨٥٩)
زۆربەی سەرچاوەکانی من هی وڵاتی عێراق بوون، بەڵام کەمێکیشیان هی ناوچەکەمان و ئەوروپا بوون. لە نیگارە شیکاریەکانی ویلسۆن، بەدیاریکراویش هیلەکانی باسکی مرۆڤ نیگارە شیکاریەکانی دەستنووسە پزیشکیە ئیسلامیەکانی بیرهێنامەوە. من دەستم هەڵبژارد، چونکە دەست یەکێکە لە کەرەستەو هۆکارەکانی راوکردن.