گفتوگۆ هەرێمایەتیەکان، بریتیە لە زنجیرەیەک ووتاری سەر تۆڕی ئینتەرنێت لە لایەن رێکخراوی روئیاوە. لە دوو توێی چاوپێکەوتنەکان، سەردانیکردنی ستۆدیۆکان، ووتارەکان و گەلەری سەر تۆڕی ئینتەرنێت، زنجیرەکە کار لەسەر ئەم بابەتانە دەکات کە پەیوەندیدارن بە هونەر و جەنگ لە هەرێمەکەدا.
ماجد عبدالحمید کەسێکە کە زۆر بێخەوە، ئەو هەمیشە لە نێو دۆمەینی یوتیوب و تەلەفزیۆندا خەریکی گرتنی هەواڵ و پارچە ڤیدیۆیە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیە لە سەر جەنگ و ململانێی ناو سوریا. لەبەرە بەیانیەکانیشدا بۆ چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا بچێتە نێو پێخەفەکەی سەیری فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکانی دەکات و گوێی لە فایلە دەنگیەکان دەگرێت و سەیری نەخشاندنەکان دەکات. لە ساڵی رابردووشدا، ئەم هونەرمەندە فەڵەستینیە نیشتەجێیەی شاری ڕامەڵڵا هەڵساوە بە گۆڕینی فۆتۆگرافەکانی جەنگ وململانێی سوریا بۆ کۆمەڵێک نیگاری ڕەنگاوڕەنگ و موجەڕەد. ‘بۆچی؟ لەبەرئەوەی لەمڕۆدا هیچ شتێک ئەوەندەی توندوتیژی ئامادەگی نیە’ هەروەها ئەو لەکاتێکدا کە فڕی لە پیاڵەی قاوەکەی ئەدا لە میانی دیدارەکەمان لە شاری بەیروت زیاتر روونی کردەوەو وتی’ جیهانی ئێمە لە مڕۆدا زۆر توندوتیژئامێزترە لە ئەوروپای سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم، بەڵام توندوتیژی زۆر هەستیارترە.’
لەم نیگارەی دوایی دا کەسێکی رەنگ خۆڵەمێشی شێوە ناتەواو لە ناوەڕاستی گۆرەپانێکی رووتدا دەجوڵێت، بەڵام مومکین نییە کە بڵێین ئەم کەسە رووەو بینەر ڕادەکات یان لێی دووردەکەوێتەوە. ئاسۆیەکە بەسەر سێ بلۆکی شێوە لاکێشەیی بنەوشەیی و فەیرۆزەییدا دابەش بووە. لە دەوری شکڵی مرۆڤەکەدا لە سەر ڕووتەختە سورە ئاڵەکەشدا کۆمەڵێک پەڵەی سپی نارێک هەن کەپێک هاتوون لە بەنێکی روپۆش نەکراو بەڕەنگ. ئەم پارچەیە نەخشێندراوی وێنەیەکی فۆتۆگرافە کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا لە شاری حەلەب لە سوریا گیراوە. وێنەکە هی ژنێکە کە بە رێچکەیەکی نێو کۆمەڵێک کیسی تەرمی مردووەکاندا ڕادەکات. لە ناو ئەم وێنەیەدا توندوتیژی هەیە، بەڵام دیارنیە. لەوێدا هیچ خوێنێک، هیچ پاشماوەیەکی وێرانکاری و هیچ وێنە و ئاسەوارێکی تەقینەوە لە ئارادا نیە. ئەم زنجیرە کارە هونەریە نوێیە بەناوی “گرتەکان” بەو دواییانە لە شاری بەیروت لە پیشانگای ناوەندی هونەر بەناوی “کەشفکردن” (١٧-٢٠١٦)نماییشکرا کە تیایدا کەشفی چونیەتی بەکارهێنانی نەخشاندن دەکات لە نێو هونەری نوێدا. ئەمەش ئامادەکراوە بۆ نماییشی دەستپێکی تریناڵی کاتماندۆ کە لە مانگی ئازاردا دەکرێتەوە. ئەم کارە هونەریە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە نوێنەرایەتیکردنی توندوتیژی و قوربانی. لە جیهانێکی نغرۆ بوو لە وێنەدا، هونەرمەند چۆن دەتواێت ترس وتۆقینی ناو مەیدانەکانی جەنگ بگەیەنێت و بگوازێتەوە. ئایا زەمانەتە ئەخلاقیەکانی نوێنەرایەتیکردن و گەیاندنی ئازارەکانی ئەوانیتر چین؟
‘ئەوەی کە من دەمەویست دوری بخەمەوە’ سومعەی خراپی وێنەکە بوو. هونەرمەند ماجد عبدالحمید ئەمە زیاتر ڕوون دەکاتەوەو دەلێت:’مەبەستی من لە سومعەی خراپ بەمانای ئەم وێنەفۆتۆگرافیانەن کە مەبەستیانە ڕاستەوخۆ هانی بەرپەرچدانەوە ئەخلاقی و سۆزداریەکانی مرۆڤ بدەن لە بەرامبەر حاڵەتە مرۆییە کارەساتبار و لەناکاوەکاندا. ئەو زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: ‘محمود دەروێش لە ووتارێکی خۆیدا بەناوی (گەڕان بەداوی سروشتیدا…لە نێو ناسروشتیدا). سەبارەت بە کێشەی فەڵەستین، دەپرسێت’ چۆن دەتوانی شتی ئاسایی لە نێو شتی نائاساییدا بدۆزیتەوە؟’ هەروەها ماجد عبدالحمید تیشک دەخاتە سەرجیاوازیکردن لە نێوان ڕۆلی خۆی وەک هونەرمەندێک کاتێک وەک بابەتێک مامەڵە لەگەڵ جەنگ و ململانێدا دەکات لەگەل ڕۆڵی خۆی وەک رۆژنامەنووسەکان، چاڵاکوانەکان و ئەوانەش کە لەبواری مرۆییدا کاردەکەن. ‘ من نامەوێت بەو سادەییە تەنها رووداوەکان بگوازمەوە یان نامەوێت ببم بە ئاژانسێکی پڕوپاگەندە. لەئێستا بەشێکی زۆر لە رٶژنامەوانی هەیە کە تەنها ئەم کارە ئەنجام دەدات’. ماجد عبدالحمید ئاماژە بە موحازەرەی ‘پڕۆسەی خەلقکردن دەکات’ یەکێکە لە موحازەرەکانی فەیلەسوفی بەناوبانگ جۆرجیۆ ئاغامبێن. ‘جۆرجیۆ ئاغامبێن دەڵێت کە کاری هونەر بریتی نیە لە گەیاندنی پەیام. بەڵکۆ هونەر بریتیە لە دروستکردنی کارێک کە بەرهەڵستی و بەربەرەکانێی خودی خۆی دەکات.’
ماجد عبدالحمید بەشێکە لە بازنەیەکی بەرفراوانتری هونەرمەندان لە نێو فەڵەستین ودەرەوەی فەڵەستیندا، کە هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە بۆ کارە دەستیە کلاسیکیەکان لە پێناو دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە گوزارشتکردن و دەربڕیندا. لەلایەکیتریشەوە، هونەرمەندی بەریتانی-ئێرانی فەرهاد ئەحرارنیا بەوە بەناوبانگە کە هەڵدەستێت بە ئامادەکردنی وێنە لە هەواڵ، کولتوری میللی و مێژوی هونەر لە ڕێگای بەکارهێنانی هونەری نەخشاندن و تەکنیکەکانی ڕازاندنەوە.’ هونەری نەخشاندن هونەرێکی ڕەسەنە، هەروەها هونەرێکی زیندوشە. ماجد عبدالحمید سەبارەت بە مە دەلێت ‘لە وڵاتی فەڵەستیندا، ئەم هونەرە بەشێکە لە وەی کە ئێمە کێین وەک خەڵک، وەک نەتەوە’، ‘ ئێمە لە ئەوروپا نین کە گەلەری شێوە شەشپاڵوی گەورە و سپیمان هەبێ. من نامەوێت کە کارەکەم لەنێو سەندوقە شوشەییەکاندا بێت. من حەزدەکەم خەلک دەست لەکارە هونەریەکەم بدات و هەستی پێبکات.’ ئەمە جۆرێکیشە لە ئاهەنگ گێران بەبۆنەی سادەیی بوون: ئەو دەڵێت ‘ من هەمیشە مەیلم زیاتر بۆ کەرەستەکانی چێشتخانەی ماڵەوەی وەک خوێ، قاوە و شەکر هەبووە، وەک خاڵێکی لێک جیاکردنەوە. سەرپەرشتیارانی پێشانگای ‘کەشفکردن’ هەریەک لە ریكێل دێدمان و ماری مۆراکیۆل پێناسەی تایبەتی خۆیان بۆ کار(پیشە) ی دەستی لە نێو هونەری نوێدا خستە ڕوو:’ هونەری نەخشاندن هەمیشە مومارەسەکردن بووە لە سەر ڕووپۆشی دەرەوە، بۆیە کاتێک کە هونەرمەندێک ئەم هونەرە دەخاتە نێو مومارەسەی هونەری خۆیەوە[…] ئەوا ئەم هونەری نەخشاندنە دەستو پەنجە لەگەڵ کار و پرۆسە، ئاماژەی رەگەزی و دوالیزمەیی بیناکردن شاردنەوەدا تێکەل دەکات.’
هونەرمەند ماجد عبدالحمید وەسفی لێهاتوویی خۆی لە بەکارهێنانی هونەری نەخشاندن دەکات وەک جۆرێک ‘دەست تێوەردان’ لە کاتێکی دیاریکراو: ‘من چۆن دەتوانم کات بەشێوەیەکی بینراو بگوازمەوە؟ من نازانم کات چۆن تێدەپەڕێت، بەڵام من چۆن دەتوانم کات بوەستێنم یان دەستی پێوە بگرم؟، بەهەمان شێوەی فەتۆگرافەرەکان هونەرمەندانی بواری نەخشاندنیش دەتوانن لە نێو کاتێکی دیاریکرودا دەست بەچەند چرکە ساتێکەوە بگرن یان بیان وەستێنن. هەروەها ئەوان ئاماژە بۆ لەسەر خۆیی و پرۆسەی کار دەکەن کە خێرایی وێنەی دیگیتاڵی کەمدەکەنەوە. ئەم هونەرمەندە دەڵێت’ جیهانی ئێمە بەشێوەیەکی زۆر ڕوو لە زیادبوون خێرابووە و ئەمەش ڕێگایەکە بۆ هێواشکردنەوەی.’ ماجد عبدالحمید زنجیربەندی وێنە نەخشیندراوەکانی نیشانی من دەدا کە وێنای گەشەکردنی قارچکێکی ڕەش دەکەن لە ناو بەرمیلێکی تەقەمەنیدا.’ئەم گرتە ڤیدیۆییە هی تەقینەوەی بۆمبێکە کە تەنها چەند چرکەیەک دەخایەنێت، بەڵام نەخشاندنی وێنەکان چەندین کاتژمێریان دەوێت تاکو بەرهەم دێن’. هەندێک کات، شێوازی کارکردنی هونەرمەند لە کارکردنی بەتەنها لە شەواندا، و کۆکردنەوەی چەند کاتژمێرێک لە گرتەی توندوتیژ ئامێز و دواتریش نەخشاندنی چەند گرتەیەکی دیاریکراو، وەک کارێکی خنکێنەرانەیە. هونەرمەند لە درێژەی قسەکانیدا روونی دەکاتەوەو دەڵێت: هەندێک جار واهەست دەکەم کە هەمان دۆخی ( ریاز ئەلتورکی)م هەیە، ئەو ڕۆشەنبیرێکی سوریە کە ١٨ ساڵی لە زینداندا بەسەر برد. دواتر وەک حەزێک هەڵسا بە بەرهەم هێنانی چەند شێوازێکی نەخشێندراوی تابلۆی تەختی نووستنەکەی کە بە دەنکی نیسک رازاندبوونیەوە’.
پشت بەستنی ماجد عبدالحمید بە تەکنیکەکانی نەخشاندنی کلاسیکی وڵاتەکەی زۆربەی جار ڕووبەرووی بەرهەڵستی و بەربەرەکانێی خۆجێیی کۆمەڵگاکەی بووەتەوە. ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: ‘یەکێک لە هاوڕێیانی دایکم لەوبڕوایەدایە کە من مومارەسەی ئەم هونەرە هەڵدەلوشم’. پیشەوەرانی بواری نەخشاندنی فەڵەستینی بە شێوازە جوانکاریەکانی ئەم هونەرەوە بەناوبانگن و جوانی هونەری نەخشاندنەکەیان لە گوندێکەوە بٶ گوندێکیتر دەگۆڕێت و رێکخراوە مرۆییەکانی ئەم بوارە هەوڵیکی زۆریان داوە لەپێناوی پاراستنی ئەم نەریتە لۆکاڵیانەیان. ماجد عبدالحمید تابلۆیەکی شێوە لاکێشەیی نیشاندام کە بە بەنێکی سپی نەخشێندرابوو، دەتواندرا ئەم تابلۆیە وەک ڕێزلێنانێک بۆ تابلۆی چوارڕیانی ڕەشی(١٩١٥) هونەرمەندی پێشەنگی روسی مالیڤیتش لێکبدرێتەوە. هونەرمەند دەڵێت’ داوام لە ژنێکی بەتەمەنی دەست ڕەنگینی بواری نەخشاندن کرد بۆ ئەوەی ئەم تابلۆ شێوە لاکێشەییەم بۆ بنەخشێنێت بە بەنی سپی. کەچی سەرەڕای ئەوەی کە پێمڕاگەیاندبوو کە لە بەرامبەر ئەمەدا پارەی پێدەدەم ئەو قەبووڵی نەکرد کارەکەم بۆ ئەنجامبدات و وتی “کوڕەکەم ئەمە بەهەدەردانی کاتە”. من زۆر ڕێز لە بٶجوونەکەی دەگرم، چونکە ئەو منی ناچارکرد کە خۆم بەئەنجامدانی کارەکەم هەڵبستم- سەرەنجام کارەکە ٤٠٠ کاتژمێری خایاند’
هونەرمەند ماجد عبدالحمید پێی وایە کە کارە هونەریەکەی ئەو لە سەر جەنگ و ململانێی سوریا هەوڵدانێکە بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکانەی کە لە بازنەیەکی بەرفراوانتردا ڕوودەدەن. ئەو دەڵێت’ پێویستە ئێمە هەڵبستین بە درووستکردنی شوناسێکی نوێی گێڕانەوە هەروەها شوناسێکی نوێی بینراوی بەکۆمەڵ سەبارەت بەخۆمان ‘ هونەرمەند لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت’ من لە دیمەشق لە کەمپی ئاوارەکانی یەرموکدا لەدایک بووم، بەڵام من پاسپۆرتی وڵاتی ئوردەنم هەیە. من لە شاری ڕامەڵڵادا دەژیم، بەڵام لە ئێستادا من لێرە’شاری بەیروت’ نیشتەجێم، لێرەوە من لە گەڵ بەرێزتاندا گفتوگۆ دەکەم. ئایا من خەڵکی کوێم؟ هەنەرمەند لە دووتوێی کۆمەڵەکارێکی هونەری نوێی خۆیدا کە تاکو ئێستاس کاریان لەسەر دەکات و گەشەیان پێدەدات، زۆر جەخت دەکاتەوە سەر ئەو سنورە نێودەوڵەتیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوییندا لە ژێر سایەی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆتدا لە ساڵی١٩١٤ دروستکران. ‘ ئێمە بۆ چەندین دەیە بوو باسی خەونی گەورەی عەرەبیمان دەکرد، هەر بۆ گاڵتەجاری تەنها خەڵکێک کە توانیان لێی نزیک ببنەوە داعشەکان بوون. داعشەکان بەشۆڤڵ لە عێراقەوە بەرەو سوریا سنورەکانیان تێکدا و نیشانیانداین کە ئەم سنوورانە جەندە بێمانان، هونەرمەند زیاتر ڕوونیدەکاتەوەو دەڵێت’ چەمکی شوناسی نەتەوەیی بووە هۆکاری چەوساندنەوەیکی زۆر کە هەرگیز باسی لێوەنەکرا و لەزۆربەی حاڵەتەکانیشدا تەنها لەبەر بوونی ئسڕائیل لە ناوچەکەدا باسیلێوەنەکرا.’ لەم زنجیرە کارە هونەریەدا، هونەرمەند هەڵدەستێت بە بەیەکەوە نووساندنەوەی پارچە سنوورەکان لە ڕێگای لێک دوورینەوەیان. هونەرمەند پەرەیەکی زۆری بە تەکنیکەکانی خۆیداوە لە ڕێگەی چین چین کردنی بەنێکی ڕەناگاو ڕەنگەوە، لەکاتێکدا ئەو هەڵدەستێت بە درومانکردن و ڵێکدانی بەن.’ ئەو دەڵێت من ئەم نەخشاندنی داوەم دۆزیەوە کە لەناو ئاودا دەتوێتەرە’ ئەو روونی دەکاتەوەی دەڵێت ‘ بۆیە تەنها شت کەماوەتەوە بریتیە لەم داوەی کە سنووری دروست کردوو.
ئەم حەزەی هونەرمەند ماجد عبدالحمید بۆ سەر لە نوێ نووسینەوەی چیڕۆکە نەتەوەیی و بەكۆمەڵەکان هەر لە زووەوە لە نێو بیرو کارەهونەریەکانیەوە سەرهەڵدەدات. هونەرمەند دەڵێت ‘دایک و باوکم لە وڵاتی سوریا وەک دوو کادیری باڵی کاری نهێنی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بەیەکگەیشتن و هاوسەرگیریان کرد. ئەوان هەم لە چەپەکان بوون وهەمیش بیروباوەڕی شۆرشگێڕانەیان هەبوو، بۆیە من لەنێو ئەم کەشە ڕۆمانسیەی مێژووی خێزانەکەمدا گەورە وپەروەردە بوومە،’ ئەو زیەتر روونی دەکاتەوەو دەڵێت’ بەڵام لە ئێستادا دایک و باوکم رەخنەی تووندەیان لە شێوازی گێرانەوەیە هەیە، هەروەها وەک هونەرمەندێکی فەڵەستینی، واپێش بینی دەکرا کە من هەڵبستم بەکاری زۆر کەف وکوڵ ئامیزانە، کاری سیاسی کە دەتوانم بەباشی و چاودێریکردنەو ئەنجامیان بدەم..’ کارە هونەریەکانی ئەم هونەرمەندە مامەڵە لەگەڵ فەڵەستیندا دەکەن، زۆربەی جاریش جەخت دەکەنەوە سەر رەخنەگرتن لە کۆمەڵگا لە ناوەوەڕا. لە پڕۆژەکاری هونەری ‘ئازار شکێنەکان’دا(٢٠١٠)، ئەم هونەرمەندە هەڵسا بە دروستکردنی گومبەدێکی بەردین، کە یەکێکە لە نزرگە پیرۆزەکانی ئیسلام لە شاری قودسدا، گومبەدەکەی لە کەپسولێکی ماددە هۆشبەرەکان دروستکرد کە جۆرە دەرمانێکی تەندروستی تێدابوو بە ناوی تڕامادۆڵ هونەرمەند ماجد عبدالحمید لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت .” گومبەدەکە لە فەڵەستیندا بەتەواوەتی بەبت کراوە و دەپەرسترێ، ئەم گومبەدە بۆ فەڵەستینیەکان یەکێکە لە ئاماژەکانی بەدەوڵەت بوون. وێنەکەی لە سەر کلیلەکان و سەندوقی کلێنسەکاندا چاپ دەکرێت. کاتێک کە سەرۆک لە تەلەفزیۆنەوە قسەدەکات، وێنەیەکی ئەم گومبەدەی لە تەنیشتدا دەبێت’. هەروەها دەڵێت’ لەلایەکیتریشەوە، فەزاحەتێکی گەورە لەسەر دەرمانی تڕامادۆڵ هەیە بەتایبەت لە شاری غەززەدا، لەبەر ئەوەی پیاوان هەڵدەستان بە تێکەڵکدرنی ئەم دەرمانە لە گەڵ حەبی ڤیاگرا لە پێناو درێژکردنەوەی ماوەی چاڵاکی سێکسی،’ بۆیە ئەو دەڵێت’ ئەمەش ڕێگەیەک بوو بۆ بەیەکەوە کۆکردنەوەی پیرۆزی و بێ ئابڕوویی’. ئەم زنجیرە کارە هونەریە ئیلهامی لەم کارە هونەریە دەستیانە وەرگرتووە کە لە لایەن بەندکراوەکانی زیندانەکانی وڵاتی ئیسرائیلەوە بەرهەم هێندراون.’ ئەم هونەرمەندە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت’ زۆرێک لەم زیندانیانە پەیکەری بچکۆلەیان لەم گومبەدانە دروستکردوە و بۆ دایک و باوکی خۆیانیان ناردوون.
کاری هونەری پێشوتری ئەم هونەرمەندە وەک قوتابیەکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر، لە فەڵەستین؛ و دواتریش وەک قوتابیەکی نیشتەجێ لە شاری هونەر لە پاریس(٢٠٠٩) هەروەها وەک قوتابیەکی قۆناغی بەکالۆریۆس لە ئاکادیمیای مالمۆ بۆ هونەر لە سوێد (٢٠١٠) جەختی کردەوە لە سەر بەرهەم هێنانی کاری هونەری بارگاوی بە ڕەهەندی سیاسی بەبێئەوەی بە ڕوونی کەسێکی سیاسی بێت. بەهەمان شێوە لە زنجیرەکاری هونەری تایبەت بە سوریاشدا، هونەرمەند ماجد عبدالحمید بە ڕوونی هەڵوێستە سیاسیەکانی خۆی پێوە دیار بوو، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستە سیاسیەکانی بەهیچ جۆرێ کارناکەنە سەر کارە هونەریەکانی. ئەو بەم بۆنەیەوە دەڵێت ‘ من لە یەکێک لە دربڕینەکانمدا لە سەر جەنگ و ململانێی سوریا نووسیومە کە ئەمە شۆڕشە و بەهیچ جۆرێک شەڕی ناوەخۆ نییە.’ لەهەمانکاتیشدا ئەو هونەرمەندە دەڵێت’ بەڵام من هونەری بەرهەڵستکاری بەرهەم ناهێنم’.
لە دونیایێکی لێوانلێو لە وێنەدا، زۆر ئاسانە کە ببیتە کەسێکی ناشرین و نەخوازراو لە وێنەگرتنی جەنگ و ئێش و ئازارەکانی خەڵکدا. بەتایبەتیش، جەنگی سوریا کە وەک ‘بەرنامە ترسێنەرەکەی ترومان نماییشکراوە، ئەمە یەکێکە لە بەرنامە تەلەفزیۆنیە بەردەوامە واقیعیەکان بۆماوەی ٦ساڵ و لەسەر ئاستی جیهانیدا بینەرێکی زۆری هەیە بەدرێژایی رۆژ لە هەفتەدا لە سەر ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی یوتیوب، فەیس بووک، تویتەر، سکایپی، واتس ئاپ و ڤایبەر. ‘ بەم شێوەیە ئەوانە هەوڵدەدەن کە جەنگ و ململانێکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر لە چاو بگوازنەوە بۆ هەستەوەرەکان. لە ٦ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦، ڕۆژنامەنووس لەیس دویست هەڵسا بە پۆستکردنی تۆمارێکی دەنگی یەک خولەکی و تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە سەر پێگەی خۆی لە تویتەر، بەناوونیشانی ‘دەنگی تۆپباران لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، لە تاریکە شەوێکی ساردی زستاندا بەدرێژایی شەو.’بێدەنگیەک باڵدەکێشیت تاوەکو لە ناکاو، بۆماوەی ١٥ چرکە دەنگی سارۆخ دێت لە ناو تاریکایی ئەم شەوەزەنگەدا. دوای ئەمە دەنگی تەقینەوەیەک دێت، کە زۆر بەهێواشی بەناو گرمە گرمی شەوەزەنگدا بڵاو دەبێتەوە. لە نێو ئەم شارەدا کە نزیکەی ٢ ملیۆن کەسی لەخۆی گرتوە تەنها چەند ڕووناکیەکی زۆرکەم لە شەقامەکاندا دەبیندرێن، لەم شەوە تاریک نووتەکەی مردنەدا ناتواندرێت هیچ شتێک بەباشی ببیبدرێت. تەنها و تەنها دەنگ شایەدی ئەم توندوتیژیەیە کە باڵی رەشی بەسەر ئەم شارەدا کێشاوە.
هەروەها ماجد عبدالحمید هەم دەنگ و هەمیش بێدەنگی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە تیشک بخاتە سەر ترس وتۆقینی جەنگ. لە یەكێک لە نەخشاندنەکاندا کەتایبەتە بە یەکێک لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازیەکان لە شاری دەرعا لە ساڵی ٢٠١١. کەسێک بەسەر ئەرزدا کەوتوەو بەهەردووک دەستی گوێیەکانی خۆی گرتووە لەکاتێکدا کە سوپا تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات. ئەم روخسارە سپی و ناڕوونە و ئەم دەستانە بووکەڵە نمایشکەرەکانی مالیڤیتشمان بیردەهێننەوە. سێ لاکێشەی رەنگکراو بەڕەنگێکی زۆر ئاڵەوە دەوری جەستەی مرۆڤرکەیان داوە. ئەم باکگراوندە سادەیە زیاتر جەخت لە سەر جەستەی مرۆڤەکە و کردەی فیزیکی کەوتنی جەستەکە بەسەر دەموچاودا دەکاتەوە. دەستەکان دەنگەکە دەبڕن وەک جۆرێک لە بەرگریکردن لە خود، بەڵام لەهەمان کاتیشدا وەک رەتکردنەوە و دەربڕینی ناڕەزایی: ئەم ئاماژەیە جیهان بێدەنگ دەکات، هەروەک چۆن نەخشاندنەکەش هیچ وردەکارەیەک لە سەر شوێنی ڕووداوەکە بەدەستەوە نادات. لەم وێنە بێدەنگ و ڕەنگاوڕەنگەدا، بینەر هیچ وێرانکاری و ئاسەوارێک نابینێت ، بەڵام ڕەنگە گوێی لێ ببێت.
هەروەک زانیمان کە بابەتی سەرەکی کارەهونەریەکەی هونەمەند بریتیە لە تووندوتیژی، ئازارکێشان و جەنگ. دەتواندرێت ئەم هەڵخەڵەتاندنە هونەریە بۆ ئەم نەخشاندنە رەنگ ئاڵە و موجەڕڕدەی نەخشاندنەکان وەک گیروگازێکی هونەرر سەیربکرێت. هونەر مەند دەڵێت’ من زۆر بەحەزەرم لەبەر ئەوەی من نامەوێت لە نێو وێنەکاندا جۆرێک لە بێنرخی و بێمانایی هەبێت’. ئەو جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو وەک هونەرمەندێک بریتیە لە وەی کە کاری هونەری جوان بەرهەم بهێنێت. سەبارەت بە جوانی، هونەرمەند دەڵێت’ مەبەستی من لە جوانی ئەو جوانیە تاک رەهەندیەی نێو وێنەیەکی جوان لەگەڵ رەنگی جواندا نیە،’ هونەرمەند درێژەی پێدەدات و دەڵێت ‘بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە کە چرکەساتێک وەرگرم ، و دواتریش ئەم چرکەساتە بوەستێنم، و لەبەریەکی هەڵوەشێنمەوە. من بۆخۆم کۆمەلێک ڕێگا دەدۆزمەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوی وێنەکان بونیاد بنێمەوە، هەروەها بۆ ئەوەی ئەم رەنگانە بونیادبنێمەوە کە ئارەزویان دەکەم وەک پەمەیی، شین، زەرد، دواتر لەسەر لەنوێ دەستنیشانیان بکەمەوە. ئەوانە ڕەنگی مننن. لەم پێناسەیەدا، جوانی چەمکێکە کە دەتوانێت رەهەندە سیاسیەکانیش لە خۆ بگرێت .’ دۆزینەوەی جوانی لە نێو چرکەساتی ترس و تۆقین دا کاتێکی زیاتری دەوێت لە تیشک خستنە سەر ترس و تۆقین خۆی.’ ئەم هونەرمەندە دەڵێت’ گواستنەوەی مردن بەبی ئەوەی کە بۆ رەنگی رەش چۆک دابدرێ بۆ خۆی جۆرێکە لە جۆرەکانی بەرگریکردن.’
ووشە سازی: له ما شه هادی.