هونەرمەند لەتیف ئەلعانی (لەدایک بووی ساڵی ١٩٣٢) بە باوکی دامەزرێنەری هونەری فۆتۆگرافی عێراقی دادەندرێت و ئەزموونە دۆکیۆمێنتاریە گەورە و بەرفراوانەکەی لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە درێژ دەبێتەوە تاکو کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی هەمان سەدە، کاتێک کە وایلێهات چیتر ئیمکان نەبوو وێنەی فۆتۆگرافی گشتی بگیرێت بەهۆی سەرهەڵدانی کەشێکی دیکتاتۆریانەی ئامێزان بە ترس و تۆقاندن لە لایەن ڕژێمی سەددام حسێن هەروەها شەڕی عێراق و ئێران. هونەرمەند لەتیف ئەلعانی کە کاری لە گەڵ گۆڤاری پێتڕۆلی عێراقی دەکرد یەکەمین فۆتۆگرافەری عێراقی بوو لە ئاسمانەوە و لە سرپشتی فڕۆکە بچوکەکان و هەلیکۆپتەرەکاندا وێنەی دیمەنەکانی عێراقی دەگرت. دوالیزمەیی و ئیزدیواجیەتی بیرکردنەوە بووە بەهۆی دەرکەوتنی هەریەک لە ئاراستە مۆدێرنەکان و دەستگرتن بە نەریت و بابەتەکۆنەکان لە نێوکارەکانی هونەرمەند لەتیف ئەلعانیدا و پێشانگای بەشی وڵاتی عێراقیش هەڵدەستێت بە تیشک خستنە سەر ئەزموونی سەردەمی هەرە زووی کارەهونەریەکانی ئەم هونەرمەندە.
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە چاوپێکەوتنێک لەگەل هونەرمەند لەتیف ئەلعانی کە لە لایەن سەرۆکی رێکخراوی ڕوئیا خاتو تامارا چەلەبیەوە ئەنجام دراوە. تەواوی چاوپێکەوتنەکە، کەتیایدا هونەرمەند لەتیف ئەلعانی باس لە هەریەک پێشانگاکەی خۆی لە وڵاتی ئەمەریکا و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ئەڵمانیا دەکات. لە سەر کەتەلۆگی پێشانگای جوانی شاراوەدا بەردەستە، ئەم کەتەلۆگە لە لایەن مۆسیەوە(Mousse) بڵاوکرایەوە.
بەرێزت چۆن بوویت بە هونەرمەندێکی فۆتۆگرافەری ئاوا لێهاتو و دەست ڕەنگین؟
بۆ من هونەری فۆتۆگرافی یەکێک بوو لە خەون و هیوایەتەکان. لەکاتی خۆیدا فۆتۆگرافەرێکی جولەکە هەبوو ناوی نیسان بوو، ئەو ستۆدیۆی هەبوو. ئەو فۆتۆگرافەرە جولەکەیە هاوسێی براکەی من بوو لە شەقامی موتەنەببیدا. من لەو کاتانەی کە هاوکاری براکەمم دەکرد لە دوکانەکەیدا هەمیشە سەردانی ئەم فۆتۆگرافەرە جولەکەیەم دەکرد. ئەو فێری کردم کە چۆن کامیرای خێرا بەکاردەهێندریت و کۆمەڵێک ڕێنمایی و سەرنجی باشی پێدام. دواتر کاتێک براکەم هەستی کرد کە من چەندە تامەزرۆم بۆ ئەم کارە، کامیرەیەکی بۆکڕیم و ئەمەش یەکەمین کامیرەی من بوو. کامیرەکە بایی دینارو نیوێکی عێراقی ئەوسا بوو، ئەمە لە ساڵی ١٩٧٤ بوو. من دەبێت ئەوکات پانزەساڵان بووبێتم. کامێراکە لە جۆری (کۆداک بۆکس) بوو. ئەم کامیرەیە هەمیشە لە لام بوو. یەکەمین وێنەکانم کۆمەڵێک وێنەی ژیان بوون: دارخورماکان، درەخەتەکان، روخسارەکان، خەڵکی لە سەربانی ماڵەکانیان. ئەوسا هونەری فۆتۆگرافی لە عێراقدا کارێکی زۆر نوێ بوو. هاوڕێیەکم هەبوو ناوی عەزیز عەجەم بوو، کە لە گۆڤاری ئەهلی نەوت (گەلی نەوت)دا نووسەر بوو.ئەوان بەدوای کەسانی بەئەزمووندا دەگەڕان و منیش داواکاری دامەزراندنم لەم گۆڤارە پێشکەش کرد. جاك پێرسیڤاڵ منی دامەزراند. من لەوێدا هەمووشتێک فێربووم. ئەو سەرۆکی من بوو، مامۆستای من بوو هەروەها باوکی رۆحی من بوو. لە کاتێکدا کە گەنج بووم باوکم مرد. کاتێک جاکیش مرد، من یەکێک بووم لە هەڵگرانی تەرمەکەی، چونکە ئەمە یەکێک بوو لە هیوایەتەکانی ئەو.
کاتێک کە بە نێو زوومی کامێراکەدا دەگەڕێیت هەست بەچی دەکەیت؟
من هێندەم سەبر نەبوو کە چاوەڕێی فیلم بکەم کاری خۆی بکات، لە بەر ئەوە من دەمزانی کە دەرەنجامەکەی [ … ].
هەستت چۆنە بەرامبەر بە بریتانیەکان لە نێو گۆڤاری’ گەلی نەوتدا’؟ بەتایبەتیش لەو کەش و هەوایەی کە لە عێراقدا هەبوو لە سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتی و چەکەرەکردنی هەستی دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم؟
من زۆر هەستم بە ئاسودەیی کرد لە نێو گۆڤاری ئەهلی نەوتدا. ئەوان زۆر بەباشی مامەڵەیان لەگەڵدا کردم. هەستم بە هیچ شتێکی نایەکسان و نائاسایی نەکرد.[…] جاک پێرسیڤال هەوڵیدەدا کە هەموو ئەم شتانەم فێربکات کە خۆی دەیزانی. رۆژێکیان من و ئەو لە ئۆفیسەکەی جاک پێرسیڤالدا دانیشتبووین و کتێبێکی زۆر گەورەی سەبارەت بە هونەری فۆتۆگرافی هەبوو. بەمنی وت “لەتیف من لە عێراق ناچمە دەرەوە بەرلەوەی هەمووشتێکی نێو ئەم کتێبەت فێربکەم”. ئەو هەستی بەتامەزرۆیی من دەکرد بۆ هونەری فۆتۆگرافی و ئەم هەستەی بەڕوونی لەمندا بەدیدەکرد. ئەو منی بۆ گەلێک سەفەر دەبرد بۆ ئەوەی چاوەکانم بکرێتەوە؛ هەروەها زۆر هاوکاری کردم لە کەمکردنەوەی ماوەی خزمەتی سەربازیەکەم بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر سەفەری لەگەڵدا بکەم.[…]
ئەوسا مومارەسەکردنی هونەری فۆتۆگرافی لە ئاسمانەوەی کارێکی زۆر نوێ بوو لە وڵاتی عیراقدا. ئەم ئەزموونە بۆ ئەوسا چۆن بوو؟
[…] لە خاڵێکەوە، حکومەتی عێراقی دەیەوەیست کە پروپاگەندە بۆ فڕۆکەی نوێی تریدێنت بکات. ئێمەش بڕیارماندا کە باشترین ڕێگە بۆ ئەم بانگەشەیە ئەوەیە کە وێنە بگرین لەکاتێکدا بەسەریەکێک لە سیما هەرەدیارەکانی شاری بەغدادا دەسوڕێتەوە، ئەم سیمایەش مەزاری موسا کازم بوو کە لە کەناری شاری بەغدا بوو، ئەم مەزارە دوو گومبەدی هەبوو. ئەمە بیرۆکەی جاک جاک پێرسیڤال بوو. ئێمە چوینە نێو فرۆکەی گۆڤاری گەلی نەوتەوە بۆ ئەوەی وێنەکان بگرین. لە ئاسمانەوە شتەکانم بەشێوازێکی جیاوزتر بینی.[…] ڕەنگەکان جیاوازتر بوون . جیاوازی نێوان جوان و ناشیرینم بەشێوەیەکی زۆر ڕوونتر بینی. هەموو شتێک زۆر ڕونتر بوو نەدەکرا هیچ شتێک شاراوە بێت.
ئایا هیچ وێنەیەکت هەیە کە بەلاتەوە زۆر دڵگیر بێت؟
ئەم وێنەیەم لە سالێ ١٩٥٥ گرت لە کەنارەکانی شاری دیمەشقدا،غوطە- دیمشق، وێنەکە لە بەرەبەیاندا بوو.[…] من لە بەجێگەیاندنی ئەرکێکدا بووم بۆ گۆڤاری گەلی نەوت لە وڵاتی سوریا.
ئایا ئەگەر لە ئێستاشدا و لە ساڵی ٢٠١٥دا وەک فۆتۆگرافەرێک کارت بکردبووایە، چۆن چۆنی مامەڵەت لەگەڵ عێراق و جیهاندا دەکرد؟ ئایا لە ئەمڕۆدا چ شتێک بۆ کاری فۆتۆگرافی ڕایدەکێشایت بەبەراورد لەگەڵ ئەم سەردەمەی کە ئێوە تیایدا کارتان دەکرد؟.
لەم بڕوایەدا نیم کە بتوانم لە ئێستا دا وێنەی هیچ شتێک بگرم. لەئێستادا هیچ شتێکی جوان بوونی نیە. پێویستە ئەوە بزانین کە جوانی هەر لە بینیندا نیە بەتەنها؛ بەڵکو جوانی لە مامەڵەکردن لە گەڵ مرۆڤەکانیشدا هەیە لە سەر شەقامەکان. ڕەنگە لە دەرەوەی عێراقدا بتوانم وێنەبگرم. […] لە ئێستادا من زۆر سەرسامم بە کات و خێرایی لە گەیاندنەوە، یەک وێنەی خێرا خەبەردارت دەکاتەوە کە لە ئێستادا لە چ شوێنێکی دیاریکراوی دونیادا چی دەگوزەرێت.[…] ئێستایشی لەگەڵ دابێت من وێنەکانی نیل ئارمیسترۆنگم بەبیردێنەوە کە لە ساڵی ١٩٦٩دا لە لایەن ئاژانسی ئەسۆشیتدپرێسەوە لە ڕیگەی شەپۆلی رادیۆییەوە دەنێردران. ئەم وێنانە لەوکاتدا بە وێنەی زۆر خێرا لەقەڵەم دەدران. ئێمە وێنەکانمان چاپدەکردن و لە مەیدانی تەحریردا نماییشمان دەکردن. ئێمە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی تەحریردا ناوەندێکی بڵاوکردنەوەمان هەبوو، بۆ بڵاوکردنەوەی دواهەمین هەواڵەکان هەڵواسینیان بۆ ئەوەی ئەم خەڵکەی بەوێدا ڕەتدەبن بیان خوێننەوە. […].
ئایا ئەم شوێنە شوێنێکی فەرمی حکومەتە بۆ پڕوپاگەندە؟ ئەگەر وایە، وێنە فۆتۆگرافیەکانی تۆ چۆن دەگونجان لەگەڵ ئەم شوێنە فەرمیانەدا؟
بەدرێژایی ماوەی کارکردنم بۆ دەوڵەت – سەرەتا لە وەزارەتی کار و دواتریش لە ئاژانسی هەواڵی عێراقیدا- وڵات دووچاری كۆمەڵێک گۆڕانکاری ئایدیۆلۆژی بوویەوە کە زۆربەیان دژبەیەکتری بوو. من تەنها هەوڵمدا کە پیادەی سیاسەتی گشتی ئەم یان ئەو ماوە زەمەنیەبکەم کە ئەوان دەیانەویست. بۆنموونە، دوای هەڵگیرسانی شوڕشی ساڵی ١٩٥٨، دەوڵەت لە ڕووی ئایدیۆلۆژیەوە دەوڵوتێکی سۆشیالیستی بوو و ئامانجی ئەوە بوو کە بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکاران بپارێزێت، بۆیە من وێنەی ئەو کارگانەی کە هەبوون، کرێکاران، جوتیاران و وێنەی تری لەم شێوەیەم دەگرتن. دوای ساڵی ١٩٦٣ ش، حکومەتەکە حکومەتێکی نەتەوەیی بوو ئەوان زۆر گرینگیان بە فۆرمە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی دەدا، لەبەرئەوە تەرکیزی من زیاتر لە سەر کەسایەتیە سیاسیەکان، کۆڕ و کۆمەڵەکان و وتارەکان، جوڵەکردن ڕووەو ڕۆژنامەوانی. ئەوان زۆر حەزیان بەوەدەکرد کە پڕۆژەکانیان نیشان بدرێن، بۆنموونە وەک نماییشکردنی وێنەیان لە کاتی دابەشکردنی خۆراک بەسەر خەڵکی هەژاردا. زیاتر لەمەش من هیچ کات ئەم شتانەم لەبیرنەدەکردن کە دەمزانی جێگەی سەرنجن، ئەم وێنانەی کە زۆر حەزم لێیان بوو[…] دوای ساڵی ١٩٦٨، چاودێریکردن لە سەر کارەکان بەگشتی زۆر بەخێرایی ڕووی لە هەڵکشان کرد. […] سەرۆک دەیەوێت وێنەیەکی زۆر شازی بگیرێت و بڵاو بکرێتەوە.[…].
ئاماژە بە یەکێک لە وتەکانی نووسەر و ڕۆماننووس فڕانز کافکا دەدرێت کە دەڵێت” ئێمە وێنەی شتەکان دەگرین بۆ ئەوەی لە هزر و خەیاڵی خۆمان بیان هێنینە دەرەوە. چیڕۆکەکانی من ڕێگایەکن بۆ داخستنی چاوەکانم” ئایا هیچ کات ویستووتە شتێک ڕووداوێک لەڕێگەی وێنەی فۆتۆگرافیەوە لە بیر و خەیاڵی خٶت فڕێدەیتە دەرەوە؟
بەپێچەوانەوە، من وێنەی شتەکان و ڕووداوەکان دەگرم بۆ ئەوەی هەمیشە لە هزر و خەیاڵمدا بمێننەوە.
تەواوی چاوپێکەوتنەکەی هونەرمەند لەتیف ئەلعانی لە نێو کەتەلۆگی پێشانگای جوانی شاراوەدا هەیە، کە لەلایەن ‘مۆس’ەوە بڵاوکراوەتەوە.